توندوتیژی بەرامبەر پیاوان روو لە زیادبوونە

09:55 - 2022-10-18
ڕاپۆرت
806 جار خوێندراوەتەوە
#لە شەش مانگی رابردوودا 233 سکاڵا لەلایەن پیاوانەوە تۆمارکراوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

مام حسێن پیاوێکی تەمەن 65 ساڵە، تەمەنی گەنجی بە کرێکاری لە ناوبازاڕ بەڕێکردووە و خێزانێکی حەوت کەسی پێگەیاندووە، بەڵام ئێستا توانای کارکردنی نەماوە و یەک مانگە لە هۆتێل دەمێنێتەوە، مام حسێن دەڵێت، تا هێز و گوڕم تیابوو ئیشم بۆ خێزانەکەم کرد و نەمهێشت ئیحتیاجی دەستی نامەرد ببن، بەڵام ئێستا بە کەڵکیان نایەم و لە هۆتێل دەمێنمەوە. 
مام حسێن وتی، وەک جاران توانای ئیشکردن و پارە پەیداکردنم نەماوە لە ماڵەوە بەردەوام ژنەکەم و مناڵەکانم بیانوویان پێ دەگرتم و شەڕ و ئاژاوە بوو سەرەتا لەسەر قسەی ئەوان خانووەکەم کرد بە ناوی ژنەکەمەوە، بەڵام کێشەکەیان هەر حەل نەبوو لە جاران خراپتربوون لەگەڵم و رێزیان نەدەگرتم بۆیە ماڵم بەجێهێشت و حەواڵەی خوایان دەکەم، لە هۆتێل دەخەوم و ئەو کەسانەشی ساڵانێکە لە ناوبازاڕ حەماڵیان لەلا دەکەم وەفایان بۆم هەیە و هاوکاریم دەکەن.

لە شەش مانگی رابردوودا 233 سکاڵا تۆمارکراوە
بەپێی ئامارێکی یەکێتی پیاوانی کوردستان لە ماوەی شەش مانگی رابردووی سەرەتای ئەمساڵدا پیاوان 233 جۆری سکاڵاو توندوتیژییان لە سەرجەم لق و ناوچەکان تۆمارکردووە دژی خێزانەکانیان، هاوکات 21 حاڵەتی خۆکوشتنی پیاوان هەبووە لەگەڵ سێ حاڵەتی کوشتنی پیاوان لەلایەن ژنانەوە بە هاوکاری کەسانی تر.
بورهان عەلی سەرۆکی یەکێتی پیاوانی کوردستان رایگەیاند، توندوتیژییەکانی بەرامبەر پیاوان دەکرێن چەند جۆرێکن، جەستەیی، دەرکردن لە ماڵ، دەست بەسەرداگرتنی مووچەکەی و رێگە نەدان بە بینینی منداڵەکانی و خیانەتی هاوسەری.
وتیشی، یاسای باری کەسێتی پیاوی بەرپرس کردووە بە دابینکردنی پێداویستییە خێزانییەکان 
لە هەمانکاتدا قەیرانی دارایی و زیادبوونی پێداویستییەکانی خێزان کاریگەرییەکی راستەخۆی لەسەر زیادبوونی توندوتیژییەکان هەبووە، جگە لەوە بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا بەشێوەیەکی خراپ، دەستێوەردانی کەسوکار لە ژیانی خێزانیدا بە رێژەیەکی زۆر زیادی کردووە.

پیاو هەیە بە شەش مانگ منداڵەکانی نابینێت
بەکارهێنانی منداڵ لەلایەن ژنانەوە دژ بە پیاوان دوای جیابوونەوەیان یەکێکی دیکەیە لەو کێشانەی رێژەی بەرزی لە سکاڵاکانی پیاواندا تۆمارکردووە و بورھان عەلی وتی، بەپێی یاسای باری کەسێتی عیراق و هەرێمی کوردستان کوڕ تاوەکو 18 ساڵ و کچ تاوەکو شوو دەکات مافی نەفەقەی هەیە لەسەر باوک، کەچی لە کوردستاندا هەزاران باوکمان هەیە بەبڕی 150 بۆ 250 و تاوەکو 400 هەزار دیناریان لە مووچەکانیان لێدەبڕێت، بەڵام بە شەش مانگ منداڵەکانیان نابینن.
لەبارەی دەرکردنی پیاوان لە ماڵەوە  سەرۆکی یەکێتی پیاوانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ساڵانە 35 بۆ 50 پیاو لەلایەن ژنەکانیان دەردەکرێن و لە هۆتێل و شوێنەکانی دیکە دەمێننەوە  پیاوان کە دەگەنە سەروو تەمەنی پەنجا ساڵی ئیدی ژنان بە هاوکاری منداڵەکانیان دەریاندەکەنە دەرەوە و دەست بەسەر ماڵ و موڵکیدا دەگرن و پیاوانیش بە ناچاری لە هۆتێل و شوێنەکانی دیکە دەمێننەوە، یان بە هاوکاری ئێمە لە خانەی بەساڵاچوان دەیانهێڵینەوە.

لەسەر رێکخراوەکانە خێزان بکەنە چەقی کارکردن
توێژەرێكی كۆمەڵایەتی پێی وایە، بەردەوامی و زۆربوونی توندوتیژی دژ بە پیاوان، پەیوەستە بە نزمی ئاستی هۆشیاریی ژنان و کۆمەڵگەوە سروە مەحمود توێژەری كۆمەڵایەتی وتی، لە كۆمەڵگەی كوردی بەردەوام بیستومانە پیاو توندوتیژی بەرامبەر بە ژن دەكات، بەڵام ئێستا دەبینین پێچەوانەی ئەو كردارەش خەریكە زیاد دەکات، هۆكارەكەشی ناهۆشیاریی ژنان و کارکردنی رێکخراوە جیاوازەکانە بەجیا لەسەر هەریەک لە ژنان و پیاوان.
وتیشی، پێویستە لەسەر رێکخراوەکان جۆری کارکردنیان بگۆڕن بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان و پیاوان بەیەک ئاست لە ئەرک و مافەکانیان و کارکردن لەسەر خێزان بکەنە چەقی کارەکانیان بۆ ئەوەی ژن و پیاو نەبنە دوو کائینی لەیەک دابڕاو و هەریەکەیان خۆیان بە پاڵەوان بزانن و هەر کە دەستیان رۆشت توندوتیژی بەرامبەر ئەوەی تریان بکەن.
بەپێی ئاماری یەكێتی پیاوانی کوردستان لە ساڵی رابردوودا 521 سكاڵا تۆماركراون، 68 پیاو خۆیان كوشتووە،  شەش پیاو لەلایەن ژنانەوە بە هاوكاری كەسانی دیكە کوژراون، 47 ژن خیانەتیان لە پیاوەکانیان کردووە، 31 پیاو دەرکراون، 219 منداڵ لەلایەن ژنانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە، هەشت پیاو لەلایەن ژنەکانیانەوە ئەشکەنجەدراون و شەش پیاویش مووچەکانیان لەلایەن ژنەکانیانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

#توندوتیژی دژ بە پیاوان #یەکێتی پیاوانی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان