هەستەکانیان لە مرۆڤ بەهێزترە

11:02 - 2022-11-13
دووتوێ
529 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین

هەزاران ساڵە مرۆڤ بەهۆی تەکنەلۆژیاوە هەوڵدەدات بەر لە روودانی کارەساتە سروشتیەکان ئامێری وریاکردنەوە لێدات و خەڵکی لێ ئاگادار بکاتەوە، بەڵام تائێستا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام زانراوە ئەو جۆرە ئامێرە و ئەو هەستە وریاکەرەوەیە لەناو هەست و نەست و مێشکی زۆربەی گیانلەبەراندا هەیەو بەر لە روودانی کارەساتەکان و پێش مرۆڤ مێشکیان وریایان دەکاتەوە کە رووداوێکی نەخوازراو دەقەومێ، بۆیە ئەوناوە بەجێدێڵن، ئەو سیفاتەی گیانداران زۆرجار خزمەت بەمرۆڤ دەکات بەر لە روودانی کارەسات خەڵکی لێ هوشیار دەکەنەوە.

بە بومەلەرزە دەزانێت
مێژوونوسێکی یۆنانی بەناوی «تسۆکیدیسیس» لەکتێبێکیدا دەڵێت 373 ساڵ بەر لە زایین کاتێک بومەلەرزەیەک لە وڵاتەکەی روویداوە پێش ئەوە هەرچی گیاندارانی ئەو ناوە هەبووە بەکۆمەڵ رایان کردووە و دوورکەوتوونەتەوە، هەروەها لە بومەلەرزەی ساڵی 1805 ی ناپۆڵی مەڕو ماڵات و ئەسپ و گاو سەگ و پشیلە و پەلەوەرەکان ئەو ناوەیان بەجێهێشتووە و زۆر بەخێرایی رایان کردووە، هەر چەند سەعاتێک دوای ئەو کۆڕەوەیان بومەلەرزەیەکی بەتین روویداوە و سەرتاپای کاول کردووە.
لە 2004 کاتێک لە ئەنجامی بومەلەرزەیەک کارەساتی تسۆنامی دروست بوو لافاوێکی گەورە هەستاو بووە هۆی مردنی 225 هەزار کەس، چەند سەعاتێک بەر لەوە  لەو 12 وڵات وناوچەیەی  لافاو بردنی گیانلەبەرانی وەک فیل و سەگ و پشیلە و باڵندە دوور دەکەوتنەوە و دەچوونە شوێنی بەرز بۆ ئەوەی نەخنکێن، هاوڵاتیانی گوندێکی تایلاند دەیگێڕنەوە بەر لەو کارەساتە گامێشەکانی ناو زۆلکاوەکە ئەو ناوەیان جیهێشتووە و چوونەتە سەر گردۆلکەیەک تا گیانیان پارێزراوبێت «ئیرینا رافلیانا» بەرپرسی ئینستیتۆی بوژاندنەوە لە شاری « بۆن» ی ئەڵمانیا باسی دەکات ئەو کاتەی راوێژکاری نەتەوەیەکگرتووەکان بووە و لەدوای روداوەکە سەردانی ژمارەیەک وڵاتی بەرکەوتووی کردووە رزگاربوان بۆیان گێڕاوەتەوە دوو سێ سەعات بەر لە لافاوەکە بەچاوی خۆیان گینالەبەرانیان بینووە رایان کردووەو چوونەتە سەر شوێنی بەرز و سەیری ئەو ناوەیان کردووە، لە 1955 -یش چەند ساتێک بەر لە روودانی بومەلەرزەیەک فیلەکانی ناو دارستانی «ئۆشمەبێک» لەو ناوە دوورکەوتوونەتەوە و چوونەتە چۆڵەوانی و لە دوای کارەساتەکە سەرلەنوێ گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، لە 2000  یش لە نامبیا چەند ساتێک بەر لە روودانی بومەلەرزەیەک کاتێک سەگ و پشیلە لەناوچەکە دوورکەوتنەوە و رایانکرد هەموو ئاژەڵانی تر ئەو ناوەیان چۆڵکرد و چوونە  شوێنێکی ئارام نزیک دەریا ئەوەندەی نەبرد کارەساتەکە روویدا و زیانێکی زۆر بەماڵ و تەلارەکان گەیشت و دەیان کەسیش برینداربوون و مردن، بەڵام ئەو شوێنەی گیاندارەکانی تری لێ کۆبۆوە زیانی بەرنەکەوت.

هەستەکانیان بەهێزە
لە 2014 و بەر لە روودانی گەردەلولێک لە ئەمریکای باشور هەرچی باڵندەیە لە ئاسمانی ئەو ناوە نەماو زیاتر لە 700 کیلۆمەتر دوورکەوتنەوە، سەعاتێکی نەبرد رەشەباو گەردەلولێک هەڵیکرد،  35 کەس بەهۆیەوە مردن و زیانی زیاتر لە ملیارێک دۆلاری گەیاند، توێژەران بەدانانەوەی کامێرای چاودێری و ئەزموون کردن لەسەریان دەڵێن زۆربەی گیانداران بەر لە روودانی کارەساتە سروشتییەکان تا بڕی 20 سەعات هەستیان لا دروست دەبێت و کاردانەوەیان دەبێت، ئەو ماوەیەش دەگەڕێتەوە سەر جۆری گیانلەبەران و هێز و توانای کارەساتەکە، بۆ نموونە سەگ کە لە زۆربەیان زیرەکترە زووتر پێیدەزانێ و ئەگەر کارەساتەکەش گەورەبێت ئەوا کاریگەریەکەی زووتر پێدەگات.


سەرچاوە: BBC Future 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان