یەكێتی پرەنسیپی تەوافوقی لە پڕۆسەی سیاسیدا سەرخست

09:39 - 2022-11-13
عیراق
297 جار خوێندراوەتەوە

دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عیراق و دەستپێكردنی گفتوگۆ و بەستنی هاوپەیمانێتیی نێوان لایەنە سەركەوتووەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵی تەوافوقی دەدا و هەندێك لایەنی سیاسی لە هەوڵی پشتگوێخستنی ئەنجامی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەدا، بەڵام لەم هەنگاوەیاندا سەركەوتوو نەبوون.

حكومەتی نوێی عیراق بەرئەنجامی تەوافوقە

زوهرە بەجاری پەرلەمانتاری پارێزگای بەسرە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بە  PUKMEDIAی راگەیاند: حكومەتی ئێستای عیراق لە ئەنجامی تەوافوق و ویستی نیشتمانی لایەنە سیاسییەكان پێكهاتووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی سەركەوتووبوون لە پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز كە جێگەی رەزامەندیی سەرجەم لایەنەكان بێت، وتیشی: حكومەتی نوێی عیراق بەرپرسیارێتی ژمارەیەك دۆسێی گەورەی لەئەستۆدایە، گرنگترینیان دژایەتیكردنی گەندەڵی و بناتنانەوەی عیراق و تەبایی سەرجەم هێزە سیاسییەكان و تەوافوقە، كە یەكێتی و چوارچێوەی هەماهەنگی كاریان لەسەركردووە و لەكۆتاییشدا سەركەوتوو بوون.

هەڵوێستی یەكێتی لە بەغدا روون بوو

پەرلەمانتارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، راشیگەیاند: هەڵوێستی یەكێتی روون و راشكاو بوو لە پێویستی بەشداریكردنی سەرجەم هێزە سیاسییەكان لە حكومەتی نوێی عیراق و پاڵپشتی یەكڕیزیی نیشتمانی و پەراوێزنەخستنی هیچ لایەنێك، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان سووربوو لەسەر پشتگوێخستنی هەندێك لایەن كە لەكۆتاییدا شكستی هێنا، پارتی هەوڵی ئەوەی دەدا بەشێك لە پێكهاتەی شیعە لە دەرەوەی پڕۆسەكەدا بن، ئەمەش هەنگاوێكی هەڵە و پێچەوانەی پرەنسیپی هاوبەشی نیشتمانی و بنیاتنانی وڵاتە.

یەكێتی جەخت لە پرەنسیپی تەوافوق دەكاتەوە

یەكێتی تەئكید لە پرەنسیپی تەوافوق لە بەڕێوەبردنی وڵات دەكاتەوە و بە هەموو توانایەوە هەوڵی جێبەجێكردنی دەدات.
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKMEDIA ی راگەیاند: پرەنسیپی تەوافوق لە دەستووری عیراقدا جێگیركراوە كە هەنگاوێكی تەندروست بوو بۆ جوگرافیا و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی گەلانی عیراق و پێویستی بەشداری هەموو پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردنی وڵات و پەیڕەونەكردنی پرەنسیپی زۆرینە و كەمینە لە عیراقدا، وتیشی: لەدوای پڕۆسەی ئازادییەوە، عیراق لەسەر بنەمای تەوافوق پێكهاتووە، یەكێتی بەهەموو تواناوە هەوڵی جێبەجێكردنی پرەنسیپی تەوافوقی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا داوە كە باشترین پرەنسیپە لە قۆناغی ئێستا و داهاتووشدا، وتیشی: ئەو هەوڵەی حزبێكی سیاسیی هەرێمی كوردستان بۆ پەراوێزخستنی بەشێك لە لایەنە شیعەكان لەپێناوی دەستكەوتنی هەندێك قازانج، هەنگاوێكی نەرێنی بوو دواتریش شكستی هێنا، چونكە تەنانەت لایەنە شیعەكانیش جەختیان لە بنەمای تەوافوق دەكردەوە.

دەوڵەتی یاسا لەگەڵ یەكێتی هاوڕابوو

محەمەد سەیهود پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ PUKMEDIA  رایگەیاند: لەگەڵ روانگەی یەكێتی بۆ پرسی تەوافوق هاوڕاین، عیراق رووبەڕووی كۆمەڵێك ئاڵنگاری و مەترسی گەورە بۆتەوە و پێویستە بەرەوپێش هەنگاو بنێین، لەسەرەتاوە چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوابووە ئەگەر تەوافوق لەنێوان سەرجەم كوتلە سیاسییەكان دەستەبەر نەبێت، عیراق دووچاری مەترسی و ناسەقامگیریی دەبێتەوە، لەبەر ئەو هۆكارە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشی و هاوسەنگیدا دەمێنێتەوە.

یەكێتی بەشداری هەموو لایەنەكانی دەویست

سەردان و كۆبوونەوە بەردەوامەكانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا، بەڵگەی ئەوەن یەكێتی مەبەستی بووە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان بەشداری حكومەتی نوێی عیراق بكەن.
دكتۆر بڕیار رەشید پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ PUKMEDIA  دەڵێت: یەكێتی بەردەوام پێیوابووە هەموو لایەنەكان بەشداری حكومەتی نوێی عیراق بكەن و پشتیوانی پەراوێزخستن و پشتگوێخستنی هیچ لایەنێكی سیاسی نەكردووە، راشیگەیاند: سەردانە بەردەوامەكانی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەغدا بە ئامانجی دەستەبەركردنی پرەنسیپی تەوافوق و بەشداریكردنی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بووە لە حكومەت و پڕۆسەی سیاسیی عیراق، سەردانی سەركردە عیراقییەكان و كۆبوونەوەیان لە ماڵی سەرۆك مام جەلال، بەڵگەی ئەوە بووە كە یەكێتی مەبەستی بووە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان بەشداری حكومەتی نوێی عیراق بكەن لەپێناوی سەقامگیریی وڵاتدا.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك حزبێكی بەرپرسیار و لە روانگەی پەرۆشی بۆ داهاتووی عیراق و پڕۆسەی سیاسی، هەڵوێستێكی هاوسەنگی هەڵبژارد لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكاندا و هەوڵی دەستەبەركردنی پرەنسیپی تەوافوقی لەنێوان هێزە سیاسییەكان و پەراوێزنەخستنی هیچ لایەنێك لە پڕۆسەكە داوە و دواجار توانی پرەنسیپی تەوافوق لە پڕۆسەی ساسیی عیراقدا، سەربخات.

PUKMEDIA 

بابەتە پەیوەندیدارەکان