سەرۆك كۆمار: خستنەگەڕی هەوڵەكان بۆ پشتیوانی لە حكومەت و جێبەجێكردنی بەرنامەكەی

09:16 - 2022-11-14
عیراق
522 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆك كۆمار، جەختدەكاتەوە لە «پێویستیی پشتیوانیكردنی حكومەت لە جێبەجێكردنی بەرنامە خزمەتگوزارییەكەی، بەشێوەیەك كە دەستكەوتی هەبێت و ویستی هاووڵاتیان بەدیبهێنێت».

پێشوازی لە وەفدی مەڵبەندی بەغدا
دوێنێ لە بەغدا، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، پێشوازیكرد لە وەفدێكی مەڵبەندی بەغدای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی خاتوو رابیحە حەمەد لێپرسراوی مەڵبەند.
لە دیدارێكدا وەفدی یەكێتی، ئەو هەوڵانەیان خستەڕوو كە گرتوویانەتەبەر بۆ بەهێزكردنی هاریكاری و هەماهەنگی لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەكاندا. لای خۆیەوە، سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد بە گرنگیی كاركردنی كادرانی حزب لەسەر رێچكەی لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا. جەختیشیكردەوە لەسەر «پێویستیی پشتیوانیكردنی حكومەت لە جێبەجێكردنی بەرنامە خزمەتگوزارییەكەی.

دیداری سەرۆك كۆمار و وەفدی فراكسیۆنی سەنەدی نیشتمانی
لەمیانی پێشوازیشی لە وەفدێكی فراكسیۆنی سەنەدی نیشتمانی، سەرۆك كۆمار، گرنگیی خستنەگەڕی هەوڵەكان بۆ پشتیوانی لە جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت، كە خۆی دەبینێتەوە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، خستەڕوو.

دیداری سەرۆك كۆمار لەگەڵ باڵیۆزانی ئوسترالیا و سربیا
هەر دوێنێ، لە دیدارێكدا، د.لەتیف رەشید و خاتوو پاولا كانلی باڵیۆزی ئوسترالیا، تەئكیدیان لە پتەوكردنی پەیوەندییەكان، كردەوە.
لەلایەكی دیكەوە، ئۆروش پالۆڤ باڵیۆزی كۆماری سربیا لە عیراق، پەیامی پیرۆزبایی ئەلێكساندەر فوتشیش سەرۆكی سربیای گەیاندە سەرۆك كۆمار و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانیدا و ویستی وڵاتەكەشی نیشاندا بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان لەگەڵ عیراقدا.

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان