هێرۆ نوری زەنگەنە*
هێشتا بیرمە کە یەکەم جار بینیم!
رەنگە سەیربێت بەلاتانەوە کەسێک بڵێت بیرمە یەکەم جار باوکمم بینی، بەڵام من بیرمە. باوکم پێشمەرگە بوو، بێگومان چەندین جار منی بینی بوو بەڵام من بیرم نییە. ئەوەندەم بیرە دایکم لە ترسی جاسووسەکانی حکومەتی بەعس لە کەرکوکەوە هەڵاتبوو بۆ سلێمانی و لەوێ لە ماڵی خزمێکمان نیشتەجێبوو. تەمەنم زۆر منداڵ بوو بەڵام دەمزانی نابێت بەکەس بڵێم باوکم پێشمەرگەیە. لای منداڵانی گەڕەک دەمانگوت باوکمان نییە، بەڵام ئەو کاتە نەمدەزانی ئازاری باوک نەبوون چۆنە. لە پاش شاڵاوی ئەنفال لە مانگی پێنجی ساڵی 1988 (تەمەنم 6 ساڵ بوو) روومان کردە رۆژهەڵاتی کوردستان. لە گوندی نەشکۆڵان بووین لە ماڵی یەکێک لە هاوسەنگەرەکانی باوکم لەگەڵ منداڵەکان یاریمان دەکرد ئێستاش بیرمە ماڵەکە لە بەرزاییەک بوو پیاوێکی تا بڵێی سەرنجڕاکێش و رووخۆش بە هەورازێکدا سەردەکەوت و بەرەو روومان هات، یەکێک لە منداڵەکان هاواری کرد « هێرۆ ئەوە باوکتە هات» منیش هەستێکی زۆر سەیرم لا دروست بوو بڕاوم نەکرد رامکردە ژوورەوە و بە دایکم گوت پیاوێک وا دێت بۆ ئێرە و ئەو مناڵانە دەڵێن باوکتە. هێشتا لەگەڵ دایکم قسەم دەکرد باوکم هاتە ژوورەوە و باوەشی پیا کردم. ئیتر لەو رۆژەوە من بووم بە کچی باوکم. بە منداڵی بۆ هەموو شتێک چاوم لە باوکم دەکرد تەنانەت ئەو خواردنانەی کە باوکم حەزی لێ بوو منیش ئەوانەم دەخوارد، باوکم حەزی بە چ رەنگێک بوو منیش حەزم بەو رەنگە بوو تەنانەت هەمیشە پێم دەگوترا لە باوکت دەچیت، زۆرم پێ خۆشبوو.
کە گەورەش بووم هەموو رووداوە گرنگە سیاسییەکانم لا خۆش بوو چونکە لەگەڵ باوکم مناقەشەم دەکرد. زۆرجار لەگەڵ گۆرانی برام دەبووینە بەرەیەک و مشتومڕمان لەسەر بۆچوونە سیاسییەکانی لەگەڵدا دەکرد، هەندێک جار وەڵامی نەدەداینەوە تا ئێمە هەست بکەین بردوومانەتەوە، جاری واش هەبوو سەری بادەدا و بە بزیەکەوە دەیگوت « قسەکانی خۆم بە خۆم دەفرۆشنەوە.»
هەر کاتێک خوشک و براکانم بیانویستایە شتێک بە باوکم بڵێن هەمیشە من ئەو کەسە دەبووم پێی بڵێم. باوکم قسەی منی نەدەشکاند بۆیە دواجاریش کاتێک لە هەشتی مانگی 10 ی رابردووش باری تەندروستی تێک چوو ئامادە نەبوو بڕوات بۆ نەخۆشخانە ئەو کاتەش زۆرم لێکرد وتم باوکە هەستە خۆم لەگەڵت دێم، نەمزانی ئیتر ناگەڕێتەوە ماڵەوە.
باوکم رۆشت دوا کۆچی خۆی کرد بەڵام بەشێکی منیشی لەگەڵ خۆیدا برد. ئیتر هیچ شتێک بۆ من مانای نەما، نە رووداوە گرنگە سیاسییەکان، نە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان، نە سەرکەوتنەکانم و تەنانەت خودی ژیانیش.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی هەموو ئەو هاوڕێ و خزمانە بکەم کە هاوبەشی خەمەکانمان بوون چ ئەوانەی بەشداربوون لە پرسەکەی لێرە لە واشنتن یان لە کەرکوک و چ ئەوانەش کە بە تەلەفۆن و نامە ئێمەیان بەسەرکردەوە. هیوادارم هەرگیز ناخۆشیتان نەبینین.
*بێژەری دەنگی کوردی ئەمریکا