د.ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین*
دەسپێک:
نووسین دەربارەی هەسارەی زەوی هەرگیز تەواو نابێت و ئەم هەسارە شینە نازدارە ئەوەندە گرنگە کە ڕۆژانە چەندین پەڕتووک و دەیان و سەدان وتار بڵاودەبێتەوە و هێشتا دڵۆپێک لە دەریای زانیاری دەربارەی ئەم زەوییە نییە! چەندین پەڕتووک و وتارمان بەزمانی کوردی دەربارەی هەسارەی زەوی نووسیوە و بۆ زیاتر لە دوو دەیەیە لە پەڕتووک و گۆڤار و ڕۆژنامە جیاوازەکاندا بڵاویاندەکەینەوە و بێگومان چەند نووسەرێکی شارەزای تریش لەم ڕووەوە کەمیان نەکردووە و تا ئەم ساتەش بەردەوامن.
ئەوەی دەمەوێت لەم وتارەدا بیخەمەڕوو بریتییە لە شرۆڤەو باسکردنی 18 راستی و دیاردە یان پەنجەرەی زانیاری سەبارەت بەم هەسارەیە و بەساکاری بنووسم و دووربکەومەوە لە زاراوە زەویناسییە تایبەتەکان کە لەوانەیە بۆ خوێنەری گشتی ناوازە بن. واتە وتارێک بێت کە زۆرینەی خوێنەرانی کوردزمان تێیبگەن و پاش خوێندنەوەی بابەتەکە هەسارەی زەوی بناسن و ڕێزی لێ‌بگرن و خۆشیانبوووێت، چونکە دڵنیام ئەگەر زەوی بناسیت؛ خاکەکەی و هەواکەی و ئاوەکەی و ژینگەکەیت خۆشدەوێت . کاتێک ئەوانەت خۆش‌ویست بە دڵنیاییەوە ڕقیشت لە مرۆڤەکان نابێت.
1-زەوی: سێیەم کۆمەڵە بەرد لە خۆرەوە:
ماڵەشینەکەی ئێمە، زەوی، سێیەم هەسارەیە لە خۆرەوە و تاکە جیهانی ناسراو و زانراوە بە پشتگیریکردنی بەرگەهەوایەک کە ئۆکسجینی ئازادی تێدایە، دەریا وئۆقیانوسەکانی ئاوی شل لەسەر ڕووی زەوی لە خۆدەگرێت و بوونی ژیان. زەوی یەکێکە لەو چوار هەسارە وشکاوەکییەی، وەک مێرکوری و زوحەل و مەریخ،کەلەسەر ڕوویان کەڤرەکان هەن واتە ڕووی کەڤریی یان بەردییان هەیە.
زه‌وی یه‌كێكه له‌و هه‌سارانە‌ی كه به‌ده‌وری خۆردا ده‌سووڕێته‌وه و تەنیا یەک مانگی هه‌یه كه بە به‌رده‌وامی به‌ده‌وریدا ده‌سووڕێته‌وه. یه‌كێك له گریمانانه‌ی كه زۆربڵاوه بۆدروستبوونی كۆمه‌ڵه‌ی خۆر بریتییه له گریمانه‌ی سه‌دیمی ( Nebular Hypothesis ) . ئه‌م گریمانه‌یه وابڕواده‌كات كه له‌ئەنجامی چڕبوونه‌وه‌ی هه‌ورێكی سه‌دیمی زۆرگه‌وره‌وه و له‌ئه‌نجامی خولانه‌وه‌ی چڕبوونه‌وه ڕوویداوه‌و هه‌ساره‌كان دروست بوون. نزیكه‌ی 5000 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا هه‌ورێكی گه‌وره‌ی پێكهاتوو له گاز و ده‌نكۆڵه‌ی وردی توخمه‌كان پێكدێت كه له‌ئه‌نجامی چڕبوونه‌وه و كێشكردنی نێوانیان ڕووده‌دات. ورده‌ورده ئه‌م هه‌وره گه‌وره‌یه له‌سووڕانه‌وه به‌رده‌وام بووه و هاتنه‌وه یه‌ك به‌رده‌وام بووه, هه‌روه‌ك چۆن كه‌سێكه خلیسكاو له‌سه‌ر سه‌هۆڵ ده‌سته‌كانی بۆ لای له‌شی ده‌باته‌وه. له‌ئه‌نجامدا هه‌ركۆبوونه‌وه‌یه‌ك شێوه دیسكێك یان له‌پكه‌یه‌ك دروست ده‌كات و هێزی كێشكردن پێكه‌وه‌یان ده‌بەستێت. پاشان داڕمان یان داته‌پینێك ڕووده‌دات و هێزی كێشكردن ده‌گۆڕێت بۆ گه‌رمی, كه‌واده‌كات به‌شی ناوه‌وه پله‌ی گه‌رمی به‌رزبێته‌وه.
دروستبوونی خۆر كۆتایی به قۆناغی چڕبوونه‌وه گه‌رمی كێشكردن دێنێت. نزمبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی وایكردووه كه ورده‌ورده ئه‌و مادانه‌ی پله‌ی گه‌رمی توانه‌ویان به‌رزه بێنه‌وه یه‌ك و پێكه‌وه‌بنووسێن. ماده‌كانی وه‌ك ئاسن ونیكل و ئه‌و مادانه‌ی كه خاوه كه‌ڤر دروستكه‌ره‌كانیان پێكهێناوه وه‌ك سلیكۆن و كالسیۆم و سۆدیۆم ئه‌مانه پێكه‌وه ده‌نكۆڵه‌ی وردی كانزاییان دروستكردووه و له‌خولگه‌یه‌كدا به‌ده‌وری خۆردا ده‌سووڕانه‌وه. بە یەکداكێشانی به‌رده‌وامی ئه‌م ده‌نكۆڵانه وایكردووه ناوكی یان سه‌ره‌تای هه‌ساره‌كان پێكبهێنێت. كه‌ئه‌مه‌ش له چه‌ند ملیۆن ساڵی دوایدا چوار هه‌ساره‌ی ناوه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان پێكهێناوه كه مێركۆری و ڤینۆس و زه‌وی و مارسن. گشت ماده‌كه نه‌چوونه‌ته دروستبوونی هه‌ساره‌كان بۆیه هه‌ندێك له‌ومادانه له‌خولگه‌كاندا ماونه‌ته‌وه تائێستاش هه‌ر له سووڕاندنه‌وه‌دان و جار جار هه‌ندێكیان ده‌یدات به‌زه‌ویدا، ئه‌م ته‌نانه به نه‌یزه‌كه‌كان ناوده‌برێن. هه‌رله‌م كاته‌دا كاتێك هه‌ساره‌كانی ناوه‌وه دروست بوون, هه‌ساره‌كانی تریش ( جوپیته‌ر و ساتورن و ئۆرانۆس و نیپتۆن) , له‌به‌ر دووری ئه‌م هه‌سارانه له‌خۆره‌وه زیاتر له‌ماده‌ی سه‌هۆڵی و ئاو و دوانۆكسیدی كاربۆن و ئه‌مۆنیا و میسان و هه‌روه‌ها پارچه‌ی به‌ردو كانزاكان دروست بوون.
2-زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە:
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی فیزیکی ئەمریکی، زەوی تەنیا ناخولێتەوە: هەروەها بە خێرایی 67 هەزار میل (107 هەزار و 826 کیلۆمەتر) لە کاژێرێکدا بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە. بێگومان ئەم خولانەوەیەش لەگەڵ لاری تەوەرەی زەوی وەرزەکانی ساڵمان بۆ دروستدەکات، واتە ماوەی ساڵێکی دەوێت تا بە دەوری خۆردا یەک سووڕ یان خول بدات، لەم گەشتەشدا هەسارەی زەوی بە نزیکەی 940 ملیۆن کیلۆمەتر دەبڕێت!
ئەستێرەی خۆر بریتییە لە تۆپێکی پلازمای گەرم، کە لە ڕێگەی کارلێکی ناوکیییەوە لە نێو ناوکەکەیدا گەرم دەبێت . ئەم گەرمبوونەش وادەکات کە وزە دەربکات لە شێوەی ڕووناکی و تیشکی ژووروەنەوشەیی و ژێرسوور. بێگومان خۆر بە سەرەکیترین سەرچاوەی وزە بۆ ژیان لەسەر هەسارەی زەوی دادەنرێت. تیرەکەی نزیکەی 864000 میل
( 1039 ملیۆن کم) دەبێت، ئەمەش بەنزیکەی 109 جار هێندەی زەوی دەبێت. بەگشتی سێچارەکی پێکهاتەی خۆر لە هایدرۆجین پێکدێت و چارەکەکەیتریشی لە هیلیۆم ، لەگەڵ هەندیکی کەمیش لە ئۆکسجین و کاربۆن و نیۆن و ئاسن.
هەسارەی زەوی نزیکەی 93 ملیۆن میل (150 ملیۆن کیلۆمەتر) لە ئەستێرەی خۆرەوە دوورە. لەم دوورییەدا، تیشکی خۆر تادەگاتە هەسارەکەمان نزیکەی 8 خولەک و 19 چرکە دەخایەنێت. بۆ زانیاری زیاتر خۆر تاکە ئەستێرەی نێو کۆمەڵەی خۆرە کە لە خۆر و چەند هەسارەیەک پێک دێت.
3-تەمەنی زەوی ملیاران ساڵە:
توێژەران تەمەنی زەوی ئەژماردەکەن بە دیاریکردنی مێژووی هەم کۆنترین بەردەکانی سەر هەسارەکە و هەم نەیزەکەکان کە لەسەر زەوی دۆزراونەتەوە (نەیزەک و زەوی لە هەمان کاتدا دروست بوون، کاتێک کۆمەڵەی خۆر دروست دەبوو). بەپێی ئامارەکانی ناوەندی نیشتمانی بۆ پەروەردەی زانستی ، تەمەنی زەوی نزیکەی 4054 ملیار (بلیۆن) ساڵ دەبێت ( واتە 4540 ملیۆن ساڵ).
4- به‌رگه‌كانی زه‌وی: ئه‌م زه‌وییه‌ی كه ئێمه له‌سه‌ری ده‌ژین، به‌به‌رده‌وامی له جووڵه‌و نوێبوونه‌وه‌دایه‌و له‌لایه‌كه‌وه شاخه‌كان داده‌خورێن و راده‌ماڵرێن و له بنی ده‌ریاكانیشدا نیشتووه‌كان ده‌نیشن و پاشان كه‌ڤره‌كان دروست ده‌كه‌ن.
-به‌رگه‌هه‌وا: مه‌به‌ست له به‌رگه‌هه‌وا ئه‌و به‌شه گازییه‌ی ده‌وری گۆی زه‌وییه, كه گازه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیان بۆ زینده‌وه‌ران دابینده‌كات. نه‌ك ته‌نها كاری ئه‌م به‌رگه‌ئه‌وه‌یه كه گازه‌كانی هه‌ناسه‌دان دابینده‌كات، به‌ڵكو پارێزه‌رێكه بۆ بوونه‌وه‌ران له تیشكه ترسناكه‌كانی خۆر‌و له‌گه‌رمی زۆریشی. ئه‌گه‌ر زه‌وی وه‌ك مانگ، به‌رگه‌هه‌وای نه‌بووایه ئه‌وا نه‌ك ته‌نیا ژیان نه‌ده‌بوو به‌ڵكو زۆرێك له‌كرداره‌كانی وه‌ك كه‌شكاری و ڕاماڵین ڕووینه‌ده‌دا، ئه‌وكات ڕووی زه‌وی وه‌ك ڕووی مانگ ده‌بوو كه نزیكه‌ی له پێش 3000 ملیۆن ساڵه‌وه نه‌گۆڕاوه.
-به‌رگی ئاویی: هه‌ساره‌ی زه‌وی به‌بێ ئاو شێوه‌یه‌كی تری ده‌بوو, بۆیه ئێستا زه‌وی به هه‌ساره‌ی شین ناوده‌برێت. ئاو له به‌رگێكدا جووڵه‌دەكات و سووڕدە‌خوات كه به‌بەرگی ئاوی ناوده‌برێت. ئاو نزیكه‌ی %71 ی ڕووی زه‌وی داپۆشیوه، له‌هه‌ندێكجێگادا ده‌گاته قووڵی 3800م وه‌ك له‌زه‌ریاكاندا. بێگومان ئاو ته‌نیا له زه‌ریاكاندا نییه به‌ڵكو له گشت جۆگه‌و ڕوبارو ده‌ریاچه‌كان و كانییه‌كان و ته‌نانه‌ت ژێر زه‌ویشدا هه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌م به‌رگه و به‌شێكن له‌م به‌رگه ئاوییه‌ی گۆی زه‌وی. كاری ئاو له‌سه‌ر به‌رگه‌كانی تری زه‌وی زۆر چالاكه و ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینێت له‌زۆرێك له‌كرداره زه‌ویناسییه‌كاندا كه له‌سه‌ر و له‌ناوه‌وه‌ی زه‌وی ڕووده‌ده‌ن. زەریاکان نزیکەی لەسەدا 71ی ڕووی زەوی داپۆشیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤەکان تەنیا نزیکەی لەسەدا 20 یان گەڕانیان کردووە یان نەخشەیان بۆ داناوە، واتە زۆربەی زەریا ودەریا فراوانەکانی هەسارەکە هەرگیز نەبینراون. نزیکەی 300 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر تەنیا یەک کیشوەر هەبوو، کیشوەرێکی زەبەلاح یان شاکیشوەر بە ناوی پانجیا ( Pangaea ) ئەمەش واتە تەنها یەک دەریای زەبەلاح هەبووە، بە ناوی پانتالاسا. کیشوەری زەبەلاحی پانجیا نزیکەی 200 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر شکا و لەیەکتر جیابووەوە؛ ئەو زەویانەی کە پانجیایان پێکهێنابوو لە کۆتاییدا بوون بەو کیشوەرانەی کە ئێستادەبینرێن.
-زینده به‌رگ: وه‌ك له‌ناوه‌كه‌یه‌وه دیاره ئه‌م به‌رگه گشت ئه‌و بوونه‌وه‌رانه ده‌گرێته‌وه كه‌له‌سه‌ر زه‌وی هه‌ن, ئیتر له‌هه‌وادابن یان له‌ده‌ریادا یان له‌خاكدا. ژینگه‌ی سه‌ر زه‌وی واڕێك و به سیسته‌مه كه زینده‌وه‌ران به‌ئاسانی ده‌توانن بژین و هه‌ریه‌ك به‌پێی ئه‌و سیسته‌مه‌ی كه هه‌یه‌تی. زینده‌وه‌ران له قه‌باره‌و شێوه‌یاندا یه‌هه‌زاران و بگره ملیۆنان جۆرن و سیسته‌مێكی ئاڵۆزی پێكه‌وه ژیانیان له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی زه‌وی خولقاندووه.
-به‌رگی كه‌ڤریی:به‌رگی كه‌ڤری ده‌كه‌وێته ژێر به‌رگه‌هه‌واو به‌رگی ئاوییه‌وه له هه‌ساره‌كه‌دا. واته له به‌شی رەقی زه‌وییه‌وه ده‌ستپێده‌كات تا ناوه‌ڕاستی زه‌وی. زۆر له‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی ده‌كرێت زیاتر ده‌رباره‌ی دیارده ڕه‌قه وه‌ستاوه‌كانی سه‌رزه‌وییه وه‌ك شاخه‌كان, هه‌رچی ناوه‌وه‌ی زه‌وی كاتێكی زۆری ویست تا بتوانرێت زانیاری ده‌رباره‌ی به‌شی كه‌وڵ و كرۆكی زه‌وی به‌ده‌ست بهێنرێت.
5- چینەکانی زەوی:
توێكڵ : ئه‌م به‌شه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی گۆی زه‌وی و باشترین زانیاری، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی تر، كۆكراوه‌ته‌وه له‌سه‌ری و له نزیكه‌وه كرداره‌كان و كه‌ڤره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی وردیان بۆ كراوه. ئه‌ستووری توێكڵ زۆركه‌مه به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی تر و ته‌نیا 0,2 تا 0,6 ٪ له نیوه‌تیره‌ی زه‌وی پێكدێنێت. زه‌ویناسه‌كان بۆیان دەرکەوتووە كه دوو جۆر له توێكڵ هه‌یه، ئه‌وانیش توێكڵی كیشوه‌ری و توێكڵی زه‌ریای( ئۆقیانوس) یه.
كه‌وڵ : ئەم به‌شه ده‌كه‌وێته نێوان توێكڵ له‌سه‌ره‌وه و كرۆك له‌بنه‌وه. ئه‌ستوری نزیكه‌ی 2885كم ده‌بێت كه ده‌وری كرۆكی داوه. بێگومان ئه‌گه‌ر له‌ڕووی قه‌باره‌وه سه‌یری بكه‌ین ئه‌وا گه‌وره‌ترین قه‌باره‌ی هه‌یه به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی تردا. به‌پێچه‌وانه‌ی توێكڵه‌وه كه‌وڵ به‌زۆری له كه‌ڤری سه‌روومافیكه‌كان پێكهاتووه وه‌ك پێریدۆتایت, كە زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندن به توخمه‌كانی ئاسن و مه‌گنسیۆم و سلیكایان كه‌مه. كه‌واته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه پێریدۆتایت له سه‌ر ڕووی زه‌وی زۆركه‌مه به‌ڵام ئه‌م زه‌وییه‌ی ئێمه زۆربه‌ی له‌و كه‌ڤره پێكهاتووه. له‌باره‌ی چڕییه‌وه بێگومان به‌ره‌و ناوه‌وه زیاد ده‌كات، له 3,5گرام/سم٣ زیاد ده‌كات تا نزیكه‌ی 5,5 گرام/سم٣ له‌بنه‌وه.
كرۆك : لێكۆڵینه‌وه زه‌ویناسییه ورده‌كان ئه‌وه‌یان دیاریكرد كه پێكهاته‌ی كرۆك بریتییه له داڕێژه‌یه‌كی ئاسن( تێكه‌ڵه‌یەك له ئاسن و كه‌مێك ئۆكسجین و نیكل و سلیكۆن و گۆگرد). به‌شی كرۆكی ده‌ره‌وه كه له‌نێوان قووڵی 2900كم بۆ 5155كم دایه و به‌شی كرۆكی ناوه‌وه كه له قووڵی 5155كم وه‌تا ده‌گاته 6371كم. كرۆكی ده‌ره‌وه داڕێژە‌یه‌كی ئاسنی كه چڕییه‌كه‌ی له 10 بۆ 12 گرام/سم٣ ده‌بێت. له‌م به‌شه‌دا پله‌ی گه‌رمی هێند به‌رزه كه په‌ستانێكی یه‌كجار زۆریش توانای هێشتنه‌وه‌ی كه‌ڤر و خاوه‌كانی نییه به ڕه‌قی له‌به‌رئه‌وه‌ی كه شله، واته ئاسنه‌كه ده‌توانێت بڵاو بێته‌وه ، هه‌ر ئه‌مه‌شه كه ده‌بێته دروستبوونی بواری موگناتیسی زه‌وی ( بنواڕە خاڵی 14 لەم وتارەدا).
هه‌رچی به‌شی كرۆكی ناوه‌وه‌یه كه نیوه‌تیره‌كه‌ی نزیكه‌ی 1220 كم ده‌بێت و چڕییه‌كه‌ی 13 گرام/سم٣ ده‌بێت, داڕێژه‌یه‌كی ئاسنی ڕه‌قه كه‌له‌وانه‌یه پله‌ی گه‌رمی بگاته 4300 پله‌ی سه‌دی ( سیلیزی). له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌گه‌رمتره له كرۆكی ده‌ره‌وه كه‌چی ڕه‌قه، چونكه قووڵتره و له‌ڕووی په‌ستانیشه‌وه په‌ستانێكی زۆرتری له‌سه‌ره. ئه‌م په‌ستانه زۆره واده‌كات كه ئه‌تۆمه‌كان لێكدوورنه‌كه‌ونه‌و و به یه‌كگرتووی بمێننه‌وه و ماده‌یه‌كی چڕی به‌رز دروست بكه‌ن. بڕواده‌كرێت كرۆكی ناوه‌وه له‌گه‌ڵ كاتدا زیاتر گه‌شه بكات له‌سه‌ر حسابی كرۆكی ده‌ره‌وه كه زه‌وی به‌هێواشی و له‌سه‌ر خۆ سارد ده‌بێته‌وه.
6- ئایا شا کیشوەر هەبووە؟
وا بیردەکرێتەوە کە کیشوەرەکانی زەوی لە مێژووی 4,5 بلیۆن ساڵەی زەویدا چەند جارێک پێکدادانیان کردبێت بۆ ئەوەی ببنە شاکیشوەر و دووبارە تێکشکاوەتەوە. كاتێك زانای ناوداری ئه‌ڵمانی ئه‌لفرید ڤاگنه‌ر له‌ساڵی 1912 دا به‌وردی له هه‌ردوو لێواره‌كانی زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی كۆڵییه‌وه، پاش كه‌مێك ڕامان بینی كه زۆر له‌ته‌واوكه‌ری یه‌كتری ده‌چن. ئه‌م سه‌رنجه ساكاره بووه هه‌وێنی دانانی بیردۆزه‌یه‌كی گرنگ كه پاشان ناسرا به له‌تبوون یان شكانی كیشوه‌ری. بیردۆزه‌كه‌ی ڤاگنه‌ر ئاماژه‌به‌وه ده‌كات كه كیشوه‌ره‌كان به‌هێواشی و له‌سه‌رخۆ ده‌جووڵێن له‌سه‌ر گۆی زه‌وی و له‌هه‌ندێك شوێندا به‌یه‌كدا ده‌ده‌ن و له‌هه‌ندێك جێگای تردا له‌یه‌كتر دوورده‌كه‌ونه‌وه. له‌ڕاستیدا پاشان به‌وردی ده‌ركه‌وت كه گۆی زه‌وی له‌چه‌ندین بلۆكی كه‌ڤریی گه‌وره پێكهاتووه كه ده‌ناسرێن به پلێت، ئه‌م پلێتانه له‌سه‌ر به‌شێكی نیمچه شل ده‌جووڵێن. جووڵه‌ی ئه‌م پلێتانه ده‌بێته به‌رهه‌مهێنانی هه‌ردوو جۆره‌كه‌ی هێز كه ڕاكێشان و پیاكێشانه له‌یه‌ك كاتدا. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی كه كیشوه‌ره‌كان له كاتێكی ڕابردوودا له ته‌مه‌نی جیۆلۆجی زه‌وی یه‌ك پارچه بوون.
پێش 200 ملیۆن ساڵ له ئێستا گشت كیشوه‌ره‌كان پێكه‌وه نووسابوون و یه‌ك زله كیشوه‌ریان پێكهێنابوو كه‌ده‌ناسرێت به پانجیا (Pangaea )كه‌به‌مانای گشت وشكانی دێت . له‌وكاته‌وه ئه‌م زله كیشوه‌ره تێكده‌شكێت تا كاتی ئێستا كه‌ئه‌وشێوه‌یه‌ی وه‌رگرتووه، ئه‌گه‌ر به‌وردی له‌گۆی زه‌وی وردبینه‌وه ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌زه‌وی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پێكهاتووه له‌چه‌ند پارچه‌یه‌ك كه‌وه‌ك ئاماژه‌م پێدا به پلێت ناوده‌برێت. گه‌وره‌ترینی ئه‌م پلێتانه بریتییه له پلێتی پاسیفیك یان ئارام .
7-زەوی پڕە لە سامان
ئەم دەریا فراوانانەی سەر هەسارەکەمان پڕن لە مادەی بەنرخ و سامانێکی زۆرن لەسەر زەوی و دەوڵەمەندن، بۆ نموونە زیاتر لە 20 ملیۆن تۆن زێڕیان تێدایە! بەڵام کانزاکە ئەوەندە شل بووەتەوە کە هەر لیترێک ئاوی دەریا بە تێکڕا نزیکەی 13 بەش لە بلیۆنێکی گرام زێڕی تێدایە. هەروەها زێڕی نەتواوە لە بەردەکانی بنی دەریادا شاردراوەتەوە، هەرچەندە هیچ ڕێگەیەکی کارا نییە بۆ گەیشتن بەو کانزا بەنرخە بەڵام ئەگەر بتوانین هەمووی دەربهێنین، هەر کەسێک لەسەر زەوی دەتوانێت 9 پاوەند لەو کانزا بریقەدارەی هەبێت ( National Oceanic and Atmospheric Administration
) . بۆ زانیاری زیاتر بگەڕێوە دوو وتاری نووسەر کە تایبەت بە زێڕە و لە لیستی سەرچاوەکان ئاماژەیان پێدراوە.
8-هەسارەکە کارەباییە
هەورەگرمە و هەورە بروسکە لایەنی توندتری هەسارەکەمان ئاشکرا دەکەن. یەک لێدانی بروسکە دەتوانێت هەوا گەرم بکات بۆ نزیکەی 54 هەزار پلەی فەهرەنهایت (30 هەزار پلەی سیلیزی)، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەوا بە خێرایی فراوان بێت. ئەو هەوایە باڵۆنییە شەپۆلێکی شۆک دروست دەکات و لە کۆتاییدا بوومێک دروست دەکات، کە زیاتر بە هەورەگرمە ناسراوە. سەچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لە هەر خولەکێکدا نزیکەی 6 هەزار هەورەبروسکە لە دەوری زەویدا ڕوودەدات!
9- بەفراوەرەکان بە خێرایی دەتوێنەوە
مرۆڤەکان بە هەموو جۆرە شێوازێکی سەیر شوێنەواری خۆیان لەسەر هەسارەکە بەجێدەهێڵن. بۆ نموونە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا تۆزێکی تیشكدەریان فڕێدایە بەرگە هەوا. بەپێی یەکێتی زانایانی جیۆفیزیکی ئەمریکی، ئەو تەنۆلکە تیشكدەرانە لە aوەک باران و بەفر دەبارێنەوە سەر زەوی و بەشێک لەو دابارینانە لەناو بەفراوەرەکاندا گیریان خواردووە، لەوێ چینێکی تەنک و ورد بۆ زاناکان دروست دەکەن کە هەوڵدەدەن تەمەنی سەهۆڵی بەفراوەرەکان دیاری بکەن. بەڵام هەندێک لە بەفراوەرەکان ئەوەندە خێرا دەتوێنەوە کە ئەم زانیارییە گرنگانە نەماوە و لە دەستچووە. بەفراوەرەکان بەو ناوچەو شاخە زەبەلاحە سەهۆڵییانە دەوترێت کە بە هەمیشەیی لەبەفر و سەهۆڵ پێکدێن و توانەوەیان کارەساتی گەورە بۆ هەسارەکەمان دروستدەکات!
10- خەرەندی ماریانا قووڵترین شوێن
ئایا بیرت لەوە کردۆتەوە کە تا چەند مەتر دەتوانیت بڕۆیتەخوارەوە؟ واتە نزم بیتەوە بۆ بنی زەریاکان؟ بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای نیشتمانی بۆ زەریاکان وبەرگەهەوا ( National Oceanic and Atmospheric Administration
) ، قووڵترین خاڵ لەسەر بنی زەریاکان 36 هەزار و 200 پێ (11 هەزار و 33 مەتر) لە ژێر ئاستی دەریاوەیە لە خەرەندی ماریانا. نزمترین خاڵ لەسەر زەوی کە بە زەریا دانەپۆشرابێت، 8382 پێ (2555 م) لە ژێر ئاستی دەریاوەیە، بەڵام ئەو شوێنە لە خەرەندی ژێربەفراوەری بێنتلییە لە ئەنتارکتیکا، لە ژێر سەهۆڵێکی زۆر زۆردا نێژراوە.
11-بەردی مەرجانی پشتگیری لە زۆرترین جۆری زیندەوەران دەکات، بۆ هەر یەکەیەکی ڕووبەر، بەبەراورد لەگەڵ هەریەکێک لە ئیکۆسیستەمەکانی هەسارەکە، کە ڕکابەری دارستانە باراناویەکان دەکەن. شیلانەکان لە پۆلیپی مەرجانی بچووک پێکهاتوون، پێکەوە بەردی مەرجانی گەورەترین پێکهاتەی زیندوو لەسەر زەوی دروستدەکەن . بەردی شیلانی گەورەترین مۆڵگە و پێکهاتەی زیندووە لەسەر ڕووی زەوی کە هەندێکیان تەنانەت لە بۆشایی ئاسمانەوە دەبینرێن.
12- بەرزایی ناوەڕاستی زەریا درێژترین زنجیرە شاخەکانە
لەوانەیە جێگەی تێڕامان بێت کاتێک دەزانیت کە درێژترین زنجیرە چیاکانی سەر زەوی دەکەوێتە بنی زەریاکان. بۆ دۆزینەوەی درێژترین زنجیرە شاخەکانی جیهان دەبێت سەیری خوارەوە بکەیت، زۆر بەرەو خوارەوە، وتاە بەرەو قووڵایی زەریاکان. ئەم بەرزاییانەی نێو زەریاکان بە بەرزایی ناوەڕاستی زەریا (MID-OCEAN RIDGE) ناودەبرێن و پێکدێن لە زنجیرە گڕکانەکانی ژێر ئاو کە نزیکەی 40389 میل (65 هەزار کیلۆمەتر) درێژ دەبنەوە. بە تێکڕا 18 هەزار پێ (5,5 کیلۆمەتر) لە بنی دەریاوە بەرز دەبێتەوە. لەگەڵ دەرچوونی ژیلەمۆ ( Lava ) لە بنی زەریاوە توێکڵی زیاتر دروست دەکات، ئەمەش زنجیرە شاخەکان پێکدێنێت کە بە دەوری جیهاندا درێژ دەبنەوە.
13- بەرزترین شاخ لە سەر ڕووی هەسارەی زەوی
ئایا نازناوی درێژترین شاخ بۆ چیای ئێڤرێست یان ماونا کیا دەبێت؟ بەپێی گۆڤاری مێژووی زانستی هیندی، لوتکەی چیای ئێڤرێست لە ئاستی دەریاوە بەرزترە لە لوتکەی هەر شاخێکی دیکە. بەرزی ئەم لوتکەیە نزیکەی 29029 پێ (8838 مەتر) دەبێت. بەڵام کاتێک لە بنکەی ڕاستەقینەی خۆیەوە تا لوتکە دەپێورێت، ماونا کیا خەڵاتەکە وەردەگرێت، درێژییەکەی نزیکەی 56 هەزار پێ (17 هەزار و 170 مەتر)ە. ئایا ئەم بەرزییە چۆن ئەژمارکراوە؟ وردەکارییەکە بەم شێوەیەیە: بەپێی سەنتەری هاوایی بۆ گڕکانناسی: بەرزترین خاڵ 13680 پێ (4170 م) لە ئاستی دەریاوە بەرزە، لایەکانی ماونا کیا بەردەوامن لە 16400 پێ (5000 م) دیکە لە ژێر ئاستی دەریا تا بنی دەریا، و بەشی ناوەندی گڕکانەکە بنی دەریای 26000 پێ (8000 م)ی دیکە لە شێوەی قوچەکێکی هەڵگەڕاوەدایە، کە ڕەنگدانەوەی پرۆفایلی گڕکانەکەی سەرەوەیە. واتە کۆی گشتی دەکاتە 4170م+ 5000م + 8000م = 17170م.
14- خزان یان جێگۆڕکێی جەمسەری موگناتیسی
زەوی بوارێکی موگناتیسی هەیە بەهۆی ئەو زەریا کانزایی گەرم و شلەوە کە بە دەوری ناو‌کی ئاسنی ڕەقدا دەسووڕێت. ئەم جوڵەی شلەیە تەزووی کارەبایی دروست دەکات، کە لە بەرامبەردا بواری موگناتیسی زەوی بەرهەمدێنێت.
بواری موگناتیسی ده‌وری هه‌ساره‌ی زه‌وی داوه،ئه‌م هێڵانه‌ی بواری موگناتیسی نه‌بینراون. ئه‌م بواره موگناتیسییه دوو جه‌مسه‌ری هه‌یه باكوور و باشوور، یه‌كێكیان نزیك جه‌مسه‌ری باكووری جیوگرافی و ئه‌ویتریان نزیك جه‌مسه‌ری باشووری جیوگرافی. له‌به‌رگرنگی ڕووگه‌نما له گه‌شته‌كانی ناوده‌ریادا بۆیه هه‌ر زوو هه‌ست به موگناتیسییه‌تی زه‌وی كراوه و هه‌رله‌زووه‌وه ئه‌وه‌ده‌ستنیشانكراوه‌كه جه‌مسه‌ری موگناتیسی به‌بڕی 11,5 پلە له جه‌مسه‌ری جیوگرافی لاره. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌وه به وردی سه‌لمێندراوه كه جه‌مسه‌ری موگناتیسی شوێنه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت به تێپه‌ڕینی كاتی جیۆلۆجی.
لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە، جەمسەری موگناتیسی باکووری زەوی زیاتر لە 600 میل (1100 کیلۆمەتر) بەرەو باکوور دەخزێت، بەپێی زانایانی ناسا. ڕێژەی جووڵە زیادی کردووە، لە ئێستادا جەمسەرەکە بەرەو باکوور بە نزیکەی 40 میل (64 کم) لە ساڵێکدا کۆچ دەکات، بە بەراورد لەگەڵ 10 میل (16 کم) لە ساڵێکدا کە لە سەدەی بیستەمدا خەمڵێندرابوو.
15- ستالاگمایتی زەبەلاح
بەپێی گۆڤاری ئاکتا کارسۆلۆجیکا، گەورەترین ستالاگمایتی پشتڕاستکراوە لە جیهاندا لە کوبا لەئەشکەوتی کوێڤۆ سان مارتن ئینفیرنۆ تۆمارکراوە. ئەم ستالاگمایتە بەرزییەکەی 220 پێیە (67,2 مەتر) دەبێت. ( ستالاگماتی یان بەرزبووەوە: ئەو نیشتووە کلسییەیە کە لەبنی ئەشکەوتەکانەوە بەرزدەبێتەوە، لەئەنجامی نیشتنی کاربۆناتی کالسیۆم).
بۆزانیاری خوێنەر لە زۆرێک لە ئەشکەوتەکانی کوردستان ستالاکتایت و ستالاگمایت زۆر گەورە تۆمارکراوە و وێنەکانیان بڵاوکراونەتەوە، بۆ نموونە لە ئەشکەوتەکانی دەڤەری سەنگاو لە باشووری کوردستان بەرزبووەوە و نزمبووەوەی زۆر جوان هەیە . هەروەها لە ئەشکەوتی بەستوون دیسانەوە هەردوو ستالاکتایت و ستالاگمایتەکە بەیەکگەشیتوون و ستوونیان پێکهێناوە. بۆ دەستکەوتنی زانیاری ورد دەربارەی چۆنێتی دروستبوون و گەشەکردنی ئەم دیاردە زەویناسیانە دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ لیستی سەرچاوەکان کە بەدرێژی باس لەو بابەتە کراوە و لێرەدا بە پێویستی نازانم دووبارە بکرێتەوە.
16- ئەنتارکتیکا: کیشوەرێکی پەڕگیر
کیشوەری باشوور شوێنی دیاردە ناوازەکان و سروشتێکی پەڕگیرە، ئەو کیشەوەرەی %99 بە سەهۆڵ داپۆشراوە. بەپێی مۆزەخانەی مێژوویی سروشتی ئەمریکی، سەهۆڵی جەمسەری باشوور نزیکەی لەسەدا 70ی ئاوی شیرینی زەوی و نزیکەی لەسەدا 90ی سەهۆڵەکانی تێدایە، هەرچەندە تەنیا پێنجەمین کیشوەرە لە ڕووی گەورەییەوە. نزمترین پلەی گەرمی کەلەسەر زەوی تۆمارکرابێت لە 21-7-1983 لەئەنتارکتیکا بووە کە 128,56- پلەی فرهرانهایت ( 89,2- پلەی سیلیزی) بووە. لەوانەیە بڕوا نەکەیت کە لە ڕاستیدا ئەنتارکتیکا بە بیابان دادەنرێت! ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ناوچەکانی ناوەوەی کیشوەرەکە ساڵانە تەنیا 2 ئینج (50 ملیمەتر) دابارینی هەیە، بێگومان بەشێوەی بەفر. تێکڕای ئەستووری سەهۆڵ نزیکەی 1میل ( 106کم) دەبێت، خۆ ئەگەر گشت سەهۆڵەکەی بتوێتەوە ئەوا ئاستی ئاوی دەریاکان 5م بەرزدەبێتەوە!
بەپێی ئامارەکانی مۆزەخانەی شاهانەی گرینیچ (RMG) یەکەم کەس کە بە سەرکەوتوویی بە بیابانەکانی ئەنتارکتیکادا تێپەڕی و گەیشتە جەمسەری باشوور، ڕۆاڵد ئەموندسنی نەرویجی بوو. ئەو و چوار پیاوی دیکەش ئەو گالیسکەیەیان بەکارهێنا کە سەگەکان ڕایاندەکێشا بۆ ئەوەی بگەنە جەمسەرەکە. دواتر ئەموندسن هۆکاری سەرکەوتنی خۆی دەگەڕێنێتەوە بۆ پلاندانانی ورد. خوێنەری بەڕێز لەوانەیە پرسیارێک بە مێشکیدا بێت کە ئایا ئەمە گرنگە؟ بەڵی، زۆر گرنگە کاتێک دەزانیت کە ئەو شوێنەی باسی دەکەین کیشوەری بەستەڵەکی جەمسەری باشوورە کە بە ئەنتاریکتیکا ( Antaractica) ناودەبرێت. وەک دەزانن هەسارەی زەوی بەشێوەی تۆپێکە کە دوو جەمسەری هەیە باکوور و باشوور، بەهۆکاری ئەوەی کە زەوی بەشێوەیەکی لار دەسوڕێتەوە بە دەوری خۆردا بۆیە ئەم دوو ناوچەیە تیشکی خۆر بە کەمی دەیانگاتێ و لەو ماوەیەی دەیانگاتێ ماوەکەی کورتە. ئەمەش وادەکات دوو ناوچەی بەستەڵەکبن و ژیان تێیاندا زۆر سەخت بێت وژمارەیەکی کەم لە زیندەوەرانی تێدا بەدیبکرێت. جەمسەری باکوور وەک زەریای بەستەڵەکی باکوور ناودەبرێت، لەبەرئەوەی کە زۆرینەی بریتییە لە دەریایەکی بەستوو. هەرچی جەمسەری باشوور ئەوا بە کیشوەری بەستەڵەکی باشوور ناودەبرێت، مانای وایە کە وشکانی هەیە و بەڵام بە سەهۆڵ و بەفر داپۆشراوە.
17- دارە زەبەلاحەکان
کاتێک بیر لە ژیان یان بوونەوەری گەورە دەکەینەوە، ڕاستەوخۆ نەهەنگ و فیل و کەرکەدەن دێنە بەرچاو! بەڵام لەناو ڕووەکەکانیشدا زەبەلاح هەیە کە وەک کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین کار دەکەن. داری زەبەلاحی جۆری جەنەڕاڵ شێرمان سیکۆیا گەورەترین دارە لە ڕووی قەبارەوە کە لەسەر ئەم هەسارەیە تۆمارکرابێت کە دەکەوێتە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا. بەرزی ئەم دارە 84م دەبێت و کێشەکەشی نزیکەی 109 ملیۆن کیلۆگرامە. بنی دارەکە نزیکەی 52 هەزار و 500 پێی سێجا (1486,6 مەتر سێجا) مادە لە خۆدەگرێت. بڕوا دەکرێت کەتەمەنی ئەم دارە نزیکەی 2200 بۆ 2700 ساڵ بێت.
-18 کیلاویا (KILAUEA) چالاکترین گڕکان نییە
کیلاویا لە مێژوودا وەک چالاکترین گڕکان سەیر دەکرێت. لە کاتێکدا گڕکانی کیلاویای هاوایی زۆرجار سەرەوەی خۆی دەڕژێت واتە هەڵدەچێت و ژیلەمۆکەی بڵاودەبێتەوە، بەڵام چالاکترین تەقینەوەی زەوی نییە. یەکێک کە چالاکترە بریتییە لە گڕکانی سترۆمبۆلی، لە کەنارەکانی ڕۆژئاوای باشووری ئیتاڵیا، کە بەپێی لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمریکی بۆ نزیکەی 2000 ساڵ بەبەردەوامی تەقیوەتەوە. تەقینەوەی سەرنجڕاکێشی وایکردووە بە ناوی «مەنارەی دەریای ناوەڕاست» بناسرێت.
*پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی/ زانکۆی سلێمانی
سەرچاوەکان:
- محێدین، ئیبراهیم محەمەد جەزا ،2021، زێڕ لەپەندی پەندی كوردیدا، كوردستانی نوێ، ژمارە 8431 , 14 -8-2021, ل5 .
- محێدین، ئیبراهیم محەمەد جەزا ،2021، كانزای زێڕ: پێكهاتەو بوونی لەكەڤرەكاندا, كوردستانی نوێ, ژمارە 8423 , 4-8-2021, ل4.
- محێدین، ئیبراهیم محەمەد جەزا ،2013 ، بنەماکانی زەویناسی، چاپخانەی ئاکام، سلێمانی، 354ل.
- جەلال ، باوان فایەق ، 2022، زەوی- بنەماکانی زەویناسی لەڕووی فیزیاییەوە، وەرگێڕان، کتێبخانەی دڵشاد، 302ل.
- محێدین، ئیبراهیم محەمەد جەزا ، 2009، کیشوەری ئەفریکا کەرت دەبێت! گۆڤاری خاک، ژمارە 150، ل 39-41.
- محێدین، ئیبراهیم محەمەد جەزا ، 2010، پێکهاتەی ناوەوەی زەوی، گۆڤاری خاک ، ژمارە155 ،ل37 -39.
-Grotzinger، J.، Jordan، T.H.، Press، F.، and Siever، R.، 2007، Understanding Earth، Fifth ed.، Freeman and Company ، New York، 579p.
-Spencer, E.W., 2003, Earth Science, Mc Graw Hill, Boston, 518p.
-Lutgens, F.K., and Tarbuck, E.J., 2012, Essentials of Geology, 11th ed., Pearson Prentice Hall, New Jersey, 554p.
-https://www.msn.com/en-us/lifestyle/travel/28-interesting-facts-about-earth/
-Grotzinger, J., Jordan, T.H., Press,F., and Siever, R., 2007, Understanding Earth, Freeman and Company,New York,y, 579p.
-https://www.noaa.gov/