سەرۆك كۆمار: پێكهێنانی حكومەتی نوێ هەنگاوێكی گرنگە بەرەو چارەسەری كێشەكان

09:32 - 2022-10-31
عیراق
446 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لە چەندین دیدار و كۆبوونەوەدا جەختیكردەوە لە «فراوانكردنی چوارچێوەی هاریكاریی لەگەڵ عیراقدا».

دیداری سەرۆك كۆمار و باڵیۆزی سعودیە
لە دیداری د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار و عەبدولعەزیز شەمەری باڵیۆزی سعودیە لە عیراق، تاوتوێی پەیوەندیی لەمێژینەی عیراق و سعودیە كرا  و گرنگیی بەردەوامبوون و پتەوكردنی هاریكاریی ئەرێنی لە ئاستە جیاجیاكاندا خرایەڕوو.

دیداری سەرۆك كۆمار و باڵیۆزی هیندستان
لەمیانی دیداری سەرۆك كۆمار و پراشانت بیسای باڵیۆزی هیندستان، پەیامێكی نووسراوی دروپادی مورمۆوە سەرۆكی هیندستان پێشكەش بە سەرۆك كۆمار كرا، كە تێیدا وێڕای پیرۆزبایی، ویستی هیندستانی دووپاتكردۆتەوە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان و هاریكاریی لەگەڵ عیراقدا. لەبەرامبەردا سەرۆك كۆمار خواستی عیراقی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان خستەڕوو بەشێوەیەك خێری هەردوو گەلی تێدابێت.
هەردوێنێ، سەرۆك كۆمار پێشوازیكرد لە وەفدێك كە نوێنەرایەتیی سەماحەتی ئایەتوڵڵا فەقی سەید حسێن ئیسماعیل سەدری دەكرد.
لە دیدارێكدا، سەرۆك كۆمار، بەبایەخەوە باسی لە مێژووی هەڵوێستی نیشتمانیی خانەوادەی سەدری شكۆمەندی كرد.
لەلایەكی دیكەوە و لەمیانی پێشوازی لە كوتلەی بەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆك كۆمار، تەئكیدیكردەوە كە «پێكهێنانی حكومەتی نوێ هەنگاوێكی گرنگە بەرەو چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و كاركردن بۆ بەدیهێنانی داواكاریی هاونیشتمانیان».
سەرۆك كۆمار، جەختیشیكردەوە لە یەكخستنی ریزەكان و بەشداریی هەموان لەو هەوڵە چڕوپڕانەی دەدرێن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و بەرەوپێشبردنی كارەكانی حكومەت كە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ گەیاندنی وڵات بە كەناری ئارام.

بابەتە پەیوەندیدارەکان