چۆن لە کارەکەتدا سەرکەوتوو بیت و پلەت بەرزبکرێتەوە؟

10:12 - 2022-09-17
هەمەرەنگ
892 جار خوێندراوەتەوە

لەوانەیە ئێستا لەبارەی كارەكەتەوە ئەم چەند بیرۆكەیەت هەبێت:
1-كارەكەت تەنها لە پێناوی وەرگرتنی مووچەدا دەكەیت.
2-لەگەڵ خاوەن كاردا دەمێنیتەوە هەرچەندە بەیەكەوە هەڵناكەن.
3-هەست دەكەیت پیشەكەت گونجاو نییە بۆ تۆ.
4-هەست بە هیچ رێزێك ناكەیت لە لایەن دەوروبەرەوە.
5- ماوەیەكی زۆرە لە یەك شوێنی كار ماویتەتەوە بەهۆی ترست لە دەست نەكەوتنی كاری نوێ.
6-كارێك دەكەیت كە هیچ توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیت نییە.
هاوكات چەندین بیرۆكەی تر هەیە كە دێت بەمێشكی هەموو كارمەندێكدا لە كاتی كاركردندا، بەڵام ئەم چەند خاڵەی باسمان كرد لە گرنگترین خاڵە هاوبەشەكانە كە لە هەموو كەسێكدا هەیە لە كاتی كاركردنیدا، هەر بۆیە چیتر وازدەهێنین لەم خاڵانە وبیر لەوە دەكەینەوە كە چۆن بتوانین لە كارەكانمان پلەمان بەرزبكرێتەوە و خاوەنی پلەیەكی بەرزتر بین لە شوێنی باشتر، ئەمە پێویستی بەهەوڵ و كۆشش و بەردەوام بوون لە هەنگاوی نوێ هەیە و دووركەوتنەوە لە بیركردنەوەی نەرێنی، چونكە پێویستە هەموو كات كەسێكی ئەرێنی بیت لە بیركردنەوەت لە هەنگاوی داهاتووت بۆ پیشەكەت.
- پێویستە كەسێك بیت كە بەڕێوبەری كارەكەت متمانەی تەواوت پێبەخشێت بەبێ هیچ دوودڵییەك، هاوكات بەمێشكی خۆت كار بكە واتا خۆت كارەكەت چۆن پێت باشە بەڕێوەی بەریت بەو شێوەیە كارەكەت بکە.
- مەهێڵە هاوپیشەكانت سەرت لێبشێوێنن چونكە دڵنیابە ئەوان نایانەوێت تۆ لەوان باشتر بیت، بتەوێت یان نەتەوێت هەموو شوێنی كارێك وایە، هەموو كەسێك هەوڵ بۆ پەرەپێدانی خۆی دەدات لە كارەكەیدا هەر بۆیە خاوەن بۆچوونی خۆت بە.
- پەرە بە بەهرەکانی خۆت بدە و لە یەك ئاستدا مەوەستە، بەبەردەوامی گۆڕانكاری لە كارەكەت و شێوازەكەی بكە چونكە ئەمەش بۆ خۆت و دەروونیشت باشە تاكو بێزاری لە كارەكەت دروست نەبێت.
بۆ نموونە مەرج نییە هەموو كات تەنها بیت لە كاركردنتدا جاروبار دەتوانیت كەسێك بیت كە پێشنیازی دەوروبەت وەربگریت و گیانی یارمەتیت لەگەڵ دەوروبەرەكەتدا هەبێت.
- كارەكانت لە كاتی خۆیدا بکە و دوای مەخە بۆ كاتێكی تر، لە كاتی كاركردندا هەست بە بەرپرسیارێتی بكە و مەڵێ ناتوانم بەرپرسیار بم، وشەی ناتوانم لە كارەكانت بەكار مەهێنە هەمیشە بڵێ هەموو كارێك ئاسانە و دەتوانم، چونكە كاری خۆمە و توانای سەركەوتنم لە كارەكانمدا هەیە.

دیانا ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان