ئـەمـڕۆ دیـداری یـەکـێـتـی لـە هـەولـێـر بـەڕێـوەدەچـێـت

04:26 - 2022-03-31
کوردستان
1195 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ 31/3/2022 کۆنفرانسی ئامادەکاریی دیداری یەكێتی لە شاری هەولێر بە بەشداریی سەرجەم ئۆرگانەكان و کەسانی پسپۆڕ و شارەزای سەربەخۆ بەڕێوەبچێت.
مەحمود خۆشناو وتەبێژی مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دوای گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ کۆنفرانسی ئامادەکاریی دیداری یەكێتی، لە سنووری هەولێریش هاوشێوەی پارێزگاكانی تر، ئامادەكارییەكان دەستیپێكرد و بەپێی ئامادەكارییەكانیش ئەمڕۆ پێنجشەممە 31/3/2022 کۆنفرانسی ئامادەکاریی دیداری یەكێتی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، لە دیدارەكەشدا سەرجەم چین و توێژەكان ئەوانەی سەر بە ئۆرگانە جیاجیاكانی یەكێتی بن یان لە دەرەوەی یەكێتی بەشداری دەكەن، لە رێگەی لیژنە تایبەتەكانیشەوە سەرنج و تێبینییەكان كۆكراوەتەوە، تا دوای گفتوگۆكردن پێشكەش بە سەرپەرشتیانی دیدارەكە بكرێت.
راشیگەیاند: دیداری یەكێتی لە هەولێر گرنگی خۆی هەیە، بە تایبەتی لەم قۆناغەدا كە كوردستان و ناوچەكە لە بەردەم چەندین گۆڕانكاریی گەورەدان، لە دیدارەكەشدا بە هۆی بەشداریی شارەزایان و پسپۆڕانی دەرەوەی ئۆرگانەكانی یەكێتی، دەتوانرێت قسە لەسەر هەموو ئەو بابەتانە بكرێت كە پەیوەندی بە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانییەوە هەیە.
روونیشیكردەوە كە یەكێتی هەمیشە پشتگیری لە داوا رەواكانی خەڵكی كوردستان كردووە و دژی گەندەڵی و پەرەسەندنی تاكڕەوییە، بۆیە دیداری یەكێتی لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاریداوە بە فۆڕمێكی نوێوە سیاسەت و حزبایەتی بكات، تاكو لەو رێگایەوە كار بۆ چارەسەركردنی گرفتی هاووڵاتیان بكرێت، كە ماوەیەكی زۆرە بۆتە جێگای نیگەرانیی خەڵكی كوردستان، وەك گەندەڵی و پرسی مووچە و داهاتەكانی ناوخۆ، پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان و زۆر پرسی دیكە.
بڕیارە دیداری یەکێتی لە مانگی ئایاری داهاتوودا ساز بکرێت و پێشتریش کۆنفرانسی دیداری یەکێتی لە دهۆک و بادینان و هەروا لە کەرکوک سەڵاحەدینیش بەڕێوەچوو.

#دیداری یەکێتی

بابەتە پەیوەندیدارەکان