یەكێتی چارەسەری ناوچە جێناكۆكەكان لە كارنامەی حكومەتی نوێدا جێدەكاتەوە

09:00 - 2022-11-01
ڕاپۆرت
412 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كابینەی حكومەتی نوێی عیراقدا بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سودانی، بە تێڕوانینێكی نوێوە بۆ تێكڕای كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی، پڕۆژەی پێشكەشكردووە، لەو چوارچێوەیەشدا بۆ پرسی ناوچە جێناكۆكەكان، تەئكیدی لە جێبەجێكردنی مادەی 140 كردۆتەوە، كە مافێكی دەستوورییە و لەم كابینەیەدا پێویستە جێبەجێبكرێت، هەروەها هەوڵدەدرێت ئەنجامی شكستی ریفراندۆم لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، راستبكرێتەوە.
حەسیبە عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوكات لێپرسراوی بۆردی پێكهاتەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە PUKMEDIAی راگەیاند: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە متمانەوە لە كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی دەڕوانێت، بەتایبەت لەسەر پرسی ناوچە جێناكۆكەكان كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەم لەگەڵ لایەنەكان و هەمیش لە كابینەی نوێ، چەند بابەتێكی هەنووكەیی ناوچە جێناكۆكەكانی وەك پڕۆژە پێشكەشكردووە و هیوا دەخوازێت جێبەجێبكرێن.

پێویستە ئەوەی لە دوای شكستی ریفراندۆمەكە روویدا راستبكرێتەوە
بەهۆی شكستی ریفراندۆمەوە بارودۆخەكە لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان گۆڕانكاریی زۆری بەسەرداهات و بە رۆژی رووناك عەرەبی هاوردە لەسەر زەویوزاری كورد، جێگیر دەكرێت و ناهەقی زۆر بەرامبەر جووتیارانی كورد دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 10 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری ئەو شارە، لە مافەكانیان بێبەشكراون.
لێپرسراوی بۆردی پێكهاتەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتیشی: پرسی داگیركردنی زەویوزاری هاووڵاتیانی كورد و گواستنەوەی 10 هەزار فەرمانبەر و مامۆستای خوێندنی كوردی بۆ سەر حكومەتی عیراق و گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەتی دوای ئەو بارودۆخەی كە لە ئەنجامی شكستی ریفراندۆمەكە روویدا، ئەو پرسانەیە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەختی لەسەر كردۆتەوە و پێویستە رێڕەوی خۆی وەربگرێتەوە.
ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی وتیشی: جێبەجێكردنی مادەی 140، ئەركێكی ئەم كابینەیەی حكومەتی عیراق دەبێت و پێویستە كاری لەسەر بكات، چونكە هەموان دەنگیان لەسەر ئەو مادەیە داوە كە لە دەستووردا جێگیركراوە، هەروەها بەهۆی نەبوونی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئێستا پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت بە نایاسایی دەسەڵاتەكانی بەكاردەهێنێت.
گەندەڵی لە خەرجی داهات بەرۆكی كەركوكی گرتووە و خەڵكی شارەكە بەگشتی لە خزمەتگوزارییەكان ناڕازین و گۆڕانكاری لە پۆستی پارێزگاری كەركوك، بە رێگاچارەیەكی گونجاو دادەنرێت.
لەوبارەیەوە، حەسیبە عەبدوڵڵا دەڵێت: گەندەڵییەكی زۆر لە خەرجكردنی داهاتی كەركوك هەیە و یەكێكی دیكەی ئەو پرسانەیە كە یەكێتی بە جدی لەم كابینەیەدا كاری لەسەر دەكات، هەروەها گۆڕینی پارێزگاری كەركوك و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكە كە ئەمە مافی هەموو تاكێكی خەڵكی شاری كەركوكە، لە ئەجێندای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و كاری بۆ دەكات و پێویستە ئەو پرسانە یەكلایی بكرێنەوە.
یەكێتی لە گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، گرنگی زۆری بە پرسی ناوچە جێناكۆكەكان داوە و خزمەتكردنی خەڵكی خستۆتە پێش بەرژەوەندییەكانی.
لەوبارەیەشەوە، ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وتی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر پۆستێك لە كابینەكەی سودانی، وەربگرێت بە پۆستەكانی پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی دیكەشەوە، بۆ خزمەت ئەو پۆستانە وەردەگرێت و دەیەوێت قەرەبووی ئەو كاتە بكاتەوە كە لە دوای شكستی ریفراندۆمەكەوە بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان بەگشتی و كەركوك بەتایبەتی هاتووە.

چارەسەری كێشەكانی كەركوك  لە ئەولەویەتی كارەكانی یەكێتییە
گەیلان قادر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە PUKMEDIAی وت: سەرۆكی یەكێتی هەر لە سەرەتای گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنەكان، پرسی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی كردووە بە ئەولەویەتی كارەكانی و بە روونی هەموو كێشە و گرفتەكانی ئەو ناوچانەی خستۆتەڕوو و داوای چارەسەركردنیشی كردووە.
یەكێتی لەگەڵ لایەنەكان رێكەوتووە كە هێزە چەكدارەكان لە شارەكان بچنە دەرەوە، لەوكاتەشدا دۆخی ئەمنیی شارەكان بە كەركوك و خانەقین و خورماتوو و مەخمور و شەنگالیشەوە، بدرێتە دەست پۆلیسی ناوەندی، ئەمە ئاساییكردنەوەی ئەو بارودۆخەیە كە لەو ناوچانەدا دەگوزەرێت.
لەوبارەیەوە، گەیلان قادر دەڵێت: پرسێكی گرنگی دیكە كە یەكێتی باسی لێوەكردووە، ئەوەیە كە پێویستە ئەو هێزە ئەمنییانەی ئێستا لە كەركوك و ناوچەكانی دیكە هەن، ببرێنە دەرەوەی شارەكان و لەجێی ئەوان پۆلیسی فیدراڵی جێگیر بكرێن، تا ئەو كاتەی هەڵبژاردن لە كەركوك دەكرێت، كە ئەوەش باشترین چارەسەرە بۆ دۆخی ئێستای كەركوك و ئەو ناوچانە.

PUKMEDIA

#ناوچە جێناكۆكەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان