هەولێر؛ خۆپیشاندانی پێشمەرگە دێرینەكان بۆ پێدانی مافەكانیان

07:00 - 2022-03-31
ڕاپۆرت
524 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

جارێكیتر ژمارەیەك لە پێشمەرگە دێرینەكان لە هەولێر خۆپیشاندانێكی ناڕەزاییان رێكخست ‌و بە رێپێوان چوونە بەردەم پەرلەمانی كوردستان و داوای باشكردنی دۆخی ژیان و پێدانی مافەكانیان كرد كە سەرەكیترینیان مووچەكانیانە.
بەشداربووانی خۆپیشاندانەكە كە بە سەرپەرشتیی ژمارەیەك كۆمەڵە و رێكخراوی تایبەت بە پێشمەرگە دێرینەكان لە حزب و لایەنە سیاسییەكان رێكخرابوو، داوای پێدانی مووچەكانیان و زیادكردنی بڕەكەی،  سوودمەندبوونیان لە وەرگرتنی زەوی، لەگەڵ دەستەبەركردنی مافی خوێندن بۆ منداڵەكانیان، كرد. تەئكیدیشیانكردەوە «پێشمەرگە دێرینەكان لەو كەسانە جیابكرێنەوە كە رۆژێك لە رۆژان نەك پێشمەرگایەتییان نەكردووە، بەڵكو دژی پێشمەرگە بوون و پێشمەرگەیان شەهیدكردووە، كەچی لەسەر ناوی پێشمەرگەی دێرین مووچەیان پێدەدرێت و زیاتریش وەردەگرن».

پڕۆژەیاسایەك بۆ رێزلێنان لە پێشمەرگە دێرینەكان 
پێشمەرگەیەكی دێرینی بەشداری خۆپیشاندانەكە، رایگەیاند: لە 18ی ئەیلولی 2020ەوە پڕۆژەیاسایەكمان بۆ رێزلێنانی پێشمەرگە دێرینەكان پێشكەش بە پەرلەمان كردووە، بەڵام تائێستا تەنانەت خوێندنەوەشیان بۆ نەكردووە، وتیشی: جەختدەكەینەوە لەو پڕۆژەیاسایە ‌و دەبێت پەسەندبكرێت.
لە كاتی گەیشتنی پێشمەرگە دێرینەكان بۆ بەردەم پەرلەمانی كوردستان، ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان پێشوازییان لێكردن و پشتیوانیی خۆیان بۆ داواكاریەكانییان دووپاتكردەوە.

نەخراوەتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە
سەبارەت بە داواكاریی پێشمەرگە دێرینەكان، عوسمان سێدەری جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: لیژنەكەمان، لە رابردوودا بەردەوام هەوڵیداوە ئەو پڕۆژەیاسایەی بۆ ماف و ئیمتیازاتەكانی پێشمەرگە دێرینەكان ئامادەكراوە، بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمانەوە، تا دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بە چەندین هۆكار جێبەجێنەكراوە، كە یەكێك لەو هۆكارانە بیانووی قەیرانی دارایی و بارودۆخی رابردووی هەرێمی كوردستان بووە. وتیشی: ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێت وەك پەرلەمان و لیژنەی پەیوەندیدار، لەگەڵ رێكخراوە تایبەتەكانی پێشمەرگە دێرینەكان بۆ چەندینجار كۆبوونەوەمان كردووە و گوێمان لە داواكارییەكانیان گرتووە، بەتایبەتی لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایەی پێشكەشكراوە كە باس لە چەندین و ماف و شایستەی دارایی بۆ خۆیان و منداڵەكانیان دەكات، بۆیە لە دواكۆبوونەوەی لیژنەی پێشمەرگەدا، جارێكیتر جەختمانكردۆتەوە لەوەی لەم خولەی یاسادانەدا ئەو پڕۆژەیاسایە بخرێتە بەرنامەی كارەوە و دەنگی لەسەر بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش 69 پەرلەمانتار لە فراكسیۆنە جیاوازەكان ئیمزایان لەسەركردووە.

دەبێ رێز لە خەباتیان بگیرێت
پێشیوابوو: ئەگەر لە رابردوودا بیانووی حكومەت نەبوونی پارە و قەیرانی دارایی بووبێت، ئەوا ئێستا نرخی نەوت بەرزە و داهاتی ناوخۆش زیادیكردووە، بۆیە ناكرێ چیتر ئەو بابەتە دوابخرێت،  لە كاتێكدا دەبوو 30 ساڵ پێش ئێستا یاساكە بۆ پێشمەرگە دێرینەكان دەربكرێت، چونكە ئەوان هەموو ژیانیان بۆ رزگاریی كوردستان بەختكردووە و بەشێكیان كەمئەندام بوون، دەبێ رێز لەو خەباتەیان بگیرێت، كە مافێكی شەرعیی خۆیانە.

#پێشمەرگە دێرینەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان