بەمزووانە دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی دەستبەكار دەكات

06:05 - 2022-09-26
کوردستان
694 جار خوێندراوەتەوە

بەمزووانە دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، رادەگەیەنرێت و یەكەمین چالاكیشی بەمەراسیمی یادكردنەوەی پێنجەمین ساڵیادی ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلال دەستپێدەكات، كە بڕیارە لە هەولێر بەڕێوەبچێت.
تەواوی كارەكانی دامەزراوەكە و رێوشوێنە یاساییەكانی تەواوبوون و مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە بۆ وەرگیراوە و باڵیۆز د.محەمەد سابیر بەرێوەبەری دامەزراوەكەیە.
باڵیۆز د.محەمەد سابیر بەڕێوەبەری دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی بە PUKMEDIA ی راگەیاند: تەواوی كارەكانی دامەزراوەكە لەڕووی یاساییەوە تەواوبووە و بڕیارە 28-9-2022 لە پرێس كۆنفرانسێكی تایبەت دا دامەزراندنی (دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی) رابگەیەنین.
لەو یادەدا بۆ شكۆی نەتەوە و نیشتمان سەرۆك مام جەلال، ژمارەیەك سەرۆك و سەركردەی و باڵیۆز و دیپلۆماتكاری بیانی و عیراقی و ناوخۆیی و كەسایەتییەكان و وەزیر و هاوڕێیانی دێرینی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و زۆری تریش بانگهێشت كراون.
باڵیۆز د.محەمەد سابیر دەڵێت: "نزیكەی 4 بۆ 5 مانگە كار لەسەر دامەزراندنی دامەزراوەكە كراوە و ئێستا كارەكان تەواوبوون و پەیرەوی ناوخۆیی ئامادەكراوە".
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆیی دامەزراوەكە،  دامەزراوەكە "ناحكومیی سەربەخۆی قازانجنەویست و بێلایەنە، دامەزراوەیەكی كلتووری و مرڤایەتی و نیشتمانییە". هەروەها " كار دەكات بۆ ناساندن و پاراستن و ئەرشیفكردنی ژیان و خەباتی سەرۆك جەلال تاڵەبانی".
پەیڕەوی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لە (20) ماددە پێكهاتووە و وێنەیەكی سەرۆك جەلال تاڵەبانی كراوەتە لۆگۆی رێكخراوەكە و بەهەرسێ زمانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) لە ژێریدا نووسراوە (دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، هەروەها كورتكراوەكەشی (PJTF)ە.
بنكەی سەرەكی دامەزراوەكە سلێمانییە و دەتوانێت لە  سەرجەم شارەكانی دیكەی عیراق و دەرەوەی وڵات بنكە بكاتەوە و بوارەكانی كاركردنیش (رۆشنبیری، گەشەپێدان، پەرەپێدان) دەبێت.
ئامانجەكانی دامەزراوەكە بریتییە لە پاراستن و كۆكردنەوەی ئەرشیفی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، وەك ئەرشیفێكی نەتەوەیی و نیشتمانی، پەرەپێدانی بواری رووناكبیریی و توێژینەوەی ئەكادیمی لەسەر فیكر و ژیان و سیاسەتی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، هەروەها گەشەپێدانی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان و یەكسانی جێندەری لە كۆمەڵەی كوردستانی و عیراقیدا، لەگەڵ گەشەپێدانی بەها مرۆییەكان لە بواریی جێدەریی و كلتوری پێكەوەژیان.
دامەزراوەكە ئامانجیەتی گەشە بەچۆنایەتی نووسینی توێژینەوەی ئەكادیمیی بدات لەسەر رێباز و ئەندێشەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و بڵاوكراوەكانی و كاریش دەكات بۆ دابینكردنی خوێندنی ساڵانە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
دیاریكردنی رۆژی ژیانئاوایی سەرۆك جەلال تاڵەبانی (3/10) وەك بۆنەیەكی نیشتمانی و نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیریی تاک لە كۆمەڵی كوردستان و عیراقدا، لە ئامانجی دیكەی دامەزراوەكەن.
پەیكەری ناوخۆیی رێكخراوەیی دامەزراوەكە پێكدێت لە دەستەی دامەزرێنەر كە 7 كەسە و دەستەی راوێژكاری كە بەپێی پێویستی دەستەی دامەزرێنەر دیارییان دەكات، دەستەی كارگێڕیش لە سەرۆك و جێگری سەرۆك و بەرێوەبەرەكانی كارگێڕی، دارایی، پرۆژەكان، پەیوەندی و یاسایی لەخۆدەگرێت.
سەرچاوەی دارایی دامەزراوەكە، لە سێ رێگەوە دەبێت كە لە پەیرەوەكەدا ئاماژەی پێدراوە كە( ئەو كۆمەك و بەخشش و دیاریی و منحانەوەیە كە لە لایەن كەسان و كەرتی تایبەت و لایەنانی ناوخۆ و بیانیەوە پێشكەش دەكرێن).
سەچاوەی دووەمیان بریتیە لە (پشكی دامەزراوە لە پارەی بودجەی تەرخانكراوی هەرێم و هەر بەخشش و یارمەتییەكی دیكە بێت كە لە لایەن حكومەتەوە بۆ پشتگیریی پرۆژەكانی رێكخراوەكان پێشكەش دەكرێن)، سەرچاوەیەكی دیكەش (هەر دەستكەوتێكی دیكەیە كە دامەزراوەكە لە رێگەی وەبەرهێنەكانی خۆی و قازانجی چالاكییەكانییەوە بەدەستی دەهێنێت).
دامەزراوەكە بنەمای یەكگرتن لەگەڵ رێكخراو و دەستەی تر ناكات و پێشنیازی لەو جۆرەش ناكرێت لە پێناوی پاراستنی تایبەتمەندی و ئامانجی دامەزراوەكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان