״لە زانكۆ تایبەتەكان و خوێندنی پارالێل و ئێواران، كورسیی خوێندن بۆ وارسی شەهیدان تەرخانكراوە״

11:12 - 2022-09-22
کوردستان
877 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا لە زانكۆ تایبەتەكان و خوێندنی پارالێل و ئێواران، كورسیی خوێندنی بە خۆڕایی بۆ وارسی شەهیدان تەرخانكردووە.
لەسەر پێشنیازی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ماوەی سێ ساڵە لە هەر بەشێك لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان و خوێندنی پارالێل و ئێواران لە زانكۆ حكومییەكان، پێنج كورسی بە خۆڕایی بۆ وارسی شەهیدان و ئەنفالكراوان تەرخاندەكرێت. ئەوانەشی لە سەرووی ئەم پێنج كورسییەوە وەردەگیرێن بەپێی رێنمایی وەزارەتی شەهیدان كرێی خوێندنیان بۆ خەرجدەكرێت. بۆ ئەمساڵیش لەسەر پێشنیازی وەزیری خوێندنی باڵا، بڕیاری دابینكردنی پێنج كورسیی خوێندن بەخۆڕایی بۆ هەر بەشێك بەردەوام دەبێت.
دوێنێ، د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پێشوازییكرد لە عەبدوڵڵا حاجی مەحمود وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و لە دیدارێكدا گفتوگۆكرا لەبارەی رێنمایی تایبەت بە خزمەتگوزاریی خوێندن و تەندروستیی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و خزمەت و پڕۆژە هاوبەشەكانی هەردوو وەزارەت كە بە هاریكاریی یەكتر پێشكەشی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی دەكەن.
وەزیری خوێندنی باڵا، رایگەیاند: لە خوێندنی بەرایی/ بەكالۆریۆس و دبلۆم، خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵا، ماستەر و دكتۆرا و خوێندنی تایبەت، بە رەچاوكردنی تایبەتمەندێتی، هەوڵمانداوە زۆرترین ئاسانكاری و خزمەت پێشكەش بە وارسی شەهیدان بكەین و دەرفەت و هەلی خوێندنیان بۆ دەستەبەربكەین.
لای خۆیەوە، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، تیشكی خستە سەر رێنمایی تایبەت بە خزمەتگوزاریی خوێندن و تەندروستیی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان بە مەبەستی زیاتر بایەخدان بە كەسوكاری شەهیدان لە گشت بوار و سێكتەرەكاندا، راشیگەیاند: لە سێكتەری خوێندنی باڵادا دەتوانرێت زۆرترین خزمەت و ماف بۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەستەبەربكرێت، كە ئەوەش بە هاوكاریی و هەماهەنگی دەكرێت.

#وەزارەتی خوێندنی باڵا #خوێندنی پارالێل #زانكۆ تایبەتەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان