ئەڵمانیا وڵاتێکی دەوڵەمەند و گەلێکی هەژار

09:49 - 2022-10-27
ڕاپۆرت
499 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 هەتاوەکو ئەمڕۆش ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەشێکی زۆری خەڵکی جیهان بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، خەون بەوەوە دەبینن کە بگەنە ئەم وڵاتە و تێیدا بژین. خۆشم هەمان تێڕوانینم هەبوو، هەتا نەگەیشتمە ئەڵمانیا، زۆر زانیارییم لە بارەی ئەم وڵاتەوە بۆ دەرنەکەوتبوو. لە دوایین راپۆرتی یەکێک لە دەزگا حکومییەکان کە گرنگی بە رێژەی هەژاریی و دەوڵەمەندی دەدات لە ئەڵمانیا، ئەوە دەرکەوتووە، کە نزیکەی 14 ملیۆن ئەڵمانی لە هێڵی هەژاریدا دەژین. کەناڵی دۆیچە ڤێلەش راپۆرتێکیی گرنگی لەمبارەیەوە نووسیوە و تێیدا باس لە زیادبوونی رێژەی هەژاریی لە ئەڵمانیا دەکات و دەڵێت: لە شەقامەکاندا بێلانەکان دەبینین، دایکەکان خۆیان باش ناخۆن، تاوەکو خواردنی باش بددەن بە منداڵەکانیان، خانەنشینان لەناو تەنەکەی خۆڵدا، بە دوای  خواردندا دەگەڕێن. 

لەلایەکی ترەوە  نەک تەنها ئەوانەی کاریان نییە، بگرە ئەوانەشی کاریان هەیە، بەشێکیان ناتوانن بەشێوەیکی باش بژین.بەڵام لە هەمانکاتیشدا نابێت ئەوەشـان لەیاد بچێت  کە لە ئەڵمانیادا کەس لە برساندا نەمردووە و سیستمی سۆشیالی هەیە کە تایبەت بە هاوکارییکردنی خەڵکی هەژار و کەمدرامەت.
13.8 ملیۆن هەژار
بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی  یەکسانیی و خۆشگوزەرانی ئەڵمانی بێت، هەرچەندە ئەڵمانیا یەکێکە لە 20 دەوڵەتە دەوڵەمەندەکەی جیهان، بەڵام رێژەی هەژاری لەمساڵدا زۆر زیادی کردووەو گەیشتۆتە 13.8 ملیۆن کەس کە لە هێڵی هەژاریدا دەژین.  حکومەتی ئەڵمانیاش لە دوایین راپۆرتیدا دان بەوەدا دەنێت، کە ساڵی 2022 جیاوازییەکی زۆر لە نێوان هەژاران و دەوڵەمەندەکاندا دروست بووە. 
خانەنشینان
بە پێی هەندێک راپۆرتی میدیایی و حکومیش بێت، بەشێکی خانەنشینان رەوشی ژیانیان خراپە و لەسەر هاوکاری حکومیی و رێکخراوە  خێرخوازەکان دەژین. لە ئەڵمانیا رێکخراوە خێرخوازەکان  لە 960 بنکەوە، خواردن و خۆراک بەسەر هەژاراندا دابەش دەکەن، لە ساڵی 2021 دا نزیکەی 1.1 ملیۆن کەس  ئەم هاوکاریەیان وەرگرتووە. ئەمساڵیش ژمارەکە زیاتر بووە و گەیشتۆتە نزیکەی  دوو ملیۆن کەس.  لەپەنا نەخۆشیدا، هەژاریی، یەکێتی ترە لە کێشە گەورەکانی  خانەنیشنانی ئەڵمانیا، ئەمانە مووچەکەیان کەمە و بەشی هەموو پێداویستییەکانیان ناکات. 
پێوەری هەژاری
رێژە و ئاستی هەژاری لە هەموو جیهاندا بە داهاتی نیشتمانی وڵاتان دەپێورێت، ئەڵمانیا یەکێکە لە 20 دەوڵەتە دەوڵەمەندەکەی جیهان و پلەی 20یشی هەیە لە ئاستی باشی بژێوی بۆ هاووڵاتیان، بە پێی ئەو پێوەرە بێت دەبێت داهاتی تاکی ئەڵمانی لە ساڵێکدا 50700 یۆرۆ بێت، بەڵام ئەمە زۆرجار راست نییە، چونکە هەموو هاووڵاتیانی ئەڵمانیا ئەو داهاتەیان نییە. 
لە جیهاندا لۆکسۆمبورگ پلەی یەکەمی هەیە، داهاتی ساڵانەی هاووڵاتیانی دەگاتە 136700 دۆلار، گەرچی برۆندی لە کیشوەری ئەفریقادا، پلەی یەکەمی هەیە لە هەژارییدا و داهاتی ساڵانەی هاووڵاتیان ناگەتە 270 دۆلار. 
بە پێی پێوەرەکانی یەکێتیی ئەوروپاش بێت، ئەگەر داهاتی تاک لە وڵاتانی ئەوروپادا، نزیکەی 60% ی داهاتی نیشتمانی بوو، ئەوا ئەو کەسە نزیکە لە هەژارییەوە، خۆ ئەگەر بگاتە 50% ، ئەوا دەچێتە قاڵبی هەژارییەوە. 

پێوەری هەژاری لە ئەڵمانیادا
لە ئەڵمانیادا پشت بەهەمان پێوەر دەبەسترێت و حکومەتیش ئاستێکی دیارییکردووەو هەر کەسێک بگاتە ئەو ئاستە هەژارە.  لە ئەڵمانیادا هەرکەسێک داهاتی مانگانەی لە  1148 یۆرۆ کەمتر بێت، بە هەژار دادەنرێت. هەروەها هەر کەسێکیش منداڵێکی هەبێت، ئەگەر داهاتی مانگانەی لە 1492 یۆرۆ  کەمتر بێت، ئەوا بە هەژار دادەنرێت. ژن و پیاوێک، دوو منداڵیان هەبێت، ئەگەر داهاتی مانگانەیان لە 2410 یۆرۆ کەمتر بێت، بە هەژار دادەنرێن.  دیارە لەوانەبێت کەسێکی لای خۆمان ئەم ژمارەیە ببینێت و بڵێت، ئینجا کوا ئەوە هەژارە، بەڵام پێوەرەکە بە پێی نرخی پێداویستییەکان و سووتەمەنی و پارەی ئاو کارەبا و تەلەفون لە ئەڵمانیا دانراوە. پێدەچێت کەسێک ئەو بڕە پارەیەی لە کوردستاندا هەبێت، بە دەوڵەمەند دابنرێت، بەڵام لە ئەڵمانیادا ئەو بڕە پارەیە بەشی ناکات و ئەمەش پەیوەندی بە نرخی شتومەکەکانەوە هەیە.

 

نزیکەی 5.3 ملیۆن هاووڵاتی ئەڵمانیا لەسەر سۆشیال دەژین، حکومەت مانگانە 449 یۆرۆ دەدات بەو کەسانە، ئەمانەش دەبێت لەم بڕە پارەیە، خۆراک و جلوبەرگ و پارەی ئینتەرنێت و تەلەفون و کارەبا و ئاوی پێ بدەن

 

 

کارکردن و هەژاریی
هەر بە پێی راپۆرتەکەی دۆیچە ڤێللە بێت، خەڵکانێک هەیە کاریش دەکەن، بەڵام هەر هەژارن، بە پێی پێوەری حکومەت بێت، دەبێت نرخی سەعاتی کار 12 یۆرۆ بێت، ئەگەر کەسێک خۆی بە تەنها بژیی  و هەفتانەش 40 سەعات کار بکات، ئەوا مانگانەکەی دەگاتە نزیکەی 1480 یۆرۆ، هەرچەندە بە پێی ئاماری حکومی بێت، ئەمانە لەسەرو هێڵی هەژارییەوەن، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی هەڵئاوسانی ئابووریی و  بەرزبوونەوەی نرخی هەموو شمەکەکان، ئەوا ئەو کەسانەش دەچنە هێڵی هەژارییەوە. 
پارەی سۆشیال 
لە ئەڵمانیادا سیستمێکی هاوکاری کۆمەڵایەتی هەیە کە بە بەرنامەی Hartz IV هارتس 4  دەناسرێت، نزیکەی 5.3 ملیۆن هاووڵاتی ئەڵمانیا لەسەر سۆشیال دەژین، حکومەت مانگانە 449 یۆرۆ دەدات بەو کەسانە، ئەمانەش دەبێت لەم بڕە پارەیە، خۆراک و جلوبەرگ و پارەی ئینتەرنێت و تەلەفون و کارەبا و ئاوی پێ بدەن، ئەم بڕە پارەیەش زۆر کەمە، هەروەها بۆ منداڵانیش مانگانە  بەپێی تەمەنەکەیان لە 285 بۆ 376 یۆرۆ دەدات بە منداڵان. 
بەڵام ئەم بڕە پارەیە زۆر کەمە و بەشی هەموو پێداویستی ئەو کەسانە یان منداڵەکانیان ناکات، هەربۆیە وابڕیارە بۆ ساڵی 2023 بڕی پارەی مانگانەی  سۆشیال بۆ 502 یۆرۆ بەرز بکرێتەوە. هەرچەندە چاودێرانی کۆمەڵایەتی پێیان ئەم بڕە پارەیەش کەمە و کەسێک بیەوێت ژیانێکی ئاسایی  بژی، ئەوا مانگانە  بەلایەنی کەمەوە پێویستی بە 650 یۆرۆ دەبێت، دیارە بە بێ پارەی کرێ خانوو، ئەگەر ئۆتۆمبلیشی هەبێت ئەوا پارەی بەنزینیشی دێتە سەر ، کە لە ئێستادا  نرخی بەنزین زۆر بەرزە. 
200 ملیار یۆرۆ بۆ نەهێشتنی هەژاریی
لەلایەکی ترەوە حکومەتی ئەڵمانیا بۆ دەرچوون لە قەیرانی هەڵئاوسانی دارایی و بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنیی  و کەمکردنەوەی جیاوازی چینایەتی و هەژاریی،  بڕی 200 ملیار یۆرۆی تەرخان کردووە  بۆ ئەم مەبەسەتە، کە ئامانجی سەرەکی لێی، هاوکارییکردنی خەڵکی هەژار و کەم درامەتە. هەرچەندە چاودێرانی سیاسیی و ئابووری پێیان وایە، کە قەیرانەکە زۆر گەورەیە و نرخی هەموو شتێک رۆژ لە دوای رۆژ بەرز دەبێتەوە، ئەمەش وایکردووە کە ژیانی هەژاران و کەمدرامەتان خراپ تر بێت. لە هەمانکاتیشدا هیچ هیوایەک نییە بۆ کۆتایی هاتنی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و روسیا، کە هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانە ئابوورییە  سەخەتەی ئەڵمانیا وئەوروپایە. 
سەرچاوە:دۆیچە ڤێلە

بابەتە پەیوەندیدارەکان