%60 ی ئاوی هەرێمی كوردستان بەفیرۆ دەڕوات

10:05 - 2022-09-26
ڕاپۆرت
339 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ جەمال سەرگەتی 

بەهۆی وشكە ساڵی و كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی ئاو، ئاستی ئاوی بەنداووی دوكان رووی لە كەم بوونەوە كردووە ، بە بەراوورد بە ساڵی پار یەك مەتر و 40 سم ئاوی ئاستی بەنداوی دوكان دابەزیوە، بەرێوەبەری هایدرۆلۆجی بەنداوەكەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەشێكی زۆر لە سەرچاوە ئاوییەكانی بەنداوەكە وشكبوون ئەوەش وایكردووە ئاستی ئاوی بەنداوەكە روو لەكەم بوونەوە بكات.

ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان دابەزیوە 
سەلام نەجم محەمەد بەرێوەبەری هایدرۆلۆجی لە بەنداوی دوكان بە كوردستانی نوێ‌-ی راگەیاند، ئێستا بەنداوی دوكان 2,3 ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دوكان هەیە لە كاتێكدا ساڵی پار ئەم كاتانە بەنداوەكە 2,5 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدا بووە واتە ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان دابەزیوە، هۆكاری ئەوەش وشكبوونی بەشێكی زۆری سەرچاوە ئاوییەكانی بەنداوەكەیە، واتە 1 مەتر و 40 سم ئاو لە بەنداوی دوكان كەمیكردووە. 

سەرچاوە ئاوییەكان بەفیڕۆ دەڕۆن 
وتیشی، ژێر زەوی هەرێمی كوردستان ئاوی باشی تێدایە، بەڵام ئیدارەدان و شێوازی هەڵگرتنی ئاو زۆر خراپە وەك پێوست ناتوانرێت ئاوی سەرە زەوی گل بدرێتەوە ، چونكە زۆرێك لە سەرچاوە ئاوییەكان بەفیرۆ دەڕۆن نەتوانراوە سەدیان بۆ دروستكرێت و ئاوەكە كۆ بكرێتەوە.

دروستكردنی بەنداو
سەلام نەجم ئەوەشی راگەیاند، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زیاتر بدات بە دروستكردنی بەنداوی مام ناوەند و گەورە بۆ ئەوەی ئەو ئاوانەی لە كوردستاندا هەیە بە رادەیەكی باش كۆ بكرێتەوە ، بەتایبەت ئێستاش كە زێی گەورە هیچ بەنداوێكی لەسەر نییە  ئاوی زێی گەورە بە فیرۆ دەڕوات، لەو رێگەیەوە دەتوانرێت ئاستی ئاو لە هەرێمی كوردستان بەرز بكەینەوە. 
بەرێوەبەری هایدرۆلۆجی لە بەنداوی دوكان راشیگەیاند، ساڵانە زیاتر لە 14 ملیار مەتر سێجا ئاو لە زێی گەورە بەفیڕۆ دەروات و بەوەش دەتوانین ئاوی پێویست بۆ كوردستان دابین بكرێت.
وتیشی، ساڵانە60 % ئاوی هەرێمی كوردستان بەفیڕۆ دەڕوات  و نەتوانراوە سوود لەو ئاوانە وەربگیرێت. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان