ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد.
کۆبوونەوەی سەرکردایەتی کە ئەمڕۆ 2022/9/18 لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن بەڕێوەچوو، تەرخانکرا بۆ کاروباری رێکخراوەیی مەکتەب و ئۆرگانەکانی یەکێتی، لەمبارەیەوە رێوشوێنی پێویست گیرایەبەر.
بەشێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پێویستیی داکۆکیکردن لە مێژووی پڕ سەروەریی و شانازی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان.
کۆبوونەوە بڕٍیاریدا بۆ پارێزگاریکردن لە رەوتی ئەو مێژووە لە هەر شێواندن و چەواشەکارییەک، لەڕێی بەڵگە و دیکۆمێنتی پشتڕاستکراوەوە داکۆکی لەو مێژووە و سەروەرییەکانی بکرێت، بەتایبەتی وەڵامی ئەو هەموو ناهەقییانە بدرێتەوە کە ماوەیەکە لەڕێی چەند کتێبێکی چەواشەکارانەوە دەرهەق بە خەباتی مێژوویی یەکێتی و سەرکردەکانی کراون و مێژووی گەلەکەمان و رەمزەکانی بەلاڕێدا دەبەن.