هەڵمەتی روخاندنی كەپرە ماسییە زیادەڕۆکان دەستیپێکردووە

09:00 - 2022-10-06
ڕاپۆرت
583 جار خوێندراوەتەوە
هەڵمەتی روخاندنی ئەو کەپری ماسییانەی زیادەڕۆییان کردووە

کەرکوک/ هێمن ئەحمەد

 چەند رۆژێكە، شارەوانی و لیژنەكانی قائیمقامیەتی كەركوك هەڵمەتی روخاندنی زیادەڕۆكانی لە سەرتاپای پارێزگاكە دەستپێكردووە، هەڵمەتەكەش بۆ ئەو شوێنانەیە «خانوو، كەپر، دوكان»یان، لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكان دروستكردووە، بەشێك لەم زیادەڕۆیانە كاریگەریان لە رووی پاك و خاوێنی بۆ شارەوانی و گیروگرفت و قەرەباڵغیشی بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی كەركوك دروستكردووە، هەموو ئەمانەو زۆری تر لەم كێشانە چوونەتە چوارچێوەی روخاندنی زیادەڕۆییەكان لە كەركوك، كەپری ماسی فرۆشەكانیش لەگەڕەكی حیسابات دەچێتە چوارچێوەی ئەو زیادەڕۆییەوە.
كەریم عەبدوڵڵا، كەپری ماسی برژاندنی لە گەڕەكی حیسابات هەبوو، لیژنەكانی قائیمقامیەتی كەركوك رووخاندبووی، وتی: لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە بەشێوەی گەڕۆك لەم شوێنەدا دوكانم كردبۆوە و بۆ چەند ساڵێك بەمشێوەیە بەردەوام بووم، نزیكەی 10 ساڵ دەبێت گرێبەستێكمان لەگەڵ شارەوانی كەركوك ئیمزا كردووە لە بەرامبەر كۆشك و كەپرانەی لەو شوێنە دامەزراندووە ساڵانە كرێ بدەین بە شارەوانی.
وتیشی:  ئێمە گرێبەستی سێ ساڵمان لەگەڵ شارەوانیدا هەیە و لەسەرەتادا كەپرەكان بەم شێوەیە زۆر نەبوون، وردە وردە  زۆر زیادیان كرد و ئەوانە هیچ گرێبەستێكیان لەگەڵ شارەوانی نەبوو، ئیشەكەشیان لە ئێمەش تێكدا، ئێواران قەرەباڵغیەكی زۆریان دروستدەكرد نەكڕیار و نەفرۆشیار رەچاوی ئەو قەرەباڵغییەیان نەدەكرد، بۆیە هەر یەك لە شارەوانی و هاتوچۆ سكاڵای خۆیان بردە لای لیژنەكانی قائیمقامیەتی كەركوك و ئەوانیش كەپرەكانیان بەزیادەڕۆیی هەژمار كرد.

زیانەکان بە ملیۆنەها دینار مەزەندە دەكرێت
عەلی محەمەد، یەكێك بوو لەو كاسبكارانەی گەڕەكی حیسابات كە كەپری ماسی برژندانی هەبوو، وتی: بۆ پێنج ساڵ دەچێت ئەم كەپرەم هەیە، بەڵام لەم ساڵدا تەنگ و چەڵەمەمان لەگەڵ شارەوانی و قائیمقامیەتدا زۆر بووە، هەر جارەو گێچەڵێكمان پێدەگرن، گێچەڵەكانیش بنەمایەكی راستیان نییە،گیروگرفت بۆ هەر دوولامان دروستبووە، چونكە شارەوانی بەجیا و قائیمقامیەتی و پۆلیسی هاتوچۆش بەجیا گلەیی و گازندەی خۆیان لە دژی ئێمە بەرز كردۆتەوە، چونكە لە رابردوودا شوێنەكە لە ئێواراندا قەرەباڵغی نەبوو، بەڵام ئێستا زۆر  بووە و شارەوانیش دان بە گرێبەستەكاندا نانێت ئەمەش لە بەرژەوەندی ئێمە نییە و زیانێكی گەورەش بەر دوكان و كەپرەكان كەوتووە كە بە ملیۆنەها دینار مەزەندە دەكرێت بۆ هەر كەپرێك.

خاوەن گرێبەستەکانیش دەگرێتەوە 
محەمەد جومعە، کە خاوەن كەپر بوو، وتی: كێشەكانی ئێمەی خاوەن كەپرو شارەوانی لەوەدایە گوایە ئێمە لەو رووبەرەی شارەوانی بۆی دیاری كردووین زیادەڕۆیمان كردووە و بەشێكمانیش سەر شەقامەكانیان داگیركردووە و بە بلۆك و چیمەنتۆ هەڵیانچنیووە، بەڵام بەو شێوەیە نییە، چونكە ئێمە لە سنووری خۆمان دەرنەچووین، بەڵام دەبوو لیژنەكانی قائیمقامیەت و شارەوانی رەچاوی گرێبەستەكانی ئێمەیان بكردایە، نەوەكو تەڕ و  وشک پێكەوە بسووتێنن، راستە بەشێك لە كەپرەكان ئاستەنگیان بۆ هاتوچۆ دروستكردووە، بەڵام سەرەتا دەبوو لێكوڵینەوە لەگەڵ ئەو كەپرانە بكەن گرێبەستیان نییە و بەشێوەی زیادەڕۆ دروستكراون، نەك ئێمەی خاوەن حەق كە هەم مۆڵەتی شارەوانیمان هەیە هەم گرێبەست.

زیادەڕۆییەكان لە ئەستۆی خۆیاندایە
فەرەیدون عادل زەنگەنە، سەرۆكی شارەوانی كەركوك، رایگەیاند: راستە ئەو كاسبكارانەی گەڕەكی حیسابات گرێبەستیان لەگەڵ شارەوانی هەیەو ساڵانە پارەو كرێی خۆیان دەدەن، بەڵام لە رووی رووبەرەوە زیادەڕۆییان كردووە، چونكە لە گرێبەستەكەدا ئاماژە بەوە كراوە هەر كەپرێك تەنیا لەسێ مەتردا بۆی هەبوو كار بكات، بەڵام زۆربەیان شوێنی كاركردنیان كردووە بەشەش مەتر، ئەمەش جێگەی قبووڵكردنی نییە، چونكە ئاستەنگیان بۆ هاتوچۆ دروستكردووە.

دار بڕینەوەشی هاتەسەر
وتیشی: كێشەیەكی تری ئەم ماسی فرۆشانە ئەوەیە بڕینەوەی دارو درەختیان دەستپێكردووە، هەروەهابەبێ ئەوەی رەچاوی ژینگە پارێزی بكرێت بازرگانێكی زۆریان راسپاردووە بە بڕینەوەی درەختی سەوز و بەردار كە رێژەكەش زۆر ترسناك و مەترسیدارە، جگە لەوەش ئەم کەپرانە ببوونە هۆی ناشیرینكردنی سیمای شار، بۆیە شارەوانی بەپێی گرێبەست رێگەی كاركردن و بەكارهێنانی شەقامەكەیان پێدەدات.

#كەركوك

بابەتە پەیوەندیدارەکان