ئانی ئیرنۆ نووسه‌ر و مامۆستای زانكۆی فه‌ره‌نسایی دیسه‌مبه‌ری ساڵی 1940 له دایكبووه. رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی رابردوو (6/10/2022) خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بی ساڵی 2022ی وه‌رگرت. ئیرنۆ پێش ئه‌م خه‌ڵاته‌ش چه‌ندان جار خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه و خه‌ڵاتی «مارگرێت یورسنار» له ساڵی 2017 دا بۆ كۆی به‌رهه‌مه‌كانی له‌و خه‌ڵاتانه‌یه.
ئانی ئیرنۆ پێش ئه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی كه به ناوی «ساڵه‌كان»ه بڵاوبكاته‌وه تاڕاده‌یه‌كی زۆر له به‌ریتانیا نه‌ناسرابوو، به‌ڵام دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌و وڵاته ناوی چووه ناو كاندیده‌كانی خه‌ڵاتی بوكه‌ری نێوده‌وڵه‌تییه‌وه. لێره‌دا ئه‌م دیمانه‌یه‌ی ده‌خوێنینه‌وه كه هی سێ ساڵ پێش وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌یه:
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
*تۆ له كتێبی "ساڵه‌كاندا" "كه‌سێك"یان "ئێمه" هه‌ندێك جاریش "ئه‌و" یان "ئه‌وان"ت به‌كارهێناوه و هه‌رگیز "من"ت به‌كارنه‌هێناوه، كه بۆ نووسینی كتێبی ژیاننامه‌ی تایبه‌ت نائاساییه.
-كاتێك بیر له ژیانی خۆم ده‌كه‌مه‌وه، به چیرۆكی ژیانمدا ده‌چمه‌وه له مناڵییه‌وه هه‌تا ئێستا، ناتوانم ئه‌و چیرۆكه له‌و دنیایه جیا بكه‌مه‌وه كه تیایدا ژیاوم. چیرۆكی ژیانی من پێكهاته‌یه‌كه له‌و رووداو و به‌سه‌رهاتانه‌ی به‌سه‌ر نه‌وه‌كه‌ی مندا هاتووه. له نه‌ریتی نووسینی ژیاننامه‌دا ئێمه سه‌باره‌ت به خۆمان قسه ده‌كه‌ین و رووداوه‌كان له باكگراونددا جێگای خۆیان ده‌گرن. من ئه‌و نه‌ریته‌م هه‌ڵگێڕایه‌وه. ئه‌م كتێبه چیرۆكی رووداوه‌كان و پێشكه‌وتنه‌كان و هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه كه له ماوه‌ی شه‌ست ساڵدا له ژیانی تاكه‌كه‌سدا روویانداوه، به‌ڵام له رێگه‌ی ئێمه‌وه كه‌وتۆته گه‌ڕ. رووداوه‌كانی كتێبه‌كه‌ی من په‌یوه‌ندی به هه‌موو شتێكه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندی به مێژوو و كۆمه‌ڵناسیشه‌وه هه‌یه.
*ساڵه‌كان، بریتییه له گێڕانه‌وه‌ی رووداو و گۆڕانكارییه‌كانی زیاتر له نیو سه‌ده‌ی فه‌ره‌نسا. هه‌رچه‌نده تۆ رووداوه جیهانییه‌كانیشت باس كردووه. وه‌كو جه‌نگی عیراق و یانزه سێپته‌مبه‌ر، هه‌موو ئه‌مانه له گۆشه‌نیگای فه‌ره‌نسییه‌كه‌وه گێردراونه‌ته‌وه. چۆن ئه‌م كتێبه گه‌یشته ئه‌و جێگایه؟ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بوویت به كاندیدی خه‌ڵاتی "بوكه‌ر مه‌ن"ی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رسام بوویت؟
-به‌ڵێ زۆر سه‌رسام بووم. به‌ڵام ئه‌م كتێبه له ئه‌ڵمانیا و ئیتالیاش پێشوازی لێكرا و ته‌رجه‌مه‌كرا بۆ زمانی چینی، بۆیه له‌وانه‌یه ئه‌م كتێبه شتێكی زیاتر بێت له‌وه‌ی به‌ته‌نیا مێژووی فه‌ره‌نسا بێت. هه‌رچه‌نده من به شێوه‌ی راسته‌وخۆ شتێك ناگێڕمه‌وه و شتێكی ئاساییه كه مێژوویه‌كه له‌ناوجه‌رگه‌ی ژیانی كه‌سێكه‌وه ده‌گێڕدرێته‌وه، واته له ژیانی من و له‌ناوجه‌رگه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی منه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. من ئه‌م چیرۆكه ده‌سته‌جه‌معییه له رێگه‌ی هه‌ست و بیره‌وه‌رییه‌كانمه‌وه ده‌هێنمه‌وه یاد. كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی له‌م كتێبه‌دا زه‌مه‌نه كه ئه‌ویش ده‌گوزه‌رێ و هه‌موو شتێك له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات.
*گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه ته‌واو له هه‌ست دووره. تۆ زۆر شتی بچووكی تایبه‌تی روون ده‌كه‌یته‌وه. به‌ڵام باسی خێزانه‌كه‌ت، مناڵه‌كانت، كۆتایی ژیانی هاوسه‌ریت و عاشقبوونت ناكه‌یت. باسی ئه‌لزایمه‌ری دایكت ده‌كه‌یت، باسی چاوانی ئه‌و پشیله‌یه ده‌كه‌یت كه خه‌ریكه ده‌مرێت، باسی ئیره‌یی خۆت ده‌كه‌یت كاتێ دڵداری پێشووت هاوبه‌شێكی ژیانی گه‌نجتر ده‌دۆزێته‌وه. به‌ڵام باقی حاڵه‌ته‌كانی تر دوورن له هه‌ست و سۆز.
- من نووسه‌رێك نیم كه ته‌ركیز له‌سه‌ر هه‌ست و سۆز بكه‌م و ئه‌مه‌ش بابه‌تی كتێبی "ساڵه‌كان" نییه. بابه‌ته‌كه بابه‌تی قسه‌كردن نییه سه‌باره‌ت به بابه‌ته كه‌سی و تایبه‌ته‌كان. كاره‌كته‌ر ده‌توانرێت له رێگه‌ی وه‌سفی وێنه‌كانه‌وه ده‌ستنیشان بكرێت. من له هه‌ر ده‌یه‌یه‌كدا ته‌ركیز له‌سه‌ر وێنه‌یه‌ك ده‌كه‌م و باسی جلوبه‌رگ و رووناكی و شوێنی خۆم له وێنه‌كه‌دا ده‌كه‌م. هه‌رچه‌نده زۆر جار به هه‌ست و سۆزه‌وه باسی وێنه‌كان ده‌كه‌م.
*تۆ له خێزانێكی مامناوه‌ندیدا گه‌وره‌بوویت. دایك و باوكت دوكانێكی بچووكیان هه‌بوو، به‌ڵام تۆ چوویته زانكۆ. نووسه‌رانی فه‌ره‌نسی له چینی كرێكار وه‌كو ئیدوارد لویس، زۆرجار سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چ شتێك خێزانه‌كانیانی جیاده‌كرده‌وه نووسیویانه.
-راسته پێگه‌یه‌كی ئاوا ده‌گمه‌ن بوو، به‌ڵام من تاقانه بووم، خوشكه‌كه‌م پێش له دایكبوونی من مرد، له‌و لایه‌نه‌وه كه دایكم كاره‌كته‌رێكی به‌قوه‌تی هه‌بوو، عاشقی خوێندنه‌وه بوو، من هاندرام بچمه زانكۆ، به‌ڵێ مه‌سافه‌یه‌كی زۆر له نێوان من و خێزانه‌كه‌مدا هه‌بوو. ئه‌م مه‌سافه‌یه بوو به بابه‌تی یه‌كه‌م كتێبم كه چل ساڵ پێش ئێستا نووسیم.
*شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو كتێبی ساڵه‌كان-ی تێدا نووسراوه، ئایا ئه‌و قۆناغه مایه‌ی سه‌رنجی تۆ بووه؟
-له روانگه‌ی ئه‌زموونی ده‌سته‌جه‌معییه‌وه، قۆناغی پێش 1968، هه‌تا ده‌یه‌ی 1980، له‌وانه‌یه سه‌رنجڕاكێشترین قۆناغ بێت، وه‌كو خۆم ئه‌و قۆناغه‌ی كه زۆرترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی من هه‌بووبێت ته‌مه‌نی چل‌وپێنج ساڵی هه‌تا ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵیمه. واته ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی هه‌ستم به‌وه كرد ژنێكی ئازادم، ئه‌م قۆناغه ئازادییه‌كی گه‌وره‌بوو بۆ من، هه‌ستێكم باشم هه‌بوو بۆ ژیان.
*ئه‌ی ئێستا هه‌ست به‌چی ده‌كه‌یت؟
-ئیتر پیر بووم، ئه‌مساڵ ده‌بم حەفتا و نۆ ساڵ ورده كێشه‌ی سه‌لامه‌تی و ماندووبوونیش هه‌ن. ژنێك له كتێبه‌كانی كۆتایی سیمۆن دوبۆڤواردا هه‌یه ده‌ڵێت: "قۆناغێكی شیرین به مانای هه‌بوونی رابردوویه‌كی دوورودرێژه." ئه‌مه یه‌كێكه له‌و هه‌ستانه‌ی كه له‌م ته‌مه‌نه‌ی ئێستای مندا ده‌شێ هه‌تبێت و هه‌ستێكی باشیشه. دوا وێنه له كتێبی ساڵه‌كاندا، وێنه‌ی ژنێك و نه‌وه‌كه‌یه‌تی، به‌هه‌مان شێوه ئارامه وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای ساڵانی ته‌مه‌نیدا بێت.
*سه‌باره‌ت به جووڵانه‌وه‌ی ( # منیش به هه‌مان شێوه) رات چییه؟ سه‌باره‌ت به بۆچوونی كاسرین دونو رات چییه كه وتی: "ئیتر خه‌ریكه زۆر زیاده‌ڕه‌وی ده‌كه‌ن"؟
- سه‌باره‌ت به‌و قسه‌یه‌ی كردی هه‌ست به شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌م. ئه‌و قسه‌یه راوبۆچوونی گروپێكی ژنانی باش بوو. ئه‌گه‌ر بمه‌وێ راستگۆ بم ده‌بێت بڵێم له قسه‌كه‌ی بێزار بووم. به‌ڵام منیش له‌گه‌ڵ جووڵانه‌وه‌ی ( # منیش به هه‌مان شێوه) هاوڕام، گرنگ ئه‌وه‌یه ئیتر ژنان ره‌فتاری پڕ سووكایه‌تی قبووڵ ناكه‌ن. ئێمه له فه‌ره‌نسا زۆر سه‌باره‌ت به كه‌لتورمان قسه ده‌كه‌ین و خۆمان هه‌ڵده‌كێشین، به‌ڵام واقیع ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی پیاو هێشتا به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا زاڵه. مه‌سه‌له‌كه ته‌نیا جیاوازی ره‌گه‌زی نییه، له هه‌موو جێگایه‌ك ته‌نانه‌ت له ئه‌ده‌بیشدا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌یه. ژنانی نووسه‌ر كه‌متر بانگ ده‌كرێن بۆ به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی و له به‌رامبه‌ر هه‌ر سێ پیاودا ژنێك هه‌یه. ئێستا ئه‌و بیرۆكه‌یه هه‌یه كه ژن رۆماننووسه و پیاویش نووسه‌ر.
*ده‌ڵێیت هه‌میشه عاشقی كتێب بوویت. كام كتێبانه زیاتر كاریان تێكردوویت؟
هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه قورسه، له‌و كتێبانه: كتێبی "ژنی حه‌ره‌مسه‌را"ی جێرمانی گریر، كاتێ خوێندمه‌وه كه ده‌مه‌ویست رێگای نووسین بدۆزمه‌وه. رۆمانی "هێڵنج"ی جان پۆل سارته‌ر. "ره‌گه‌زه‌كه‌ی تر"ی سیمۆن دوبۆڤوار. كاتێ بیست و ئه‌وه‌نده ساڵ بووم ڤیرجینیا ۆۆڵفم ناسی. ئه‌مانه ئه‌و كتێبانه بوون كه ده‌مخوێندنه‌وه و حه‌زم ده‌كرد وه‌كو ئه‌وان بنووسم. به‌لای منه‌وه چیرۆكی رۆمان و ناوه‌ڕۆك گرنگ نییه، شێوازی نووسین به‌لای گرنگه.
*ئێستا خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی چ كتێبێكیت؟
-له‌م كاته‌دا خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی كتێبی "فلانۆس: ژنان له شاری پاریس، نیویۆرك، تۆكیۆ و له‌نده‌ن"ی لوران ئه‌لیكن-م
سه‌رچاوه: www.mehrnews.com