پیۆنگ یانگ هۆشداری دەداتە سیئۆل

09:06 - 2022-04-05
ڕاپۆرت
778 جار خوێندراوەتەوە

ئا/ دیاری سابیر

حكومەتی پیۆنگ یانگ ئیدانەی لێدوانەكانی وەزیری بەرگریی كۆریای باشووری كرد دەربارەی وەشاندنی گورزی سەربازی لە كۆریای باكوور ‌و ئاماژەی بەوەدا، كە ئەگەر هەر هەنگاوێكی لەو جۆرە بنێت، ئەوا ئامانجە سەرەكییەكانی كۆریای باشوور وێران دەكات.

گرژیی زیاتر لە نیمچە دوورگەی كۆریادا
ئاژانسی هەواڵی كۆریای باكوور لە زاری كیم یو جۆنگ خوشكی كیم جۆن ئۆنگ سەرۆكی وڵاتەكەیەوە بڵاویكردۆتەوە: لێدوانەكانی سو وۆك وەزیری بەرگریی كۆریای باشوور، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو كۆریای خراپتركردووە ‌و گرژیی سەربازیی زیاتری لە نیمچە دوورگەی كۆریادا لێكەوتۆتەوە. وتیشی: بەهۆی ئەو لێدوانانەوە، رەنگە كۆریای باشوور رووبەڕووی مەترسیی گەورە ببێتەوە.
لە بەیاننامەیەكی دیكەشدا، باك جون چون سكرتێری لیژنەی مەركەزیی حزبی كۆمۆنیستی كۆریای باكوور، ئاشكرایكردووە، ئەگەر سوپای كۆریای باشوور هەر كردەیەكی سەربازیی مەترسیدار جێبەجێ بكات، ئەوا وڵاتەكەی بە هەموو هێزێكی سەربازییەوە ئامانجە سەرەكییەكانی سیئۆل تێكدەشكێنێت. 
لێدوانی بەرپرسانی كۆریای باكوور دوای ئەوە دێت، كە رۆژی هەینی رابردوو، وەزیری بەرگریی كۆریای باشوور رایگەیاندبوو، وڵاتەكەی مووشەكی باش ‌و جۆراوجۆری هەیە ‌و دەتوانن بە شێوەیەكی ورد ‌و خێرا، ئامانجەكانیان لە كۆریای باكوور بپێكن.
ئاماژەی بەوەشدابوو: وەزارەتەكەیان پشتیوانی لە سوپای وڵاتەكەی دەكات بۆ دەستەبەركردنی توانای وەڵامدانەوەی خێرا ‌و بەهێز لە دژی هەڕەشە موشەكییەكانی كۆریای باكوور.

تاكە رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆریای باكوور
بەهۆی تاقیكردنە موشەكییەكانی كۆریای باكوورەوە، بەتایبەتی موشەكی بالیستی كیشوەربڕ لە 26ی شوبات ‌و رۆژی چواری ئەم مانگەدا، گرژیی لە نێوان هەردوو كۆریای باكوور ‌و باشوور لە نیمچە دوورگەی كۆریا زیادیكردووە. پێدەچێت لەگەڵ دەستبەكاربوونی یون سوك یول وەك سەرۆكی كۆریای باشوور لە مانگی داهاتوودا، ئاڵۆزییەكان زیاتر ببن، چونكە پێشتر رایگەیاندبوو، گورزی موشەكیی پێشوەختە، تاكە رێگەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی موشەكە نوێكانی كۆریای باكوور، كە لە دەنگ خێراترن ‌و ئامادەن بۆ هەر پەلامارێك. 
لە هەمان كاتدا، یون سوك یول داوایكردبوو كە شانبەشانی بەهێزكردنی بەرگریی وڵاتەكەیان، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان تۆكمەتر بكەن ‌و بەڵێنیشیدا كە هەوڵ بدات بۆ پێكهێنانی كەناڵی گفتوگۆی هەمیشەیی سێ لایەنە لە نێوان هەردوو كۆریای باشوور ‌و باكوور ‌و ویلایەتە یەكگرتووەكاندا.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

#كۆریای باشوور

بابەتە پەیوەندیدارەکان