ئه‌ستێره‌ی گۆرانی عه‌ره‌بی سابیر روباعی، یه‌كێك له سه‌ركه‌وتووترین ئاهه‌نگه‌كانی له چوارچێوه‌ی فێستیڤاڵی میوزیكی عه‌ره‌بی له هۆڵی ئۆپێرای میسر پێشكه‌شكرد، كه زۆرترین هه‌واداری ئاماده‌ی بوون و به پێی وته‌ی سه‌رپه‌رشتیارانی فێستیڤاڵه‌كه روباعی توانی سه‌ركه‌وتووترین و باشترین ئاهه‌نگی تایبه‌تی خۆی له فێستیڤاڵه‌كه پێشكه‌ش بكات.
له‌باره‌ی شه‌وه ئاهه‌نگه‌كەوە، سابیر روباعی له لایڤێكدا له سۆشیال میدیا وتی: ئه‌مشه‌و یه‌كێكه له خۆشترین شه‌وه‌كانی ژیانم، چونكه هۆڵی ئۆپێرای میسر یه‌كێكه له خۆشترین هۆڵه‌كانی جیهان و جوانترین جه‌ماوه‌ریش ئاماده‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌م بوون، بۆیه به خۆڕایی نه‌یانوتووه (میسر دایكی دنیایه).
فێستیڤاڵی میوزیكی عه‌ره‌بی، كه ئه‌مڕۆ 3ی 11 كۆتایی پێدێت، به به‌شداری 99 گۆرانیبێژ و هونه‌رمه‌ند له 9ی وڵاتی عه‌ره‌بی به‌ڕێوه ده‌چێت، كه 39 ئاهه‌نگ و كۆنسێرت پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و بڕیاریشه ئه‌مڕۆ 17 هونه‌رمه‌ندی به‌شدار به رێزلێنانی جۆراجۆر خه‌ڵاتی بكرێن.
شایانی باسه، سابیر روباعی كه له دایكبووی تونس-ه و ته‌مه‌نی 55 ساڵه، به‌مدواییه نوێترین به‌رهه‌می خۆی كه گۆرانییه‌ك بوو به‌ناوی (یا بنات الحلال) له لایه‌ن كۆمپانیای رۆتاناوه بڵاوكرایه‌وه‌و پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێكرا له‌لایه‌ن هه‌وادارانییەوە له یوتوب.