راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
کارەبا یەکێکە لە پێویستیە سەرەکیەکانی هاووڵاتیان و تائێستا لە هەرێمی کوردستان نەتوانراوە بەشێوەیەکی بەردەوام دابین بکرێت، هاووڵاتی بۆ دەستکەوتنی وزەی کارەبا پشت بە دوو سەرچاوە دەبەستێت، موەلیدەی گەڕەکەکان و کارەبای نیشتمانی هێشتا لە وەرزی زستاندا بەوە شێوەیەش هاووڵاتی 24 سەعات کارەبای پێ نادرێت و سەرەڕای ئەوەش دەبێت هاووڵاتی دووجار پارەی کارەبا بدات.
لە ماوەی رابردوودا به مهبهستی رێكخستنهوهی كارهبا و كهمكردنهوهی سهرپێچیی سهر تۆڕەكانی كارهبا، حكومهتی ههرێمی كوردستان پڕۆژەی پێوهری زیرهكی جێبهجێكرد و ئێستاش له رێگەی سیستمی (پریپەیمێنت)ـەوە ههوڵ دەدات كارهبای 24 سەعاتی بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، بەپێی ئەم سیستمە هاووڵاتی بە کارت یەکەی کارەبا دەکڕێت و دەتوانێت بەپێی پێویستی خۆی بەکاریبهێنێت.
لای وەزارەتی کارەبا پەسەندکراوە
عەلی ئیسماعیل ئەندامی لیژنەی باڵای بەستنی پێوەری زیرەك، له بارهی سیستمی پریپهیمێنت وتی، سیستەمەکە بەشێكە لە بەشەكانی پێوەری زیرەك و هەمان تایبەتمەندی پێوەری زیرەكی هەیە و لە لایەن وەزارەتی كارەباوه پەسەند كراوە.
سیستمەکە سەرەتا وەك تێست لە بازاڕی لەنگە لە شاری هەولێر کەوتووەتە کار کە هەزار و 500 هاوبەشی هەیە، پلانەكە بۆ ماوەی سێ مانگ تێست بوو بۆ ئەوەی بزانرێت لایەنە باش و خراپەكانی سیستمەکە چین.
وتیشی، ئێستا جێبەجێکردنی ئەو سیستمە لە بازاڕی لەنگە لە مانگی پێنجەمدایە و بۆمان دەركەوتووە وزەی ونبوو بە چوار بۆ پێنج هێندە كەم بووەتهوە، واتە پێشتر %8 بوو، بهڵام ئێستا بووەته 2 %، ئهمهش ژمارەیەكی پێوانەییە، لەهەمانكاتدا توانیمان کارەبایەکی 24 سەعاتی بۆ بازاڕەکە و بە ڤۆلتیەیهكی جێگیر دابین بكەین.
نرخەکەی زیاد نەکرێت
هاوڕێ بەهرام، خاوەنی دوكانە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر وتی، كارەباكهمان زۆر باشه، چونكە بووە بە كارت و پارەكەشی كەمترە لە پێشتر و زۆر جیاوازه پێشتر به دووجار پارهی کارەبای مۆلیدە و نیشتمانیمان دەداو زۆرتریش دەکەوت لەسەرمان.
ئەیوب مستەفا، یەكێكی دیکەیە لە خاوهن دوكانهكان و دهڵێت: ئێستا دۆخمان زۆر باشە لەگەڵ كارەبا، ئەگەر ئەو سیستمە بەردەوام بێت هەردوو لایەن سوودمهند دهبین، بەڵام بەو مەرجەی نرخەکەی زیاد نەکرێت.
خۆشەویست خالید، خاوهن دوكانێکی ترە باسی لەوەکرد، ئەم سیستمە نوێیەی کارەبا کارێکی زۆرباشە و وای لێهاتووە خەڵك بەپێی پێویست كارهبا بهكاربهێنێت و نرخهكهشی كەمترە و بەكەمتریش لەسەر هاووڵاتی دەكەوێت، سەڕەرای ئەوەش 24 سەعات كارەبامان هەیه.
کاریگەریی لەسەر رەوشی کارەبا دەبێت
ئێستا لە شاری دهۆک لە ئەڤرۆ ستی و بازاڕی دهۆك دەست بە دانانی هەمان سیستەم كراوە.
کامیل قەزاز بریکاری وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: پلانی وەزارەتی کارەبا ئەوەیە سیستمی پریپەید جێبەجێ بکرێت، هاوشێوەی کارتی مۆبایل هاوبەشانی کارەبا بەکاریدەهێنن.
کامیل قەزاز وتیشی، ئەگەر سیستمەکە سەرکەوتوو بێت و لەگەڵ کۆمپانیا گەیشتینە رێککەوتن، ئەوە رەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران وەردەگرین بۆ ئەوەی لە ھەموو هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، چونکە سیستمەکە کاریگەری دەبێت لەسەر رەوشی کارەبا و خەرجی کەم دەکاتەوە و داهات زیاد دەکات.
لهبارهی نرخی ئەو کارتەی کە بۆ کڕینی کارەبا دیاری کراوە لە سیستەمەکە، عەلی ئیسماعیل باسی لەوە کرد، له سیستمی وەزارەتی كارەبادا نرخ دیاریكراوە لەسەر پۆلی (بازرگانی، ماڵان و پیشەسازی) نرخی کارەبا هەمان نرخی جارانە، بەڵام شێوازی پارەدانەكەی گۆڕاوە، پێشتر له كۆتایی مانگ پارهكه دەدرا، بهڵام ئێستا لە سەرەتای مانگ پاره دەدرێت و هەمان نرخ و ژمارەیە بۆ هەموو پۆلەكان، بەڵام بە كارەبایەكی ٢٤ كاتژمێری.
لە سیستمی (پریپەیمێنت)دا نرخی کارەبا وەک رابردوو دەبێت و تەنها شێوازی پارەدانەكە دەگۆڕێت
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سیستمە لە قازانجی هاووڵاتیە لەبەرئەوەی كاتێك سەیری پێوەرەكەی یان ئامێرهكهی دەكات، دەزانێت چەند كیلۆ واتی ماوە پلانێك بۆ خۆی دادەنێت تاسەری مانگ و بهگوێرهی پێویست كارهباكه بهكاردەهێنێت، ئەوە خۆی لە خۆیدا پڕۆژەیەكی بەكاربردنە و وادەكات هاوبەش كۆنترۆڵی خۆی بكات و خواست لەسەر كارەبا كەمتر بكاتەوە، ئەوەش دەبێتە فاكتەرێك بۆ زیاد پێدانی كارەبا، ئەگەر ئەو سیستەمە لە سەرتاسەری هەرێم پەیڕەو بكرێت زۆربەی كێشەكان چارەسەر دهبن.