یادگار عەلی
دوێنێ لە گەرمیان، بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە لێپرسراوان و کادران و ئەندامان، كۆنفرانسی ئامادەكاریی بۆ رێكخستنی دیداری یەكێتی بەڕێوەچوو.
سەرەتا، میقداد بەهادین لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان لە وتەیەكدا، وێڕای بەخێرهاتنی میوانان و دەربڕینی پێزانین بۆ پێشوازیی گەرم و چڕی ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتی لە دیدارەكە، رایگەیاند: ئەم رۆژە بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆژێكی مێژووییە، لێرەوە بناغە بۆ سیاسەت و دنیابینیی نوێی یەكێتی بۆ هەموو پرس و كایەكان دادەنرێت. باسیشی لە گرنگیی بەشداریی فراوانی هەموو یەكێتییەكان كرد لە دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەت و بڕیاری سیاسیی حزبەكەیاندا.
دواتر، سالار مەحمود ئەندامی لیژنەی باڵای دیداری یەكێتی، لە وتەیەكدا ئاماژەی بە چەند وێستگەیەكی مێژوویی لە خەبات و تێكۆشانی یەكێتی، كرد و وتی: دیداری یەكێتی بۆ ئەوەیە راشكاوانە و ئازایانە هەمووان دەستبخەینەسەر كەموكورتی و كێشەكان و دیدارەكە بكەین بە وێستگەیەك بۆ چارەسەركردنیان.
لیژنەكانی دیداری یەكێتی لە گەرمیان لە 14 لیژنە لە بوارە جیاوازەكاندا پێكهاتوون و كاردەكەن بۆ وەرگرتنی سەرنج، تێڕوانین، پێشنیاز و پڕۆژەی كادرانی یەكێتی لە چوارچێوەی نەخشەیەكی گشتگیر و پێشكەشكردنی بە لیژنەی باڵای دیدار.