هەنگاوێك بۆ كەمكردنەوەی بێكاری

10:58 - 2022-09-15
ڕاپۆرت
616 جار خوێندراوەتەوە
#کۆمەڵێک گەنجی خاوەن بڕوانامە لە کۆمپانیایەک کار دەکەن

کەرکوک/ هێمن ئەحمەد

گۆران هیدایەت دەرچووی پەیمانگەی تەكنیكی كەركوكەو ماوەی سێ ساڵە لە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتدا كاردەكات، دەڵێت ئیتر پێویستە خاوەن بڕوانامەکان چاوەڕێ دامەزراندن نەكەن لەلایەن حكومەتەوە، بەڵكو هەوڵی كاركردن بدەن لە كەرتی تایبەت، چونکە كەرتی تایبەت هەردەم لە جوڵەدایە و ئەگەر هەوڵ بدەین دەتوانین بژێوی ژیانمانی لێوە دابین بکەین.
گەنجان بەتایبەت دەرچوانی زانکۆو پەیمانگەکان لە کەرکوک، روو دەکەنە کەرتی تایبەت و چیتر چاوەڕوانی دامەزراندن نابن لەلایەن حکومەتەوە، ئەوان دەڵێن کارکردن لە کەرتی تایبەت هەونگاوێکە بۆ کەمکردنەوەی بێکاری.

كەرتی تایبەت فریادڕەسە
شوان عەدنان دەرچووی پەیمانگەیەو دەڵێت: ماوەی چەند ساڵێكە خوێندم تەواو كردووە و دانەمەزراوم، کۆڵم نەدا ودەستم کرد بە  كارکردن لە پڕۆژە و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتدا.
باسی لەوەشكرد، كەرتی تایبەت هەندێكجار فریادڕەسن بۆ زۆر كەس  بیەوێت  بژێوی ژیانی دابین بكات، بۆیە بیرم كردەوە كاركردن لە کەرتی تایبەت بەسوود بۆم دەشكێتەوە لە جیاتی چاوەڕێکردنی دامەزراندنی حکومەت.
ئەندازیار ئەحمەد باباعەلی خاوەن كۆمپانیای كالیبرەیەشینە بۆ ئامێری تاقگەیی و قەپانی گەورەی بارهەڵگر، وتی ماوەی یانزە ساڵە لەو بوارو پڕۆژانەدا كار دەكەم، لەم بوارەدا زیاتر لە بیست كارمەندی خاوەن بڕوانامە و بێ بڕوانامە كارم لەگەڵدا دەكەن، چونكە كارەكانی من لە هەموو عیراقدا گرنگن و كەرتی حكومەت ناتوانێت لەو بوارەدا ئەو ئامێرانە دروست بكات، ئەو كرێكار و هەڵگری ئەو بڕوانامانە بە كرێی مانگانە و بەشێوەیەكی رێكوپێك مووچەی خۆیان وەردەگرن.

پاڵپشتی حكومەت گرنگە
وتیشی: بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە حكومەت دەكەین دەستی یارمەتیمان بۆ درێژ بكات بۆ ئەوەی كۆمپانیاكەمان زیاتر بەرەو پێش بەرین، چونكە ئەگەر حكومەت پاڵپشتمان بێت رێژەیەكی زۆر لە دەرچوانی زانكۆو پەیمانگەكان لەلای خۆماندا دادەمەزرێنین و بارگرانی لەسەر حكومەتیش كەمدەكەینەوە، چونكە هەنگاوێكە بۆ كەم كردنەوەی بێكاری و هەنگاوێكە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار.

شارەزایی پیشەییان بەدەستهێناوە
وتیشی: لە یەكێك لە كۆمپانیاكانماندا نزیكەی 200 كرێكاری خاوەن بڕوانامەمان بە شێوەیەكی كاتی دامەزراندووە، كە هەندێكجار وا رێكەوتووە پرۆژەیەكمان دەستپێكردووە و تەواوكردووە لە دواییدا كرێكارەكان بێكار ماونەتەوە، بۆیە پێویستە پێوەر و یاسایەك هەبێت، ئەو كرێكارانە دووبارە لە پڕۆژە و كۆمپانیایەكی تردا دابمەزرێنێتەوە، هەندێکجاریش لەنێوان بەڵێندەر و خاوەن كۆمپانیاكاندا كرێكار و خاوەن بڕوانامەكانمان گۆڕیوەتەوە لەم پڕۆژە بۆ ئەو پڕۆژە بۆ ئەوەی نە كارەكانی ئێمە و نە كرێكارەكانیش بێكار بمێننەوە، ئامانجیشمان لەم كارەدا ئەوەیە هەلی كاری بەردەوام بۆ خاوەن بڕوانامەكان دەستەبەر بكەین، چونكە ئەوان ماوەیەكی زۆرە لە كۆمپانیاكان كار دەكەن و شارەزاییەكی پیشەیی و كرێكارییان بەدەستهێناوە، كە هەم ئێمە وەكو خاوەن كۆمپانیاكان سوودیان لێ دەبینین و شارەزاییەكانیشیان بۆ ئێمە گرنگە، چونكە ماوەیەكی زۆرە رامان هێناون لەسەر ئەو كارانە.
باسی لەوەشکرد، مانگانە نزیكەی 15 تا 20 هەزار دینار لە كرێكارەكان دەبڕین و وەكو بیمەی كار دەیدەین بە حكومەت، لەبەرامبەردا ئێمەی بەڵێندەر مانگانە چل هەزار دینار دەدەین بە حكومەت، ئەمكارەش لەپێناو ئەوەیە بار گرانی نەكەوێتە سەر كرێكارەكان و لای حكومەتیش مافیان پێشیل نەكرێت.
بەپێی یاسای ژمارە (39)ی ساڵی 1971 كە تایبەتە بە خانەنیشنكردنی كرێكاران حكومەت پابەند دەكات بەجێبەجێكردنی مافەكانیان، بەڵام بە مەرجێك كرێكار بیمەی كاركردنیان هەبووبێت.

بیمەی كرێكاران ئارەزوومەندانەیە
خالید وەلی سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی كەركوك، راگەیاند: بە فەرمی ناوی 93 هەزار كرێكارمان لە سەندیكای كرێكاران تۆماركردووە، بەڵام ئێمە ناتوانین بەزۆر خاوەن پیشەكان ناچار بكەین كە بیمەی كرێكاریی بۆ كرێكارەكانیان ببەستن، چونكە كارەكان چوونەتە چوارچێوەی ئارەزوومەندانەی نێوان كرێكار و خاوەن پیشە، بۆیە دەبینین بەشێكی زۆر كەم لە خاوەن پیشەكان بیمەیان بۆ دەستەبەر كردووە، لەلایەكی ترەوە كرێكارانیش خۆیان كەمتەرخەمن لە داواكردنی مافەكانیان، بۆیە لە هەندێ باردا گەلێك رووداوی دڵتەزێن روودەدات كە مافی ئەو كرێكارە بە هەموو جۆرێك پێشێل دەكرێت.
وتیشی: ئەو كرێكارانەی لە كاتی كاركردندا تووشی رووداوی دڵتەزێن دەبن دەبێت رێژەی پەكتەوتنیان لە نێوان 70 % بۆ 80 % بێت ئەو كات دەتوانن خانەنیشین بكرێن یان بە پارەیەكی دیاریكراو پاڵپشتی دەكرێن.
باسی لەوەشكرد، ئەو كرێكارانەی بیمەیان هەیە، مانگانە 7 % واتە نزیكەی 45 تا 50 هەزار دینار لە خاوەن پیشەکانیان دەسێنرێت، لەلایەكی دیكەوە ئەو كرێكارانەشی لە فەرمانگە حكومییەكان دادەمەزرێن خزمەتی ئەو چەند ساڵەیان بۆ دەخرێتە سەر پیشە تازەكەیان وەكو فەرمانبەران.

#کەرکوک #بێكاری

بابەتە پەیوەندیدارەکان