روونکردنەوەیەک لە هێزەکانی کۆماندۆی کوردستانەوە

11:40 - 2022-09-13
کوردستان
671 جار خوێندراوەتەوە

ئێوارەی دوێنی هەریەکە لە رزگار محەمەد ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و كه‌ریم عه‌لی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی بەبێ هیچ نووسراوێکی فەرمی حکومەت و پەرلەمان و بەبێ ڕەزامەندی بەڕێوبەرایەتی مەرزی پەروێزخان رۆشتبونە نێو مەرزەکە، لە کاتی گەڕانەوەیان بە بازگەیەکی هێزەکەمان لە نزیک مەرزی پەروێزخان تێپەڕیبوون کە ئەو رێگایە پێشتر کاری قاچاخی تێدا دەکرا لە لایەن کۆمەڵێک بەرپرسی حزبی و حکومیەوە.
دواتر لە لایەن کارمەندانی بازگەکەوە بەوپەڕی رێزەوە داوای خۆناساندن لە هەردوو ناوبراو کرا، لە وەڵامدا رزگار محەمەد بەکارمەندانی بازگەکەی راگەیاندبوو، کە ئەو پەرلەمانتارە و حەسانەی هەیە و هیچ کەسێک بۆی نییە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات و پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکات لە کاتێکدا کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ لە چەک بوون و جام تاریکبوون ئەمەش لە خۆیدا پێچەوانەی یاسایە.
لە کاتی ئەم گفتوگۆیانەدا پاسەوانەکانی هەردوو ناوبراو بەچەکەوە دابەزیبوون و بەچوار دەوری بازگەکە بڵاوەیان کردبوو و میلی چەکیان بەڕووی هێزەکەمان هێنابویەوە! دواتر لە لایەن بەرپرسی بازگەکە کێشەکە چارەسەر کرا و میوانداری ئەو دوو بەڕێزەو پاسەوانەکانیان کرا و هەر لەوێ و کۆتایی بەکێشەکە هێنرا.
بەداخەوە دوای گەیشتنیان بەشاری سلێمانی هەڵوێستی ئەوان گۆڕا و لەڕێگەی کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە کۆمەڵێک قسەی ناڕاست و تۆمەتیان بۆ هێزەکەمان هەڵبەست لە کاتێکدا ئەو دوو بەرپرسە خۆیان و پاسەوانەکانیان بەشێوەیەکی نایاسایی سەردانی مەرزەکەیان کردبوو، ئامانجشیان روونە کە بۆ کاری گێرەشێوێنی بووە، ئەگەر ئەوان هیچ شتێک لەخۆیان شک نابەن بۆ رێگەیان بەکارمەندانی بازگەکە نەدابوو پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەیان بکرێت؟ 
هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لەسەر راسپاردەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) لەو بازگەیە جێگیرکراون بۆ بنبڕکردنی کاری قاچاخ و نایاسایی بۆیە هەر کەسێک و ھەر لایەنێک بەو بازگەیەدا تێپەڕبێت دەبێت پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکرێت، لامان سەیرە ئەو دوو بەرپرسە کارەکانیان پێچەوانەی یاسا بووە و باسی یاسا دەکەن ئەمەشیان کرد بەکەمپینێک بۆ دەرکەوتن و ناساندنی خۆیان.

هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان
13ی 9ی 2022

#هێزی کۆماندۆی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان