بەسەرکردنەوەی ژنانی خەباتگێڕ

نەجیبە مستەفا ئەمین: بەردەوام دەرمانم دەنارد بۆ شاخ

09:29 - 2022-09-29
کەلتور
322 جار خوێندراوەتەوە
نەجیبە مستەفا ئەمین

ئا: نەسرین کوردە

یەکێک لەو تەوارانەی بە نهێنی لە رێی پیشەکەیەوە وەک پەرستار هەم خزمەتی بە رێکخستنەکانی ناوشار کردووە و هەم لە رەوانەکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکیدا هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کردووە خاتوو نەجیبە مستەفا ئەمینە. لەم دیدارەیدا لەگەڵ کوردستانی نوێ وردەکاریی کاری رێکخراوەیی خۆی و خزمەتەکانی بە شۆڕشی نوێی گەلەکەمان دەخاتەڕوو

وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات، خاتوو نەجیبە لە ساڵی  1957  لە سلێمانی لە دایك بووە و بڕوانامه‌ی په‌رستاریی بەدەستهێناوە. 
لە تەمەنی لاوێتییەوە تێکەڵ بە بزووتنەوەی سیاسی بووە و دەڵێت: «لە ساڵی 1975دا پەیوەندیم كردووە بە رێکخستنەکانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە و لە ناو رێکخستندا نازناوی گەلاوێژم هەبووە. 

هەڵکەوتووی ناو خێزانێکی خەباتگێڕ 
نەجیبەخان دەڵێت: «سەرەتا لە رێی دایكمەوە پەیوەندیم كرد بە رێكخستنەوە، جگە لەویش هاوسەرەكەم کە ناوی نەوزادی حسێن بەگ بوو و باوكم و براكانیشم هەریەک لە شەهید عەتای زیندانی سیاسی و هاوبەش و هاوڕێی خاڵۆزام لەناو شاردا رێکخستن بووین». ئەمەش بەو مانایەی کە لە خێزانێكی خەباتگێڕەوە پەروەردە بووە و رۆژ بەڕۆژیش ئەو هەستە نیشتمانی و  نەتەوەییە لەناخیاندا گەورەتر بووە.

لە رێکخستنەوە ئاگادار دەکرامەوە
لە درێژەی دیدارەکەدا دەڵێت: بەوپێیەی لە نەخۆشخانەی (جمهوری) سلێمانی  كارم دەكرد، ئەگەر نەخۆش یان برینداری ریزەکانی رێکخستنەکان بهاتنایەتە نەخۆشخانەكە، لە رێکخستنەوە ئاگاداردەكرامەوە و چاودێریم دەكردن، کە ئەوە لەو رۆژگارەدا زۆر مەترسیداربوو، بەڵام من نەدەترسام، جگە لەوەش بەردەوام پێداویستیی و كەلوپەلی  فریاگوزاریی سەرەتایی تەندروستیم دەهێنایەوە بۆ ماڵەوە و بە براكانمدا دەمنارد بۆ پێشمەرگە.
ئاماژەشی بەوەدا کە لە ماڵەکەیاندا شوێنی نهێنییان هەبووە کە وەك دەرمانخانەیەکی نهێنی پێداویستیی لێ داناوە ، چونکە زۆرجار مەفرەزەی شاخ یان شار لەماڵی ئەواندا کۆبوونەوەیان کردووە و ئامادەكارییان کردووە بۆ چالاكی لەناو شاردا.

خزمەتی رێکخستن لە دەرەوەی پیشە تەندروستییەکە
خاتوو نەجیبە راشیگەیاند: جگە لە کارکردن بۆ رێکخستن لە بواری پیشەکەی خۆیدا، هەندێک جار ئەرکی بڵاوكردنەوەی بەیاننامە و هەڵواسینی نووسراوەكانیشی گرتۆتە ئەستۆ و دەڵێت: «دوای خۆپیشاندانە گەورەكەی خوێندكاران، شەهید عەتای برام كە خوێندكاری ئامادەیی پیشەسازیی بوو، لەلایەن حكومەتی بەعسەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، ئیتر لەلایەن رێكخستنەکانەوە رەوانە کرا بۆ شاخ و بوو بە پێشمەرگە، هەرکاتێکیش بهاتبایەتەوە بۆ ناوشار بۆ جێبەجێکردنی چالاكیییەک، پێشوەخت منی ئاگادار دەكردەوە تا پێداویستی پزیشكی بۆ ئامادە بكەم،  لەبەرئەوەی تەمەنم زۆر نەبوو، ئەركی زۆری پێ نەدەسپاردم.
هەر لە قسەکانیدا ئەوەی روونکردەوە کە هاوڕێی کوڕی خاڵی زۆرجار ناردوێتی بۆ ماڵی خۆیان بۆ هێنان و بردنی کەلوپەلی تایبەت بەکاری رێکخستن بەو پێیەی کەمتر جێگەی گومان بووە. 

گواسترامەوە بۆ بازیان
هەروەها وتی: «دایكم حاجی عائیشەی گوڵە، لەگەڵ ست جەمیلە و رووناك خان‌ و ست بەهیە مەعروفدا كاریان دەكرد، منیش هەر لەگەڵ ئەواندا كارم دەكرد و كۆبوونەوەکان بەزۆری لەماڵی ئێمە بەڕێوەدەچوو.
ساڵی  1976  لە نەخۆشخانەی (جمهوری)یەوە گواسترامەوە بۆ بازیان، بەڵام دوای چەند ساڵێك گەڕاینەوە بۆ سلێمانی. 
بە پێی گێڕانەوەکانی ئەو ساڵی 1977دا شەهید عەتای برای لە كاتی هەڵواسینی بەیاننامەكاندا لەلایەن دەزگا داپڵۆسێنەرەکانەوە هێرش دەکرێتە سەری و بریندار دەکرێت، بەڵام نەتوانرا  دەستگیربكرێت و لەدەستیان هەڵاتبوو و لە ماڵێكدا خۆی شاردبۆوە دواتر خاتوو نەجیبە لەگەڵ دایكیدا چووە بەدوایدا و بردوویانەتەوە ماڵی خۆیان و هەر لەوێ تیماری كردووە، بەڵام دوای دوو رۆژ لەلایەن ئەمنەوە دەستگیركراوە. 
لەبارەی شەهید عەتای برایەوە دەگێڕێتەوە کە بۆ ماوەی چەند مانگێك لە ژووری ئیعدامدا بووە و سەردانیكردنیشی قەدەغەبووە، کە تاوانبار ملازم موحسین ناوی لێنابوو واشە هەڵگر».
هەروەها دەڵێت: «ئێمەش لەماڵەوە بۆ ماوەی یەک هەفتە دەستبەسەربووین دوای ئەوەش بەردەوام ملازم موحسین چاودێریی دەكردین و دەیگوت: ئەمە ماڵی واشە هەڵگرەكەیە». 
هەر لەوبارەیەوە ئاماژە بەوە دەدات کە باوكی سێ پارێزەری بۆ گرتووە، بەڵام بەداخەوە نەک نەیانتوانی رزگاری بكەن‌ و بەڵکو نەیانتوانی حوکمەکەشی بۆ داببەزێنن بۆ زیندانی هەتاهەتایی، بۆیە دوای شەش مانگ لە سێدارەدراو تەرمەكەشیان نەدراوەتەوە.

هاوسەرەکەشم لە رێکخستندا بوو
خاتوو نەجیبە هەروەها دەڵێت: «هاوسەرەكەم جگەلەوەی فەرمانبەری دەوڵەت بوو، ئەندامی یەکێتیی شۆڕشگێڕانیش بوو لەناو شاردا و بە بەردەوامی خەڵكی هاندەدا لە دژی حكومەت‌ و بەیاننامەی  بڵاودەكردەوە و لەگەڵ هاوبەشی برامدا كە منداڵ بوون‌ و خوێندكاریش بوون پێکەوە لەسەر دیوارەكان دروشم و پەیامەکانی  شۆڕشیان دەنووسی، بۆیە بەردەوام لەلایەن پیاوانی ئەمن و سیخوڕەکانیانەوە چاودێریان دەكرا و بەڵام نەیانتوانیووە لەكاتی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكاندا دەستگیریان بكەن،  بەڵام دەڵێت:  لە ساڵی 1981 دا كاتێك لە دەوام دەگەڕایەوە، ئەمنەكان لەسەر رێگاكەی بۆسەیان بۆ دانا و شەهیدیان كرد.

نیگەرانە لە پشتگوێخستنی
خاتوو نەجیبە نیگەرانیی خۆشی نەشاردەوە لەوەی کە هاوسەرەکەی بەو جۆرە كاری کردووە و بەو جۆرەش شەهید بووە، بەڵام تائێستا بە شەهید حساب نەكراوە.
 هەروەها دەڵێت: دواتر هاوڕێی براشم دەستگیركراو  زۆر ئەشكەنجە درا، کە تائێستاش شوێنی ئەشكەنجەکان بە جەستەیەوە دیارە، جگە لەو هاوبەشی براشی لە زانكۆی سەڵاحەدین كاری رێكخستنی دەكرد و لەلایەن پیاوانی بەعسەوە چاودێریی دەكرا، بۆیە  لەكاتی چالاكییەكدا برینداركرا‌ و سەری زۆر ئازاری پێگەیشتبوو تا دواتر لێی كرد بە وەرهەم، بۆیە ناردیانە دەرەوەی وڵات، دوای چەند نەشتەرگەرییەك دۆخی ئاسایی بۆوە، بەڵام دواجار لە ساڵی 2018 هەر بەهۆی کاریگەریی برینەكەیەوە گیانی سپارد‌ و نەمانتوانی تەرمی ئەویش بهێنینەوە.

تۆڵەی شەهید عەتای برای
بەهاری ساڵی 1991 كاتی راپەڕینەكە لە نەخۆشخانە ئامادەكاریم دەكرد بۆ چارەسەر و تیمارکردنی بریندارەكان، كە گەڕامەوە بۆ ماڵەوە پێشمەرگە و خەڵکی راپەڕیو تۆڵەی شەهید عەتایان کردبۆوە لەو تاوانبارەی کە دەستگیری کرد، بۆیە تا رادەیەکی زۆر سەبووریی بە دڵماندا هات.
هەروەها وتی: «ئەمەی دەیڵێم بە وتن‌ و نووسین ئاسانە، بەڵام رۆژگارێکی زۆر سەخت و دژواربوون».

بابەتە پەیوەندیدارەکان