دووبز تا تەق تەق باشترین شوێنە بۆ هەنگەوانی

11:07 - 2022-11-06
دووتوێ
276 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی، هێمن ئەحمەد


هەنگەوانی یەكێكە لەو پیشانەی تائێستا بایەخێكی زۆری پێدەدرێت، لەسەر ئاستی جیهانیش توانایەكی باشی بۆ تەرخان كراوە، چونكە لەڕووی تەندروستی و بازرگانی و پیشەسازییەوە گرنگی خۆی هەیە.
لەم ساڵانەی دوایدا لە كوردستان رێژەیەكی بەرچاو لە خەڵكی سەرقاڵی پیشەی هەنگەوانین، بەڵام لەگەڵ گۆڕانی وەرزەكاندا دووچاری هەندێک کێشە دەبن و هەندێكجار دەبێتە هۆی لە دەستدانی بەرهەمی ئەو ساڵە.

پیشەیەكی خۆش و بە ئەركە
وشیار عەبدولڕەحمان، ماوەی چەند ساڵێكە سەرقاڵی بەخێوكردنی هەنگە، دەڵێت: پیشەی هەنگەوانی لە كەركوك جیاوازی هەیە لەگەڵ ناوچەكانی تر، چونكە بەرهەمی هەنگوین مانگ و نیوێك پێش ناوچەكانی تر بەرهەم دێت لەبەرئەوەی پەیوەستە بە دەوروبەرو ژینگەكەی، چونكە هەنگ دەتوانێت خۆی لەگەڵ هەموو شوێنێك بگونجێنێت، جا لە قەندیل بێت یان لە گەرمیان، بەڵام گرنگی لەوەدایە بتوانێت بەرهەمەكەی گونجاوی ئەو شوێنە بێت كە تێدا گەشەی كردووە، بوونی گوڵ و جۆرەكانیشی مەرجێكی گرنگن بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوینی باش، بۆ نموونە گوڵە پایزە لەو شوێنانەدا وادەکات بەرهەمی هەنگوینەكە بەتام بێت.

شناغە باشترین شوێنە
ئەو هەنگەوانە باسی لەوەشكرد دارستانی «شناغە»ی قەزای دووبز تا دەچێتە سەر زێی ناحیەی تەق تەق باشترین و شیاوترین شوێنە بۆ بەخێوكردنی هەنگ لەبەرئەوەی لەو شوێنەدا دار قەڵەم تۆزی زۆرە و ژینگەیەكی لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوین، بەڵام گەلێك هۆكاریش هەن بۆ كەم بەرهەمهێنانی هەنگوین وەكو پلەی گەرما، ئاژەڵە خشۆكەكان، زەردەواڵە، باڵندەی رەنگاڵە، چونكە هەر بە شوێنەكەیان زانی هێرش دەكەنە سەریان، بۆیە دەبێت ئێمە زۆر وریابین و دەرمانی پێویست بەكاربهێنین بۆ لەناوبردنیان یان دوورخستنەوەیان لە شانەكان، ئەمجۆرە رووداوانەش لەوەرزی بەهاردا روودەدەن، بەڵام بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما هۆكاری سەرەكییە بۆ لەناوبردنی هەنگ و بەرهەمەكەیان، جگە لەوەش مرۆڤ خۆی هۆكارێكی ترە بۆ لەناوبردنی هەنگەكان بەتایبەتی لە فڕێدانی پاشەڕۆ و شیرەمەنییەكان و كاریگەریان دەبێت بەسەر هەنگەكانەوە.

ئاستەنگەكان زۆرن
سەبارەت بە سەندیكای هەنگەوانی لە كەركوك، ئیسماعیل ئەحمەد، پیشەی هەنگەوانە لە ناحیەی لەیلانی سەر بە پارێزگای كەركوك دەڵێت: سەندیكایەكی هەنگەوانیمان لە شارەكە هەیە، بەڵام هیچ جۆرە چالاكییەكی ئەوتۆی نییە و نەیتوانیوە وەكو پێویست هەنگەوانەكان لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە.
وتیشی: من لە ئێستادا نزیكەی بیست شانەی هەنگم هەیە، بەهەوڵی خۆم توانیومە بەسەر ئاستەنگەكاندا زاڵ ببم و تەنانەت توانیومە هەنگی جۆری مەلیكەش بهێنم و سوود بە خۆم و دەوروبەرم بگەیەنم، بەڵام یەكێك لەو هۆكارانەی كاریگەری لەسەر هەنگ و بەرهەمەكانی دەبێت ئەوەیە زەوییە كشتوكاڵییەكانی دەوروبەری شانەی هەنگەكان دەرمانڕێژ دەكەن و هەنگەکانیش بەدوای هەڵاڵەی گوڵدا دەگەڕێن كە هەندێكجار دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی هەنگ و هەنگوینەكەی.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان