ئەسرین محەمەد
لە درێژەی كار و چالاكییەكانی كەمپینی (بەتەنیا نیت، لەگەڵتاین بۆ بەرەنگاریی ژنكوژان)، بەمەبەستی پشتیوانیكردنی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، بۆ روبەڕوبوونەوەی زیادبوونی دیاردەی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان، دوێنێ یەكێتیی ژنانی كوردستان و چەند رێكخراوێكی دیكەی ژنان و كۆمەڵی مەدەنی، لەبەردەم دادگای سلێمانی گردبوونەوە.
كنێر عەبدوڵڵا ئەندامی كەمپینەكە بە ناوی یەكێتیی ژنانی كوردستانەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، رایگەیاند: پەیامی رێكخراوەكانی ژنان ئاڕاستەی دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەران دەكەین بۆ ئەوەی بێنە پاڵ پەیامەكەمان و داواتان لێدەكەین كە یاسا سەروەر بێت بۆ روبەڕوبوونەوەی ژنكوژان، وتیشی: لە ژێر هەر بیانوویەكدا بێت، نابێت بكوژانی ژنان لە سزا قوتاریان ببێت و پێویستە بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.
هاوكات هاوژین زیبا چالاكوانی بواری ژنان و ئەندامی كەمپینەكە، رایگەیاند: پەیاممان جێبەجێكردنی یاسایە وەك خۆی و دەربازنەبوونی ژنكوژانە لە یاسا لە ژێر هیچ ناوێكدا.
لەلایەكی دیكەوە، هانا شوان نوێنەری رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت CDO رایگەیاند: بانگەوازی هەموو گەنجان و تاكەكانی كۆمەڵ دەكەین بەشداربن لە كەمپینی روبەڕوبوونەوەی دیاردەی توندوتیژیی دژی ژنان و كوشتنی ژنان.