هەولێر پێویستی بە بازاڕی تری وەک ئیسکان هەیە

08:18 - 2022-03-31
ڕاپۆرت
1295 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ سەباح شوكر

لەماوەی ساڵانی رابردوودا بەشێكی زۆر لە بازاڕی هاوچەرخ و پارك و شوێنی گشتی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ كات بەسەربردن و دابینكردنی پێداویستیەكان كرانەوە، ئەمەش هەنگاوێك بوو بە ئاڕاسته‌ی گۆڕانكاری لە بازاڕكردن و كۆڕوكۆبوونەوەی  گه‌نجان و لاوان لە شوێنە گشتیەكان.
لە شاری هەولێر شەقامی ئیسکان كە نزیكە لە سەنتەری شار بۆتە شوێنێکی گرنگ کە زۆربەی کاتەکان گەنجان و لاوان تیایدا کۆدەبنەوە، لە بنەڕەتدا ئەو بازاڕە ده‌كەوێتە گەڕەكی سەیداوە، كە ئەویش گه‌ڕەكێكی كۆنی شارەكەیە، بەڵام بەكردنەوەی گەرماوێك لە ساڵی1960  بەناوی ئیسكان بازارەكەش بەو ناوە ناسرا، ئەو كات چەند دوكانێك بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات فراوانبووە.

بێكاربوونی کاسبکاران
خاڵە كەریم یەكێكە له‌ كاسبكارانی بازاڕی ئیسكان بۆ كوردستانی نوێ وتی:  ئێستا ئیسكان  بۆتە ناوەندێک بۆ كۆكردنەوەی گەنجان و شوێنی یەكتربینینیان، پێش نۆژەنكردنەوەی لەلایەن ئیدارەی شارەكەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵكی شارەكە له‌و بازاڕە هەلی كاری بۆ رەخسابوو، بەڵام دواتر بەشێكی زۆر لە  عەرەبانە و دەستگێڕەكانیان  لابرد، ئەمەش بووە هۆی بێكاربوونی ئەوان.
ئەكەرەم عەلی وەك خاوەن چایخانەیەك لە بازاڕی ئیسكان وتی بازاڕی ئیسكان لە شاری هەولێر  زیاتر  لە دوای راپەرینی  ساڵی 1991 گەشایەوە، لەوكاتەوە  دوكانەكانی خواردن و شەربەت وچێشتخانە كرانەوە و ژمارەیان زیاتر بوو، ئەوكات  بازاڕ تا 12 شەو كراوە بووە،  ئەویش بەهۆی نەبوونی كارەبا له‌و كاتانه‌دا.
وتیشی: ئێستا بازاڕی ئیسكان ته‌واو جیاوازە لە پێشتر، بەجۆرێك  هەموو كەلوپەلێكی تێدا دەفرۆشرێت، لەوانە جلوبەرگ و پێداویستەكانی مۆبایل و جۆرەكانی خواردن و خواردنەوە،  ئەمە جگە لەوەی بۆتە شوێنی كۆكردنەوەی گەنجان بەتایبەت کاتی یارییەکانی تۆپی پێ.
خواردنی خواردنگەکانی ئیسکان تام و چێژی تایبەتی هەیە و بۆیە هەموان رووی تێدەکەن جگە لە خەڵکی شارەکە تەنانەت ئەو کەسانەشی کە خەڵکی شارەکانی تری هەرێمی کوردستانن سەردانی هەولێر دەکەن دەبێت سەر لە ئیسکان بدەن و شوێنەکە بووەتە ناسنامەی شاری هەولێر.

شارەوانی ئەرکی خۆی بەباشی بکات
عەلی عەبدوڵڵا خاوەنی یەكێك لە خواردنگەكانی ئەو بازاڕە وتی، ئیسكان پێویستی بە رێكخستنەوە و  پێشكەوتنی زیاتر هەیە،  بە تایبەتی لەرووی پاكوخاوێنی  و رێکخستنی هاتوچۆی گەشتیاران، چونکە زۆرجار بە هۆی قەرەباڵغی رێگای هاتوچۆ دەگرێت، بۆیە پێویستە شارەوانی ئەركه‌كانی خۆی باشتر جێبەجێبكات، لەکاتێکدا هەموو دوكاندار و خاوەن موڵكەكان  باج و رسوماتی خۆیان دەدەن.

نەبنە رێگر لەبەردەم کاسبکاراندا
بەشێکی تر لە کاسبکارانی ئەو بازاڕە دەخوازن دەستگێڕەکان بە شێوازێکی شارستانیانە رێکبخرێن لەبەرئەوەی نەبنە رێگر لەبەردەم کاسبی بەشێک لە دوکانداران، چونکە ئەوان کرێیەکی زۆر دەدەن، بەو جۆرە ئاستنەگیان بۆ دروستبکرێت.
ئاسۆ رەفیق  وەك گەنجێك  کە رۆژانە سەردانی بازاڕی ئیسكان دەكات وتی: ئیسكان لە سەنتەری شار نزیكە و زۆربەی خواردن و خواردنەوەی تێدایە، هەروەها هه‌مووكات  كراوەیە، بۆیە لەگەڵ هاورێكانم بەردەوام  سەردانی دەكەین.
وتیشی: راستە ئیسكان بۆ ئێمە بووەتە شوێنی  سەرەكی كات بەسەربردن، بەڵام پێمانباشە  ئەو بازاڕە بكرێت خێزانی و كچان و ژنانیش بتوانن سەردانی بكەن، هەرچەندە ئەوانیش  بەرچاو دەكەون، بەڵام بە رێژەیەكی زۆر كەم،  چونكە هێشتا  شوێنەکە  بۆ ئەو توێژە لەبار نییە.

ئاستەنگی هاتوچۆ لەو بازاڕە
باسی لەوەشكرد: ئەوەی زیاتر خەڵكی بێزاركردووە لەو بازاڕە، هەبوونی ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلە، زۆربەی گەنجان به‌باشی دەزانن شەوان هاتوچۆی ئۆتۆمبێل له‌ ئیسكان قەدەغە بكرێت، تاكو گەنجان بتوانن بە ئاسانی پیاسەی تێدا بكەن، هاوكات ئۆتۆمبێله‌كان بە هۆڕن لێدان و تیژ لێخورین هەراسان و بێزارمان نەكەن.
جگە لە گەنجان بەشێکی زۆر لە خەڵکی بەتەمەنیش روو لە بازاڕی ئیسکان دەکەن، هەندێکیان ماوەی چەند ساڵێکە سەردانی ئەو شوێنە دەکەن و ئەوێ بۆ ئەوان بووەتە یادگاری، هەر بۆیە رۆژانە سەردانی دەکەن.
خەلیل عەبدولرەحمان یەکێکە لەو کەسانەی ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە سەردانی ئیسکان دەکات، وەک خۆی دەڵی ئەو شەقامە بۆتە شوێنی بەیەک گەیشتنی لەگەڵ هاوڕێکانی.
وتیشی: ئیسکان بۆ ئێمە بووەتە شوێنێکی تایبەت، یادگاریمان لەگەڵ زۆربەی دوکاندارەکان هەیە، جگە لەوەی شوێنێکی تاڕادەیەک ئارامە و دوورە لە کێشە، هاوکات نزیکە لە سەنتەری شار، بۆیە ئێمەش لەگەڵ چەن هاوڕێیەکمان رۆژانە سەردانی ئەم شوێنە دەکەین.

تەنها بازاڕێكە  شەو و رۆژ هەبێت
بەشێکی زۆر لە خەڵکی هەولێر  پێیانوابوو شارەکە پێویستی بە چەندین شوێنی وەك ئیسكان هەیه‌، چونكە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان  تەنها بازاڕێكە شەورۆژ هەبێت هاوشێوەی زۆر كەمە، هەڵكەوتەی زۆربەی گەڕەكانی شاری هەولێر شیاوە تاكو بازاڕێكی وەك ئیسكانی لێ دروستبكرێت، لەوانە سێتاقان و تەیراوە و ئازادی و چه‌ندین گه‌ڕه‌كی تر، ئەمە جگە لە گەڕەكە تازەكان، ئەوانیش دەتوانن بازاڕێكی وك ئیسكان دروست بكەن، ئەو رێگە دووره‌ نه‌بڕن  بێن بۆ سەنتەری شار.

#هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان