قوباد تاڵەبانی: قۆناغێكی نوێ لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێم و ئەمریكا دەستپێدەكات

10:40 - 2022-09-22
کوردستان
743 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سێلێست واڵندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی، رایگەیاند: ئیمزاكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا و وەزارەتی پێشمەرگە وێستگەیەكی گرنگی دیكەیە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكادا.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق و كونسوڵی ئەو وڵاتە لە هەرێم ئامادەیبوون، گفتوگۆكرا لەبارەی پڕۆسەی چاكسازییەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە و جەختكرایەوە لەسەر پێویستیی بەهێزكردنی هێزی پێشمەرگە وەك هێزێكی نیشتمانی.
لەمبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە چاكسازییەكانی لە وەزارەتی پێشمەرگە تا ئەوكاتەی هێزی پێشمەرگە بە تەواوەتی دەبێتە هێزێكی تۆكمەتر و رێكخراوتر. ستایشی ئەمریكاشی كرد بۆ هەماهەنگی و هاوكارییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی چۆنێتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا كرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی هاوپەیمانیی نێوان كورد و ئەمریكا و بەهێزتركردنی هاوپەیمانییەكە. جێگری سەرۆك وەزیران بە گرنگییەوە باسی لە ئیمزاكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا و وەزارەتی پێشمەرگە كرد و ئاماژەی بەوەشدا ئەم لێكتێگەیشتنەی ئیمزاكرا كاریگەریی گرنگی دەبێت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و عیراق.
دوێنێ 21/9 یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئیمزاكرا.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان