پەیامی سەرۆک بافڵ بۆ خوێندکارانی زانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستان

08:10 - 2022-11-12
کوردستان
678 جار خوێندراوەتەوە

‏‎خوێندكارە خۆشەویستەكانی سەرجەم زانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستان
‏‎بەبۆنەی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنەوە پیرۆزباییتان لێدەكەم و هیوای سەركەوتن و داهاتوویەكی پرشنگدارتان بۆ دەخوازم.‏‎
‏‎لە ساڵی رابردوودا بەدیداری یەكتر شادبووین و بەڵێنی بەدواداچوون و چارەسەركردنی كێشەكانم پێدان، بەخۆشحاڵییەوە زۆرینەی كێشەكانمان چارەسەر كرد.
‏‎ئێستاش بە بڕوای تەواومەوە بە رۆڵ و پێگەی ئێوە لە ئێستا و داهاتووی وڵاتەكەماندا، بەڵێنتان بۆ دووپات دەكەمەوە كە بۆ ئەمساڵی خوێندنیشتان، بەندە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین.
‏‎خوێندكارانی ئازیز
‏‎ئێوە ئەو نەوە فێرخواز و داهێنەرەن كە وڵاتەكەمان پێویستی بەتوانا و لێهاتووییەكانی ئێوەیە و ئومێدی گەورەمان لەسەر داهاتووی ئێوە هەڵچنیووە. هەر بۆیە بەدیهێنانی ماف، بەدەستهێنانی شایستە داراییەكان و پێداویستییەكانی دیكەی خوێندنتان بە ئەركی خۆمان دەزانین و هاوشێوەی رابردوو لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین.
‏‎پشتیوانی هەموو فشارە مەدەنییەكانتان دەبم و هیوادارم چالاكییەكانتان توندوتیژی لێنەكەوێتەوە و كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان نەبێت. داواكارم هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بن لە پاراستنی ئاسایشی ئێوە و هاوكاریكردنی خەڵكە خۆشەویستەكەمان.
‏‎پێكەوە بەرەو داهاتوویەكی گەشتر هەنگاو دەنێین.
‎دڵسۆزتان
‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی
‏‎سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
12ی تشرینی دووەمی 2022

بابەتە پەیوەندیدارەکان