وەزارەتی ئەوقاف بێلایەنە؟

لە هەولێر و دهۆک لادانی مامۆستایانی ئاینی لە وتاربێژیی زیادیكردووە

08:13 - 2022-03-30
ڕاپۆرت
656 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: رەوەست نەوزاد- هەولێر

ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی ئاماژەکردنی مامۆستایانی ئایینی و وتاربێژانی هەینی بە قسەی هەق و وەستانەوە لە دژی گەندەڵی و نادادپەروەریی و كەمی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان لە مینبەری مزگەوتەكانەوە، هەندێک مامۆستای ئایینی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك و دەوروبەریان، لەلایەن ئیدارە خۆجێیەکانی زۆنی زەردەوە تووشی دەستگیركردن و سوكایەتی پێكردن و رفاندن و تەنانەت تیرۆرکردنیش بوونەتەوە و سادەترین رێوشوێنیش لەبەرامبەریاندا لە كارلادان رێگری لێکردنیانە لە وتاربێژیی نوێژی هەینی كە تادێت ئەو رێوشوێنانە بەرەو زیادبوون دەچێت.
 ئەوەی جێگای سەرنجیشە وەزارەتی ئەوقافی هەرێم  هیچ بەرگرییەك لەو مامۆستا ئاینییانە ناكات.


دەنگی ناڕەزایی مامۆستایانی ئاینی کپ دەکرێت
لەو بارەیەوە د. ئیدریس كاریتانی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی (ئەڵلاهو ئەكبەر) لە شاری هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە هەر كۆمەڵگەیەكدا ئەرکی ئەوانەیە کە پێشەنگن بەپێی توانا بەرگریی لە هەق و راستی بكەن و دژی گەندەڵی و نادادپەروەریی و خراپەكاری و لادانی كۆمەڵگە بوەستن، وتیشی: مامۆستایانی ئایینی بەحوكمی ئەوەی میراتگری پێغەمبەرن، دەبێت ئەو کارە بکەن، ئێستاش یەكێك لەو توێژانەی كە قوربانیی بۆ میللەت و نیشتمانیان دەدەن مامۆستایانی ئایینین. 
حکومەتی هەرێم دەیەوێت پەردەپۆشی گەندەڵیی بە دروستكردنی هەندێك كێشە و ئەو دەنگە ناڕازییانە کپ بکات کە داوای مافی خەڵكی دەكەن.
ئاماژەشی بەوە دا کە وەزارەتی ئەوقاف هاوكار نییە لەگەڵ مامۆستایانی ئایینیدا و وتی: ئەو وەزارەتە زیاتر پشتگیریی لەو مامۆستا ئاینییانە دەكات كە دەست لەسەرسنگن یان بێدەنگن بەرامبەر ئەو هەموو نادادپەروەری و خراپەكارییانە. جەختیشی کردەوە کە ئەوقاف نەیتوانیووە بێلایەنیی خۆی بپارێزێت وەک دەزگایەکی دەوڵەتی، چونکە ئەوەی خەڵكی خۆیان بێت و لە حزبت دەسەڵاتدارەوە نزیک بێت، هەموو کارئاسانییەکی بۆ دەكەن و پشتگیریی دەكەن ئەوەی بە دڵیشیان نەبێت سزای دەدەن.

مامۆستایانی ئایینی هەوێنی پێكەوە ژیانن
د. ئیدریس كاریتانی ئەوەشی روونکردەوە کە بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان مامۆستایانی ئایینی بوونەتە هەوێنی پێكەوە ژیان و لێبوردەیی و هۆكاری سەرەكیش بوون لە دژایەتی تیرۆر و توندڕەویی هەر لە داعشەوە تا گروپە توندڕەوەكانی تر، مامۆستای ئاینی كورد هەموویان لە خزمەتی میللەت و نیشتمانی خۆیاندان، بەڵام هەریەکە و بە گوێرەی کارەکەی خۆی و ئەرکی ئێمەیە دژایەتی گەندەڵی و نادادپەروەریی بکەین و رێنمایی و هۆشداریی بدەین خەڵک و دەسەڵاتدارانیش.
لەبارەی دەستگیرنەكردنی بكوژانی مامۆستایانی ئایینیش لەهەولێر ، د. كاریتانی دەڵێت: یاسا بۆ ئەو كەسانە جێبەجێ دەکرێت كە هەژار و بێدەسەڵاتن، ئەگەرنا ئەوانەی كە دەسەڵاتدارن چاوپۆشییان لێدەکرێت چونکە دادگاکان بەشی زۆریان بەگوێرەی مەیلی حزبی دەسەڵاتدار یاساکان جێبەجێ دەکەن.
ئەو مامۆستا ئایینییە روونیشیکردەوە کە ئێستا بە ژمارە نازانێت چەند مامۆستای ئایینی لە وتاربێژی لابراون، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لادراون، بۆ نموونە مامۆستا مەلا شێرزاد 21 ساڵ دەبێت لەوتاردان لادراوە، مامۆستا مەلا زرار زیاتر لە 17 ساڵە لادراوە، بەڵام بەلایەنی كەمەوە لەوانەیە تائێستا نزیكەی 50 مامۆستای ئایینی لە وتاردان لە مینبەرەکان دوورخرابنەوە تەنها لەبەر ئەوەی دژایەتی گەندەڵی  ئیدارەیەكی دارایی قسەیان کردووە و رێنمایی و ئامۆژگاریی خەڵک و حکومەتیان کردووە بۆ دوورکەوتنەوە لە گەندەڵی و نادادپەروەریی.

 

دژایەتی حەقبێژان
لەلایەکی دیکەوە مامۆستا مەلا سابیر گرتكی، کە پێش نوێژو وتارخوێنی مزگەوتی باری بوو لە قەزای سۆران و لەساڵی 2020 لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە، دەڵێت: بەداخەوە لەمێژە دژایەتیی مامۆستایانی ئایینی حەقبێژ دەكرێت، بۆیە چەند ساڵێكە لە زۆنی زەرد سوكایەتی پێكردن و لادان لە وتاردان و توندوتیژی بەرامبەر مامۆستایانی ئایینی زیادیكردووە كە بەلای ئێمەوە كارێكی زۆر ناپەسندە، بە تایبەتی كە مامۆستایانی ئایینی میراتگری پێغەمبەرانن.

یاسا كاری خۆی ناكات
هەروەها دەڵێت: مامۆستای ئاینی لەسەر قسەی هەق خوێنیان دەڕێژرێت كەچی بكوژانیان سزانادرێن، چونكە یاسا كاری خۆی ناكات و كەیسەكان بەلاڕێدا دەبرێن كە ئەمەش بە پێچەوانەی یاسای خودایی و یاسای دونیاشە كە بەڕای من كوشتنی مامۆستایانی ئاینی كوشتنی پێغەمبەرانە، بۆیەش تاوانباران دەستگیر ناكرێن، چونكە خەڵكی بەهێز و دەستڕێشتوو دەستی لەو تیرۆركردنانەدا هەیە كە بكوژەكان زۆر لە یاسا بەهێزترن.
مامۆستا سابیر پێیوابوو کە ئەوانەی سوكایەتی بە مامۆستایانی ئایینی دەكەن، بێگومان بەهێز و دەسەڵاتدارن و بەردەوام هەوڵدەدەن دەنگە ناڕازییەكان سەركوت بكەن، ئەو دەیوت: هەر مامۆستایەكی ئاینیش باسی خراپەی حكومەتی كرد نابێت لاببرێت لە كارەكەی و مەرجیش نییە كاتێك باسی گەندەڵی و نادادی بكات ئەو مەلایە دژی حكومەت بێت كە بەپێچەوانەوە مامۆستاینی ئایینی خۆیان بە خەمخۆری ئەم گەل و وڵاتە دەزانن، بۆیە ئەوان دەستنیشانی كەموكوڕییەكان دەكەن، زۆر هەڵەیە مامۆستایەك لەسەر وتارێك یان قسەیەك لە سەر مینبەری مزگەوت لاببرێت، چونکە دەبێت سەرەتا مامۆستاكە بانگ بكرێت و قسەی لەگەڵدا بكرێت، ئەگەر هەر وازی نەهێنا، ئەوكات بگوازرێتەوە بۆ شوێنێكی تر كە بەداخەوە زۆرجار لادان دەبێتە كێشەی كەسی و بنەماڵەیی و تووڕەیی تاكەكەسی دەستڕۆیشتوو.

ئەوقاف خۆی مامۆستای ئایینی لادەبات
لەبارەی وەزارەتی ئەوقافەوە گرتكی دەڵێت: پێویستە ئەو وەزارەتە بەو شتانەدا بچێتەوە نەوەك بە ئاماژەی راپۆرتێكی حزبی بڕیاری لادان دەربكرێت یا بە تەلەفۆنێك پێت بڵێن تۆ لادراوی كە ئەوقاف خۆی مامۆستای ئایینی لادەبات، لەسەركار و خۆشی دەیانگێڕێتەوە، كە بەداخەوە ئەگەر مامۆستایەك حزبی بێت، قسەش بكات زۆر بەكەمی لادراوە كە وەزارەتی ئەوقاف هەموو شتێكی لای خۆی قۆرخكردووە لەجیاتی پاڵپشتی لە مامۆستایانی ئایینی، كێشە و گرفتیان بۆ دروستدەكات.
ئەو مامۆستا ئاینیە باسی شێوازی لادانی خۆی دەكات و دەڵێت: كاتێك لادرام بە رەسمی یا بەڕاشكاوی بەمنیان نەوت كە تۆ لەسەر ئەو قسە و وتارە لادراویت، بەڵكو شەو بە تەلەفۆنێكی بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران لادرام كە ئەوەی من زانیومە هۆكارەكەی بۆ مەبەستی كەسی دەگەڕێتەوە كە لەلایەكی ترەوە دەڵێن ئێوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك قسەتان كردووە یان باسی ئەو شتەتان نەكردووە كە ئێمە وتومانە كە ئەمانە هەمووی بەهانەی لاوازن.
بەوتەی مامۆستا سابیر گرتكی پارێزگای هەولێر پشكی شێری بەردەكەوێت لە لادانی مامۆستایانی ئایینی لەسەر كارەكەیان و وتی: من بە دروستی نازانم ژمارەی مامۆستا دوورخراوەکان لە وتاردان چەندن، بەڵام ئەوەی بە ناڕەسمی زانیومە كۆی گشتییان نزیكەی 96 مامۆستای ئاینییە.

#مامۆستایانی ئاینی

بابەتە پەیوەندیدارەکان