حەبیبە لە شیعری نالیدا

12:15 - 2022-09-15
ئەدەب و هونەر
692 جار خوێندراوەتەوە
#نالی

محمد هەمەوەندی

ئەوەی دەماودەم لەناو خەڵکدا دەیگێڕنەوە ئەوەیە نالی لە سەردەمی فەقێیەتیدا یارێکی هەبووە بە ناوی (حەبیبە).
دەڵێن گوایە ئەم (حەبیبە)یە خەڵکی دێیەکی قەرەداغ بووە بە ناوی (ماڵیاوا). بەڵام قەرەداغ هیچ دێیەکی تێدا نییە بە ناوی ( ماڵیاوا). ئێمە لە (دیوانی نالی) چاپی یەکەم بۆچوونێکی کاک حەمە عەلی مەدهۆشمان پەسەند کردووە کە (ماڵیاوا)ی بە (ماڵی ئاوەها) لێکداوەتەوە. ئەم قسەی دەم بەدەمە کەوتووەتە سەر پەڕەی کاغەزیش و گەلێ لەوانەی لەبارەی نالی-یەوە نووسویانە، لەم مەسەلەیە دواون.
لە شیعری نالی خۆیشیدا چەند جار ناوی (حەبیبە) ناوێک و چەند جارێکیش ناوی (مەحبووبە) هاتووە، کە ئەمە بۆ ئەوەش دەست دەدا بڵێین یارەکەی نالی لە راستیدا ناوی (حەبیبە) بووە و جار جار یان لەبەر راگرتنی سەنگی شیعر، یان لەبەر ئەوەی کە (مەحبووبە)ش لە رووی ماناوە وەک (حەبیبەیە) وایە پێی وتووە (مەحبووبە) و بۆ ئەوەش دەست دەدا کە بڵێین (حەبیبە)یش و (مەحبووبە)یش هەردووکیان کینایە بن لە یار و ناوی راستەقینەی یارەکەی شتێکی تر بوو بێت. بەڵام شتێکی ئەوتۆ لە شیعری نالی-یەوە دەرناکەوێ وابگەیەنێت ئەم (حەبیبە)یە یان ئەم (مەحبووبە)یەی هێنابێت.
ئەوەی باسی دڵداری لە ژیانی نالیدا بداتە بەر تیشکی روونکردنەوە و شتێکی لە قسەی گشتی زیاتری تێدا بێت، لە شیعری نالی خۆیدا، پێنج پارچە شیعرە کە یەکە یەکە پیاندا دەچینەوە و هەرچییان لەم رووەوە لێ هەڵکڕێنرێ دەیخەینە بەرچاو. پارچەیەکیان ئەوەیە کە بەم بەیتە دەست پێدەکات:

نەمردم من ئەگەر ئەمجارە بێ تۆ
نەچم شەرتە هەتا ئەو خوارە بێ تۆ

نالی لەم شیعرەیدا ئەوەی دیاری نەکردووە کە بۆ کێی وتووە، بەڵام ئاشکرایە لەگەڵ خۆشەویستییەکی ئەو تۆ قسە دەکات تیایدا مەگەر هەر یارێکی گیانی بە گیانی شایەنی قسە لەگەڵ کردندا بێت، کە دیارە دەبێ ئەو یارەش هەر (حەبیبە) بێت.
لەم پارچە شیعرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە پێش وتنی ماوەیەکی زۆر لەگەڵ یارەکەی لە یەک شوێن ژیاون و هەمیشە توانیوێتی بیبینێ و پاشان لێی دوور کەوتووەتەوە، بەڵام هەر بەتەمای گەڕانەوە بووە بۆ لای و ئەم دوور کەوتنەوەیە تا کاتی وتنی شیعرەکە ساڵێکی خایاندووە. لەوانەیە هەندێ کەس بڵێن ئەو دوورییەی نالی لە یارەکەی تا کاتی نووسینی پارچە شیعرەکە دوو ساڵی خایاندووە، چونکە نالی وتوویەتی :

هەموو رۆژێ لەتاو هیجرانی ئەمساڵ
تەمەننای مردنی پێرارە بێ تۆ


ئێمە ئاگاداری مێژووی ژیانی نالی نین بەجۆرێ کە زنجیرەی ڕووداوەکانی ژیانیمان لەپێش چاو بێ و بزانین کامیان لەپێش کامیاندا روویداوە. بەڵام لە شێوەی ئەم شیعرەوە وادەردەکەوێ پاش جێهێشتنی قەرەداغ و چوون بۆ سلێمانی و نیشتەجێ بوون لەوێ وتوویەتی. 

پارچەیەکی تر لەو شیعرانە ئەو قەسیدەیەیە کە بۆ لاواندنەوەی باوکی یارەکەی وتووە کە دیارەی هەر دەبێ (حەبیبە)بێ، ئەگینا دەبوو ئەم کەسی یەکەم بوایە لە ژیانیدا نەک (حەبیبە).
لەم قەسیدەیەوە دەردەکەوێ کەوا نالی مردنی باوکی یارەکەی بە سەرەتای دووری خێر لێ کرانەوەی خۆی و یارەکەی دا دەنێت و لەوە زیاتر ئەوەشی لێوە دەردەکەوێ کە یارەکەشی حەزی لەم بووە و ویستوویەتی شووی پێ بکات، بەڵام باوکی نەیویستووە و نەیهێشتووە ، یان لەبەر ئەوەی پیاوێکی دەوڵەمەندی پیسکە بووە و ترسی ئەوەی لێ نیشتووە بەشێ لە میراتەکەی لە رێگای بەشوودانی کچەکەیەوە بچی بۆ نالی، یان لەبەر‌ ئەوەی کە نالی دەسەڵات و سامانێکی نەبووە و باوکی کچەکەش ویستوویەتی بە کەسێکی دەسەڵاتداری بفرۆشێت.
نالی لەم قەسیدەیەدا دڵخۆشی یارەکەی بەوە دەداتەوە کەوا هەرچەندە باوکێتی مردووە و کۆسپی بەوە کەوتووە،  بەڵام لەلایەکی ترەوە ئەو باوک مردنە رێگای بە یەک گەیشتنیان بۆ دەکاتەوە و بەمژدەی بەهاری ژیانی هەردووکیانی دادەنێت.
نالی لەم قەسیدە پڕ لە مژدەی کامەرانیەدا کە بەناو بۆ لاواندنەوەی باوکی یار و دڵدانەوەی یاری داناوە ، دەڵێ:

ماتەم وەکو زولفەینی سییەهـ گرتی سەراپات
پۆشی لە روخت تەعبییەیی بەیدەق و شامات

تاقانە یەتیمی خەلەفی ئاخری نیسان
تۆ خۆش بی صەدەف بوو بەفیدات دوور بی لە ئافات

بۆ فەوتی صەدەف حەیفە بڕێژی دووڕەی ئەشک
چایع مەکە دوڕدانە بەغارات و حەسارات


لەوانەیە لەم بەیتەی پارچە شیعرێکی تریشەوە دەرکەوێ کەوا ئەم یارەی نالی سەرەنجام دەستی بەڕوویەوە ناوە و لەو گفت و پەیمانانەی پەشیمان بووەتەوە کە لە پارچە شیعری پێشووە بۆمان دەرکەوت دابوویە و نکۆڵی لەوە کردووە کە شووی پێبکات. ئەم بەیتەیە :

دەستم لە گەردنی خۆت هەڵمەگرە ئەی (حەبیبە)
وەبزانە خوێنی خۆمە، یا میننەتی رەقیبە


هەروەها لە شیعرێکی تریشەوە دیاری دەدا کەوا تا دواییش (حەبیبە)ی هەر بۆ نەبووە ئەمیش لە ناچاریدا دڵخۆشی خۆی بەوە داوەتەوە کە بەخەیاڵ هێناوێتی و گوێزاویەتییەوە وێنەیەکی شاعیرانەی بۆ ئەو خۆخەڵەفاندنە لە خەڵوەتخانەی پیریدا دروست کردووە.

جەنابی وەک جینان کردم بە ماوا 
(حەبیبە)ی ماڵیاوا ماڵی ئاوا

حەڵاڵی بێ نیکاحی حووری عینم
بەجووتێ ناڤیری شەرع و فەوتاوا

زەفافەتگاهی پەردەی ئاڵی چاوم
موبارەک حەجلە بێ بۆ بووک و زاوا

صیداقی رۆنماو و وەصڵی شاهید
لەگەڵ شایی کەران بێدەنگ و داوا

ویصالی بێ کەم و کەیفی حوچووری
لە نالی گەر دەپرسی یەعنی ئاوا


لە شیعرەکانی تری نالیدا کە شەقڵی سەردەمی پیرییان پێوە دیارە و دیارە پاش دەرچوون لە کوردستان وتوونی باسی (حەبیبە) بەرچاو ناکەوێ. دوور نییە لەگەڵ بەجێهێشتنی کوردستاندا ویستبێتی ئیتر یادی ئەویش لە دڵ دەرکاو لەوە زیاتر برینی دەروونی نەکولێتەوە و ئەو خۆشەویستییە پڕ کەیف و کۆڵەی بە نیشتمانە ئازیزەکەی ببەخشێ وەک لە قەسیدە شارەزوورییە مەزنەکەیەوە دەردەکەوێ کە یەکێکە لە شاکارەکانی ئەدەبی سۆزی وڵات و تینی ئاگری دووری لە نیشتمان.

سەرچاوە :
1- 
دیوانی نالی :- مەلا عبدالکریمی مدەڕیس و فاتیح عبدالکریم  ل 739 ساڵی 1976.
2- نالی لە کڵاوڕۆژنەی شیعرەکانیەوە:- محمد مەلا کەریم  ل25-31 ساڵی 1979.

بابەتە پەیوەندیدارەکان