بڕیاری 688 و دیپلۆماسی بە کۆمەڵ لە کۆڕەودا

06:00 - 2022-04-02
کوردستان
1268 جار خوێندراوەتەوە

دوای هەڵکردنی ئاڵای سپی سوپای بەعس لە ژێر «خێوەتەکەی سەفوان» بە ئامانجی دڵ رازیکردنی تورکیا بووبێت لە دژی راپەڕینی خەڵکی کوردستان، یان دڵڕاگرتنی وڵاتانی عەرەبی سوننە لە مەترسیی پەلهاویشتنی بزاوتی شیعە لە راپەڕینی باشوور و کاریگەریی بۆ سەر کەمینەی شیعە لە وڵاتە سوننە مەزهەبەکانی هاوسنووری عیراق، ئەوە دەستی سەرانی بەعسی واڵاکرد تا چەندی پێیان بکرێت ئەو شار و ناوچانە کۆنترۆڵ بکەنەوە کە لە راپەڕیندا لە دەستیان دابوو.
ئەوەی لەم پڕۆسەیەدا بووە خاڵی وەرچەرخان و پەیامێکی گەیاندە میدیاکان و لەوێوە بۆ رای گشتی و لەوێشەوە بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتی کۆڕەوی خەڵکی کوردستان بوو، ئەگەرچی کۆڕە و بە دیوێکدا ترسی خەڵکی کوردستان بوو لە شێوازی سیاسەتە گڵاوەکانی بەعس کە پێشتر لە کیمیاباران و ئەنفالدا گەیشتبووە ترۆپکی نامرۆڤایەتی، بەڵام بە دیوێکی دیکەیدا  جەختکردنەوەی خەڵکی کوردستان بوو لەسەر ئەوەی چیتر ئامادە نین لەگەڵ رژێمێکدا هەڵبکەن کە ئەوەی باوەڕی پێی نییە ئازادییە، بۆیە خەڵکی کوردستان لەم پەیامەدا توانیان لەناو جیهانی بەرژەوەندیخوازی ئەو رۆژگارەدا لە رێی میدیا جیهانییەکانەوە رای گشتی و مرۆڤدۆستان لە سەرتاسەری جیهان بورووژێنن و وڵاتە زلهێز و بڕیار بەدەستەکانی جیهان ناچاربکەن کە کۆڕەو لانیکەم لە مۆرکە مرۆییەکەدا بخەنە رۆژەڤی کۆڕو کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکانەوە.
دیارە لێرەدا ناکرێت رۆڵی مرۆڤدۆستانەی فەرەنسییەکان و سەرۆک فرانسوا میتران-ی سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا لەبیر بکرێت کە وڵاتەکەی وەک ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وەک لانکەی ئازادیی سیاسی و مرۆڤدۆستیش لە سەردەمی جیهانی هاوچەرخدا رۆڵی پێشەنگانەی بینی لە خاوەنداریکردنی پەیامی کۆڕەوی خەڵکی کوردستان و تەرجومەکردنی ئەو پەیامە لە پەیامێکی مرۆڤدۆستانە و بەهاناوەچوونی فریاگوزارییەوە، بۆ پەیامێکی سیاسی کە سەرەنجام بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و گرنگترین خاڵیشی دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین و گەڕانەوەی ئاوارەکان بوو بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان و دەرکردنی لێبووردنی گشتی کە هەر تەنها ناوچەی دژە فڕینەکە بایی ئەوە بوو کە چیتر هێزەکانی رژێمی بەعس نەتوانن وەک پێش راپەڕین کۆنترۆڵی ناوچەکە بکەنەوە، هەربۆیە لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە و دووبارەبوونەوەی راپەڕین لە چەند ناوچەیەک، رژێم خۆی پاشەکشەی لە بەشێکی زۆری کوردستان کرد و ئەوەش بووە دەرفەت بۆ هەڵبژاردن و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی کوردستان.
واتە ئەگەر کۆڕەو وەک دیمەنێکی تراجیدی کارەساتێکی مرۆیی بووبێت، ئەوا لە دیمەنە سیاسییەکەیدا بووە کردەیەکی دیپلۆماسیی دەستەجەمعی خەڵکی کوردستان و لەڕێی بڕیاری 688-ەوە دەستکەوتی سیاسی گەورەی بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەر کرد.  

#کوردستان #کۆڕەو

بابەتە پەیوەندیدارەکان