جەنگی مرۆڤ و ئاژەڵی کێوی

02:04 - 2022-04-03
ژینگە
512 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین

ئاژەڵە کێوییەکان بەشێکی زیندووی سروشت و راگرتنی هاوسەنگی ژیان و جوانین بۆ مرۆڤایەتی، لە دێرزەمانەوە پەیوەندی پتەو لەنێوان ژیان و گوزەرانی مرۆڤ و ئەو جۆرە ئاژەڵانەدا هەبووە و بەردەوامە، بەڵام لە راستیدا مرۆڤ هەمیشە بە راوکردنیان هەوڵی لەناوبردنی جۆرەکانی ئاژەڵی کێوی دەدات.
لەناوچوونی ئاژەڵان مەترسییە بۆ سروشت
بەپێی راپۆرتێکی تازەی دەزگای جیهانی سروشتWWF  و بەرنامەی ژینگەیی نەتەوەیەکگرتووەکان UNEP پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵی کێوی زۆر گرژ و توندوتیژە و مرۆڤ لەترسی ژیانی خۆی یان لە کاردانەوەی توندیدا وایکردووە کە هەندێک ئاژەڵ بە تەواوی لەسەر رووی زەوی بسڕێتەوە، کە ئەمەش بۆتە جێی مەترسیی بۆ سەر سروشت و جوانی ژیان، لە هەندێک وڵاتی دواکەوتوو دا ئەو ئاژەڵانەی دڕندەش نین سوودیان بۆ ژینگە و مرۆڤ هەیە کەچی هەر دەکوژرێن.
راپۆرتەکە باسی باکووری رۆژئاوای ئەمریکا دەکات کە ساڵی پار شوان و گاوانەکانی ئەو هەرێمە هەرچی گورگی ناو دارستانەکان هەیە لەناویان بردوون، لەشوێنی تریش خەڵکانێک هەن هەر بۆ ئارەزوو و وەرگرتنی لەزەت و دەرکردنی توڕەییان ئاژەڵ دەکوژن، لە وڵاتە هەژارەکان کە هاووڵاتیانیان ناتوانن سەگ و پشیلە بگرنە خۆیان و ماڵییان بکەن، ناچار ئەو گیانلەبەرانە لەبرسا هاردەبن و زیان بە دەوروبەر دەگەیەنن بۆیە رێژەیەکی زۆریان لێ کوشتوون.
رێژەی ئاژەڵە کێوییەکان کەمی کردووە
زانراوە لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا بەڕێژەی 68٪ ئاژەڵە کێوییەکان کەمبوونەتەوە و ئەگەر وا بڕوات هەندێکیان بە تەواوی لەناو دەچن.
 لە راپۆرتەکەدا ستایشی هەوڵی ئەفریقییەکان کراوە کە توانیویانە  کوشتنی ئاژەڵە کێوییەکان زۆر کەمبکەنەوە، ئەویش ئەوەبوو لە ساڵی 2016 لە هەریەک لە ( نامبیا، ئەنگۆلا، بۆتسوانا، زامبیا و زیمبابۆی) گوندنشین و ئاژەڵدارانی ئەو ناوچانە بۆ پاراستنی مێگەلەکانیان بە دەوری ئەو شوێنانەی کە ئاژەڵەکانی خۆیان تێدا بەخێو دەکرد سیاجیان دروستکرد و رێیان لە ئاژەڵە کێوییەکان گرت کە زەفەریان پێ ببات و بیانخۆن کە باشترین هەنگاو بوو لەبەرئەوەی پێشتر ساڵانە ئاژەڵە کێوییەکان لەو ناوچانە سەدان ئاژەڵی ماڵییان دەخوارد و ئەوەش کاردانەوەی خاوەن ئاژەڵەکانی لێ دەکەوتەوە و ئاژەڵە کێوییەکانیان دەکوشت.
پێویستە هاووڵاتیان زیاتر هۆشیار بکرێنەوە
لە راپۆرتەکەی دەزگای جیهانی سروشتWWF  و بەرنامەی ژینگەیی نەتەوەیەکگرتووەکان UNEPدا 155 شارەزای تایبەتمەند لە 27 وڵاتی جیاجیا بەشدارییان کردووە و  دەرکەوتووە بە درێژایی مێژوو کارەساتی سروشتی و گۆڕانی کەشوهەوا و فراوانبوونی شارەکان و ئاوەدانبوونەوە هەڕەشەبوون بۆ سەر ئاژەڵانی کێوی، بەڵام ئێستا مرۆڤیش بۆتە هۆکارێکی تری لەناوبردنیان، ئەو دەزگایانە داوا لە دەسەڵاتداران و حکومەت و وڵاتان دەکەن کە پارێزگاری لە فرە بایۆلۆژی بکەن و هۆشیاریی بدەنە هاووڵاتیان بۆ پاراستنی ئەو سامانەی ژیان و سروشت و بە یاساش رێگە لە لەناوبردنی ئاژەڵانی کێوی بگرن. 
شارەزایان دەڵێن، دەبێت لە بنەڕەتدا لە سەرەتاکانی پەروەردەی منداڵ لە قۆناغەکانی خوێندن و لەناو خێزانەکاندا تاکەکان فێری خۆشەویستی و پاراستنی گیانلەبەرانی تر بکرێن بۆ ئەوەی کە گەورەبوون کێشەیان نەبێت و هەست بە پێویستیی ژیانکردن بکەن لەگەڵ گیانلەبەرانی ماڵی و کێوی.
سەرچاوە: WWF Deutschland

بابەتە پەیوەندیدارەکان