دوێنێ د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆمار، سەردانی سلێمانی كرد.
دوای گەیشتنی بە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لەگەڵ خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، لەلایەن پارێزگار و قایمقامی سلێمانی و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی حزبی و حكومییەوە، پێشوازییان لێكرا.
هەردوێنێ سەرۆك كۆمار و خانمی یەكەمی عیراق، سەردانی مەزاری سەرۆك مام جەلال-یان كرد و تاجەگوڵی رێز و وەفایان لەسەر مەزاری شكۆی نەتەوە و نیشتمان سەرۆك مام جەلال دانا.
پاشان سەردانی مەزاری مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد سیاسەتمەدار و رووناكبیریی گەورەی گەلی كوردیان كرد و تاجەگوڵی رێز و وەفایان دانا.
پێشوازیكرد لە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو
لەلایەكی دیكەوە، دوێنێ د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، پێشوازیكرد لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ.
لە دیدارێكدا سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، پیرۆزبایی لە سەرۆك كۆمار كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەك سەرۆك كۆمار، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە جێبەجێكردنی ئەركەكەیدا.
سەرۆك كۆمار سوپاس و پێزانینی ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی كرد و پیرۆزبایشی لێكرد بە بۆنەی ئەوەی راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركەكەیدا.
هەر لە دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی گشتیی وڵات كراو هەردوولا جەختیان كردەوە لە گرنگی یەكخستنی نیشتمانی و كاركردن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ كە رووبەڕووی ئەو ئاستەنگانە ببێتەوە كە رووبەڕووی وڵات دەبێتەوە و كار بكات بۆ خزمەتكردنی گەلی عیراق و باشتركردنی گوزەرانیان و دەستەبەركردنی ژیانێكی شكۆمەند بۆیان.
پێشوازیكرد لە سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی
هەروەها سەرۆك كۆمار لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد لە عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی.
لە دیدارێكدا عەمار حەكیم پیرۆزبایی لە سەرۆك كۆمار كرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆمار و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كارەكانیدا.
لەلای خۆیەوە سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە گرنگی یەكخستنەوەی هەوڵە نیشتمانییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ بە مەبەستی بەدیهێنانی ویست و خواستەكانی هاووڵاتیان.
هەمان رۆژ، سەرۆك كۆمار بەجیا پێشوازیكرد لە مارك برایسۆن ریچاردسۆن باڵیۆزی بەریتانیا، بلقاسم مەحمودی باڵیۆزی جەزائیر لە عیراق.
باڵیۆزی جەزائیر پەیامێكی نووسراوی لە عەبدولمەجید تەبۆنی سەرۆك كۆماری جەزائیرەوە گەیاند بە د.لەتیف رەشید بە مەبەستی پیرۆزباییكردن كە وەك سەرۆك كۆمار دەستبەكاربووە.
هەردوێنێ، سەرۆك كۆمار پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە شێخ تەمیم كوڕی حەمەد میری دەوڵەتی قەتەرەوە پێگەیشت.
میری دەوڵەتی قەتەر پیرۆزبایی لە سەرۆك كۆمار كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.