باوان فەرەیدون*
دۆسێی ئەمجارە تایبەتە بە یادی 238 ساڵەی دروستبوون و بنیاتنانی شاری سلێمانی، لە رووی بایەخی گەشتیارییەوە كە بۆچی گرنگە بەرپرسانی شارەكە و حكومەتی هەرێم بە گشتیی، بایەخی زیاتر بە لایەنە گەشتیارییەكەی شارەكە بدەن، كە بە پێی ستانداردەكان، شاری سلێمانی، چەندین پایەی گرنگی تێدایە، كە وای لێدەكات ببێتە یەكێك لە شارە گەشتیارییە گرنگەكانی عیراق و ناوچەكە.
سلێمانی، هەر لە دروستبوونییەوە، هەندێك خەسڵەت و هەڵكەوتەی كەلتوریی و رۆشنبیریی و ئاوەدانیی و ئابووری و ئایینی هەبووە و هەیە، بۆیە دەكرێت هەموو ئەم خەسڵەتانەی شارێكی زیندووی وەكو سلێمانی كاری لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی ببێتە شاری یەكەم لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان لە رووی گەشتیارییەوە.
ئەم دۆسێیە، چەندین داتا و ئاماری ورد دەخاتەڕوو كە دەریدەخات شاری سلێمانی، زیندووترین و باشترین و هەڵكەوتەترین شارە بۆ ئەوەی سەرباری لایەنە رۆشنبیرییەکەی، ببێتە شارێكی گەشتیاریش پلە یەک لە ناوچەكە.
ئەم دۆسێیە باوان فەرەیدون ئامادەی کردووە.
دۆسێ
ئەم رۆژە رۆژێکی گرنگ و بە بەهایە، هەموو ساڵێک بۆ خۆی یادکردنەوەی بنیاتنانی شاری سلێمانی مانای زیندوێتی و نوێگەریی ئەم شارە دەبەخشێت، سلێمانی ئەو شارەیە هەمیشە هەموو داهێنان و نوێگەرییەکان تێیدا لەدایک دەبن، پیرەکان و کۆنەکانی تێدا ئۆقرە دەگرن، شـارێکە بۆ سەرجەم رەنگ و دەنگ و ئایدیا و ئایین و بیر و هزری جیاواز؛ بۆتە کۆکەرەوەی هەموو جیاوازییەکان و هەمووشیان قبوڵ دەکات، هەمیشە و لە رابردووەوە تائێستا کە دروستبووە لە سەرجەم بوارەکاندا دەستپێشخەر و یەکەم بووە، بۆیە دەبێت لە یادی 238 ساڵەیدا هەمووان پێکەوە هەوڵ بدەین سلێمانی لەئاستی یەکەمیدا بهێڵینەوە و بەردەوام گەشەی زیاتری پێبدەین و چاومان لە ئایندەیەکی روون و باشتر بێت.
دیمەنێکی سلێمانی لە دوورەوە
سلێمانی بەردەوام وەک لاولاوێک رووەو تیشکی خۆر لەگەشەدایە، ئەگەرچی ئاسمانیش هەور بێت، لە گەشە ناکەوێت، وزە و ئیرادە و هێز لەخۆیەوە وەردەگرێت، بۆیە ئێمەش دەبێت ئەو جوانی و بەهێزییەی سلێمانی لەناونەبەین و گەشەی پێ بدەین.
سلێمانی قووڵاییەکی مێژوویی هەیە
وەک دەزانین سلێمانی لە دروستبوونییەوە قووڵاییەکی مێژوویی گەورەی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ پێش دروستبوونی و سەرمایەیەک لە سامانی مرۆیی و گەوهەری ئەدەبی و رۆشنبیریی لەگەڵ ئەم شارەدا گەشەی کردووە و باڵاتر بووە، بۆیە ئێستا بۆتە پایتەختی رۆشنبیری لە هەرێمی کوردستاندا.
سلێمانی لەسەرجەم بوارەکاندا توانای گەشەکردن و بەهێزبوونی هەیە، بەتایبەتی لە کەرتەکانی (گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و پیشەسازی).
لە سلێمانی کە هەموو زەمینەکان لەبارن بۆ گەشەی زیاتر و خزمەتکردنی زیاتر، ئەم کەرتانە دەرفەتی کار بەلێشاو دەڕەخسێنن و بووژانەوە دەخەنە ناو بازاڕەوە، بەتایبەتی ئێمە تیشک دەخەینە سەر سێکتەری گەشتوگوزار لە شاری سلێمانیکە کە ئاخۆ لە چ ئاستێکدایە؟
لەم کەرتانەدا بە گشتی پێویستمان بەوەیە پشت بە (ئابووریی سەوز)ببەستین، لەبەرئەوەی داهاتێکی بەردەوامە، بەڵام پێویستی بە پشوودرێژی هەیە، چونکە هێواشە، بەڵام ئایا توانای هەیە ببێت بە شارێکی ناوازەی گەشتیاری یاخود نا؟
شاری سلێمانی و دۆخی گەشتوگوزار
سلێمانی لەڕووی جواگرافییەوە دەکەوێتە نێوان هێڵی پانیی (34-36) و هێڵی درێژیی (45-46)، واتە دەکەوێتە باشووری خۆرئاوای کیشوەری ئاسیا و خۆرهەڵاتی باشووری کوردستانەوە، لە باکووری خۆرهەڵاتەوە بە زنجیرە چیاکانی ئەزمڕ و گۆیژە و لە باشوورەوە بە چیای بەرانان و لە خۆرهەڵاتەوە دەشتی شارەزوور و لە خۆرئاواشەوە بە شاخی تاسڵوجە دەورەدراوە، شاری سلێمانی 853م لەئاستی رووی دەریاوە بەرزە و ئاووهەواکەی لەژێر کاریگەریی دەریای سپیی ناوەڕاستدایە.
بەهۆی ئەو سروشت و ژینگە جوان و دڵگیرەی کە یەزدان پێی بەخشیووە، بۆتە جێی سەرنجی هەموان و گەشتیارانیش سەرسامن پێی.
شاری سلێمانی لەڕووی گەشتیارییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە دەتوانرێت لە سلێمانیدا گەشتیار (10)جۆری گەشتوگوزار تاقیبکاتەوە، ئەوانەش پێکهاتوون لە گەشتی حەوانەوە، ژینگەیی، چارەسەری، ئایینی، کەلتوری، شوێنەواری، رۆشنبیری، گەشتی رەش، سەرکێشی، پیشانگە و کۆنفڕانس.
پاریسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
ئەمانەو چەندین چالاکی تری جۆراوجۆر کە پێداویستی و حەز و ئارەزووەکانی گەشتیار پڕدەکاتەوە، لەگەڵ چەندین بڕاندی هۆتێل و رێستۆڕانتی جیهانی کە لەم شارەدا هەن. خاوەن خواردن و شیرینی تـایبەت بەخۆیەتی کە لە ھیچ جێگایەکی تری کوردستان و جیهانیش لەو جۆرە نییە و دەگمەنە.
شاری سلێمانی بە گشتی خەڵکانێکی کۆمەڵایەتی رۆخۆشن و مامەڵەکردنیان لەگەڵ گەشتیاران و خەڵکی غەریبەدا زۆر گونجاوە و بە ئارامترین شار لە عیراقدا دانراوە. گەشتیاران لە سلێمانیدا زۆر دڵخۆشن، فیدباک و رای زۆرینەیان دوای رۆیشتنەوە و ئەوەی دانیان پێداناوە، ئەوەیان وتووە کە سلێمانی یەکێکە لەو شارانەی جیهان کە شایستەی ئەوەیە مرۆڤ تا لەژیاندایە بۆ یەکجاریش بێت سەردانی بکات و بیبینێت، کونسوڵ و باڵیۆز و گەشتیاران نازناوی (پاریسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست)یان پێ بەخشیووە.
بەردەرکی سەرا
ئێستا شاری سلێمانی و شوێنە گەشتیارییەکانی بوونەتە جێی سەرنجی گەشتیاران و بە تامەزرۆییەوە گەشتی بۆ دەکەن، هەنوکە شاری سلێمانی بە هاوینەهەوارە دڵڕفێنەکانی ناسراوە وەك:(سەرچنار، دوکان، ئەحمەدئاوا، سەرتەکی بەمۆ، کونەماسی، قەرەداغ، سەرگەڵو و... چەندانی تر) و سلێمانی دوو بەنداوی گەورەی تێدایە: بەنداوی دوکان و دەربەندیخان کە ئەوانیش وەک ناوچەیەکی گەشتیاری ناوەزەند دەکرێن و گەشتیاران سەردانیان دەکەن.
لەڕووی گەشتی ئایینیەوە سلێمانی دوو مەزاری گرنگی تێدایە کە ئەوانیش: مەزارگەی کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ مەحمودی حەفید-ن کە لەناو مزگەوتی گەورەی سلێمانیدان، کە ئێستا خۆڕسکانە موریدان و گەشتیاران لە وڵاتانی هاوسێیەوە سەردانی دەکەن. خۆ ئەگەر پەرەی پێبدەین و بەشێوەیەکی گونجاو رێکیان بخەین، دەبنە پێگەی راکێشانی گەشتیاری ئایینی.
لەم شارەدا چەندین تایبەتمەندیی هەن کە زەمینەکەیان زۆر بەباشی سازاندووە بۆ هاتن و سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران، و بەردەوام پڕۆژەی گەشتیاریی نوێ لەم شارەدا لە دروستکردندایە.
ئێستا لە سلێمانی (1500) بنکەی گەشتیاری تێدایە، لەوانە:
313 هۆتێل کە 126یان گەشتیارین، زیاتر لە 800 چێشتخانە و رێستۆڕانتیش کە 22 رێستۆڕانتیان بڕاندن و لەئاستێکی بەرزدان.
شوێنی حەوانەوە و مانەوەی گەشتیار لە شاری سلێمانیدا بەکۆی ئۆتێل و مۆتێل و کۆمەڵگەی گەشتیاریی تا ساڵی (2021) (246)دانەن و
252 کۆمپانیا و بریکار و نووسینگە و تڕاڤێڵی گەشتیاری هەن.
ئامارەکان خۆیان دەدوێن
- کۆی ژمارەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانە و دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە لە 2019 دا نزیکەی (2,104,877) و لە 2020 دا سەرباری پەتای کۆرۆنا نزیکەی (880,000) گەشتیار بووە.
- ڕێژەی گەشتیاری بیانی (%10)، ڕێژەی گەشتیاری ناوخۆی عیراق (%69)، رێژەی گەشتیاری ناو هەرێم (%21)، ئەمانەش وێنەی شارەکە جوانتر و رازاوەتر نیشان دەدەن، ئێمە دەتوانین رۆژی سلێمانی بکەین بە وێستگەیەکی گرنگ بۆ ئەوەی نازناوێکی تر ببەخشینە سلێمانی، سەرەڕای پایتەختی رۆشنبیریی بیکەینە پایتەختی گەشتیاریش.
- ژمارەی نووسینگەکانی گەشتیاریی بۆ فرۆشتنی تکتی گەشتی ئاسمانیی (90).
- ژمارەی کۆمپانیای بریکاری هێڵی ئاسمانی جیهان بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیان (40).
- ژمارەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی وشکانیی (200).
- ژمارەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی ئاسمانی (10)، کە بریتین لە (Iraqi Airways, Qatar Airways, Fly Dubai, Mahan Air, Kia Parwaz, Royal Jordanian, Turkish Air, Pegasus Airlines, Condor Air, Fly Baghdad)
- کۆی ژمارەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانە و دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە لە 2019 دا نزیکەی (2,104,877) و لە 2020 دا سەرباری پەتای کۆرۆنا نزیکەی (880,000) گەشتیار بووە.
- رێژەی گەشتیاری بیانی (%10)، رێژەی گەشتیاری ناوخۆی عیراق (%69)، رێژەی گەشتیاری ناو هەرێم (%21).
ئەمانەش وێنەی شارەکە جوانتر و ڕازاوە تر نیشان دەدەن هەر ئەمەشە کردوێتی بەشارێکی گەشتیاری کە بەردەوام لە گەشەدایە.
دواهەمین پڕۆژە و پلانیش بۆ شاری سلێمانی لە کەرتی گەشتیاریدا کە زەوی تایبەتی بۆ تەرخانکراوە بەپێی سەرچاوەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزار، پڕۆژەیەکە بۆ سلێمانی کە پێکدێت لە : 800 دۆنم بۆ 5 زۆنی گەشتیاری کە لە نزیک چەق چەقەوە بۆ سەرچنار و بۆ نزیک بەکرەجۆ درێژدەبێتەوە، کە ئێستا خەریکی نەخشە و پلانی پڕۆژەکەن، بوونی پڕۆژەی گەشتیاری لەم ناوچە نزیکەی سلێمانیدا، چەندین سوودی بۆ پارێزگای سلێمانی دەبێت جگە لە ڕووە گەشتیارییەکەی دەبێتە هۆی دابەزینی پلەکانی گەرما لە ناوشاری سلێمانی و پاکبوونەوەی ژینگەی ئەو و ناوچەیە و ڕووگەیەکی جوانیش دەدات بە دەروازی شارەکە.
دیمەنێکی سلێمانی
پڕۆژەیەکی دیکەی گەشتیاری گرنگ لەسەر ڕووبەری سێ کیلۆمەتر بە سێ زۆرن لەسەر شاخی گوێژە جێبەجێ دەکرێت بە ماستەرپلانێكی تۆکمە. پڕۆژە گەشتیارییەکە لە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرە و چەند رێستۆڕانتێک پێکدێت کە هەوڵدەدرێت کەمترین بلۆک و دیوار لە دروستکردنیاندا بەکاربهێنرێت و لەگەڵ چەند کەپرێکی پشوودان و چەندین رووبەری سەوزایی لە شێوەی پارکی گشتی کە چوونە نێویان بێ بەرامبەر دەبێت، ئەمانەی کە باسکران سەرجەمیان رووگەیەکی تری جوانی شاری سلێمانین، داواکارم لە حکومەت و بەرپرسانی شاری سلێمانی کە رۆژی یادی سلێمانی ببێتە وێستەگەیەک بۆ کەرتی گەشتیاری لەو شارە و پەرەی زیاتر بەو بوارە بدەن لە سلێمانیدا تا نازناوێکی دیکەی تر ببەخشەنە شاری سلێمانی و بیکەنە پایتەختی گەشتیاری.
شوێنی رۆشنبیری و کەلتوریی
جگە لە شوێنە گەشتیارییەکانی شوێنی رۆشنبیریی و کەلتوریی و مێژوویی و شوێنەواریی و کەلەپووریی گرنگ لە سلێمانیدا هەیە کە ئەگەر پەرەی زیاتریان پێ بدرێت، دەکرێت سەرجەم لایەنەکان باڵاتر ببن، لەڕووی شوێنەوار و مێژووییەوە. هەنوکە موزەخانەی سلێمانی دووەم موزەخانەیە لەسەر ئاستی عیراق و لە 2012دا راستەوخۆ لەلایەن یونسکۆوە سەرپەرشتی نۆژەنکردنەوەی کراوە. بە پاڵپشتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق کە گەورەترین گەلەریی چاخی پێش مێژوو لە موزەخانەی سلێمانیدا کراوەتەوە بە پاڵپشتی زانکۆی ساپیێنزای ئیتاڵییش نۆژەنکردنەوەی دوو گەلەری نمایشکردنی بەردەکانی پاشایەکی ساسانی لە موزەخانەی سلێمانیدا بەڕێوەدەچێت.
زانکۆی میترۆپۆلیتانی ئەمریکایی لە نیویۆرک، کەتەلۆکی (20) پارچەی ناوازەی موزەخانەی سلێمانی ئامادەکردووە و ئێستاش هەمان زانکۆ کار لەسەر ئامادەکردنی کەتەلۆکی (200) پارچەی تری ناوازەی موزەخانەی سلێمانی دەکات.
رۆڵی شوێنەوار لە گەشتوگوزاردا
سەرباری پڕۆژەی بەدیجیتاڵکردنی پارچەکانی موزەخانە، ساڵانە چەندین تیمی شارەزای شوێنەوارناسیی بە پاڵپشتی نێودەوڵەتیی بەرفراوان لە ناوچە شوێنەوارییەکانی سلێمانیدا سەرقاڵی کنە و پشکنینن.
- ژمارەی ناوچە شوێنەوارییەکان (1100) ناوچەیە وەک: بێستانسور و چەرمۆ و هەزارمێرد و قەرەداغ و ...هتد،
- ژمارەی پارچە شوێنەوارییە ناوازەکان (500) پارچەی ناوازە و دەگمەنن، کە بە ستانداردی جیهانیی و دیجیتاڵیی دۆکیومێنت کراون.
- ژمارەی موزەخانەکان سێ موزەخانەیە، کە بریتین لە موزەخانەی سلێمانی و موزەخانەی گەرمیان و موزەخانەی کەلەپووری.
- ژمارەی گەڕەکە کەلەپوورییەکان حەوت گەڕەکن، کە گەڕەکەکانی (سابونکەران، مەڵکەندی، شێخان، سەرشەقام، چوارباخ، جوولەکان، کانێسکان)ن.
لە رووی رۆشنبیرییەوە
سلێمانی لە (30/ 10/ 2019)دا لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە نازناوی شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆی پێ بەخشراو بووە ئەندامی تۆڕی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ کە لە (246) شار پێکهاتووە و شەش کۆمەڵە لەخۆدەگرێت، و لە کۆمەڵەی شارە ئەدەبییەکاندا سلێمانی یەکێکە لە (39) شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ و بەشداریی بەرچاوی لە تۆڕەکەدا هەبووە.
ئۆفیسی ئەم نازناوە بە پشتیوانی پارێزگاری سلێمانی و ناوەندی ئەدەبیی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیریی و هونەری سلێمانی، چەندین چالاکیی ئەدەبیی شایستەی بۆ ناساندنی ئەدەبی کوردی و نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندانی سلێمانی بە تۆڕی شارە ئەدەبیەکانی یونسکۆ و ئاشناکردنیان بە دەرفەتەکانی بەشداریی ئەدەبیی نێودەوڵەتیی و وەرگێڕان و ئامادەکردنی دیوانی هاوبەشی کوردی و زمانە زیندووەکانی دنیای کردووە.
ئێستا سلێمانی پایتەختی رۆشنبیریی هەرێم و شاری وەرگێڕانی هەرێم و لانکەی چەندین دەزگای کەلتوریی و ئەدەبی و هونەریی سەربەخۆ و کارایە، وەک: بنکەی ژین، ئینستتیوتی کەلەپووری کوردی، یەکێتیی نووسەرانی کورد، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، دەزگای جەمال عیرفان، ناوەندی ئەندێشە، ناوەندی غەزەلنووس، ناوەندی رەهەند، و...تاد.
سەرباری چەندین فێستیڤاڵی کەلتوری و هونەریی و ئەدەبی و سینەمایی، ساڵانە کتێب و بەرهەمی نووسراوی خۆماڵیی و هاوردە لە پیشانگەکانی کتێبدا نمایش دەکرێت و ژمارەیەکی بەرچاو سەردانکەر و گەشتیارانی بیانی هەیە و بووژانەوە و چەندین هەلی کاری کەلتوریی بە سلێمانی دەبەخشن. ژمارەی هۆڵەکانی شانۆ (28) جگە لە شانۆی رۆمانی کە بەشێوازێک دروستکراوە مۆرکێکی شارستانی بەم شارە بەخشیووە، ژمارەی هۆڵی سینەما چوار دانەن کە ئەمانەش ڕۆڵێکی کاریگەر و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆیان هەیە بۆ ڕاکێشانی گەشتیار و رووگەیەکی جوانیش دەدات بە دەروازی شارەکە.
ئەمانەی کەباسکران سەرجەمیان ڕووگەیەکی تری جوانی شاری سلێمانین، داواکارم کەلەحوکومەت و بەرپرسانی شاری سلێمانی با ڕۆژی یادی سلێمانی ببێتە وێستەگەیەک بۆ ئەم کەرتی گەشتیاری و پەرەی زیاتریان پێ بدەن تاوەکو نازناوێکی دیکەی تر ببەخشەنە شاری سلێمانی و بیکەنە پایتەختی گەشتیاری.
* بەرپرسی راگەیاندنی کۆمەڵەی گەشتوگوزارناسانی کوردستان / لقی سلێمانی
دیمەنێکی کۆنتر
مێرگەپان، ناوچەیەک دەشێت بەجۆرێک کاری تێدا بکرێت کە گەشتیاری زستانەش رابکێشێت
پارکی ئازادی، سییەکی چالاک لە ناو سنگی سلێمانیدا
سەیرانگای ئەحمەدئاوا
شوێنەواری بەردەقارەمان
موزەخانەی سلێمانی
پارکی دایک