ئیمپراتۆریەتی پشیلە

12:01 - 2022-10-09
ژینگە
659 جار خوێندراوەتەوە

ئا: بورهان ئەمین

ئەگەرچی لەسەر رووی زەمین مرۆڤ زۆرینە و دەستڕۆیشتوو دەسەڵاتی رەهای هەیە، بەڵام لە هەندێ شوێن و ناوچە و شار و دورگە پشیلە زۆرینەیە و هەر خۆی یەکەم و پڕ هەژموون و بێ رکابەرە و لە مرۆڤەکان خۆشەویستترە.
یۆنان
ئیدارەی دورگەی Syros ی یۆنانی کە دەکەوێتە سەر دەریای ئیجە، سەدان پشیلەی بێ خاوەنی لە شارۆچکەکە و دورگەکانی تر  کۆ کردۆتەوە، لە شوێنێکی تایبەتی و شایستە بەخێویان دەکات، ئەو شوێنە گەشتیارییە ساڵانە دەیان هەزار کەس سەردانی دەکەن، بۆ بەخێوکردنی ئەو پشیلانە چەند هەلێکی کار راگەیانراوە و زیاتر لە 40 هەزار سیڤی پێشکەشکراون کە ژیان لەگەڵ ئەو پشیلانە ببەنەسەر و خاوەندارێتیان بکەن، ئەو دورگەیە لەو کاتەوەی ئەوەی کردووە ژمارەی گەشتیاری دوو هێندە بەرزتربۆتەوە، لەوێ پشیلە واتە ژیان و خۆشی و گەشت و یادگارییەکان.
ئیتالیا
دەگێڕنەوە لە سەدەی 44 ی پێش زایین ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی « یۆلیۆس قەیسەر» ئیمپراتۆریەتی رۆمانی لەشاری Largo di Torre Argentina ئیتاڵیدا کوژراوە، ئێستا ئەو شوێنە بۆتە ناودارترین شوێنی جیهان بە جوانییەکانی ئەو پشیلانە ناوبانگی دەرکردوە، 250 پشیلەی بێ باوان و سەرگەردان لە دەوروبەری رۆمای پایتەخت کۆکراونەتەوە و لەوێ بەخێودەکرێن، لای گەشتیاران پڕ بایەخ وخۆشەویستن، ئێستا ئەو پشیلانە بەجوانترین و شایستەترین شێواز بەخێو و پەروەردە دەکرێن.    
ژاپۆن
دورگەی Oshima دەکەوێتە باشوری ئەو وڵاتە، شوێنێکی گەشتیاری جوان و سەرنجراکێشە، ژمارەی دانیشتوانەکەی 6000 کەسە کەچی 1000 پشیلەی لێیە، ئەو پشیلە کێویانە لە دارستانەکانی نزیک سەردەریا کۆکراونەتەوە و براونەتە ناوشارەکە، بوونەتە سیمایەکی دیاری دورگەکە و هیچ ماڵێک، دوکانێک، شوێنێک نییە دوو سێ پشیلەی لێ نەبێ و گەشتیاران چێژیان لێ وەردەگرن، بوونی ئەو هەموو پشیلەیەش لەوەوە هاتووە کە لەساڵی 1945 دانیشتوانەکەی تەنها 900 کەس بووە، بژێوی ژیانیان لەسەر راوەماسی و بەرهەمی حەریر بووە، بەڵام لەپڕ مشک تەنگی پێهەڵچنیون و لە هەر بستێکی خاکەکەیاندا مشکێک دەرپەڕیوە، بۆیە ناچار پشیلەیان هێناوەتەوە دورگەکە و بەهۆی زاوزێی زیادیان کردووە.
ئەمریکا
لە ماڵ و مۆزەخانەی هەمنگوای لە فلۆریدا سەدان پشیلە هەیە و رۆژانە دەچنە دیداری میوانانی مۆزەخانەکە، ئەو شوێنە ماڵی نووسەری ناوداری ئەمریکی « ئارنست هەمنگوایە» ئێستا کراوەتە مۆزەخانە، کاتی خۆی پشیلەیەکی هەبووە لەجۆری «سنۆبۆل» ئێستا زیادیان کردووەو نەوەکانی لە 50 پشیلە زیاترن، هەمویان لەو ماڵە بەخێودەکرین و هەریەکەیان بەناوی کەسێکی بەناوبانگ ناونراوە لەوانە یەکێکیان ناوی بیکاسۆیە، یەکێکیان هاری ترۆمان و یەکێکی دیکەیان مۆزارت.
سێبیریا 
شارۆچکەی «بریگۆردۆنی» هەرێمی سێبیریا بە خاکی پشیلە ناسراوە، سەدان پشیلەی لێیە، هەمویان  لەیەک جۆرن سپی و توک نەرمن، بەرگەی سەرماو سۆڵەدەگرن و پتە و زیرەک و چاوزیت و وریان، جاران تەنها ماڵیی بوون و لەگەڵ خەڵکی گوندەکە دەژیان، بەڵام لە 30 ساڵی رابردوودا ئەو گوندە بۆتە کارگە و کێڵگەی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی ئەمجۆرە پشیلانە و ساڵانە هەزارانیان لێ دەفرۆشرێ و رەوانەی وڵاتانی جیهان دەکرێت، لەوێ پشیلە بەخێوکردن بۆتە کەرتێکی بازرگانی، بەڵام لە ژێر چاودێری یاسا نەک هەر رێزیان لێدەگیرێ و ئازارنادرێن، بگرە لە ژیانێکی کامەرانیدا دەژین، تێروپڕن و خەریکی یاری و مەزاقن.
سەرچاوە: Sumikai
 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان