مه‌ترسیی كۆرۆنا له‌ چین نرخی نه‌وتی دابه‌زاند

09:48 - 2022-11-16
ئابووری
621 جار خوێندراوەتەوە

به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی توشبوون به‌ ڤایرۆسی كوڤید19 جارێكی دی، نرخی نه‌وتی له‌ بازاڕی جیهانیدا دابه‌زاند، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی تووشبواندا ئه‌گه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌كارهێنانی سووته‌مه‌نی له‌ چین دێته‌ ئاراوه‌، چینیش گه‌وره‌ترین به‌كاربه‌رو كڕیاری نه‌وته‌. سه‌رباری ئه‌وه‌ش رێكخراوی ئۆپیك پێشبینی كرد ئه‌مساڵ خواست له‌سه‌ر نه‌وت له‌سه‌ر ئاستی جیهان كه‌م بێت.
رێكخراوی ئۆپیك هه‌ر له‌م ساڵداو له‌ مانگی نیسانه‌وه‌ تا ئێستا پێنج جار پێشبینی كه‌مبوونه‌وه‌ی خواستی له‌سه‌ر نه‌وت كردووه‌، هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ كێشه‌ ئابوورییه‌كانی جیهان و به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ڵاوسان له‌ زۆر وڵات و مه‌سه‌له‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی سوودی قازانج له‌ هه‌ندێك وڵات.
چین پێشتر رایگه‌یاندبوو كه‌ كۆت و به‌ندی جموجۆڵ و هاتووچۆ به‌ مه‌به‌ستی رێگریی له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی كوڤید19 كه‌مده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ تووشبوان جارێكی دی وای كرد بابه‌ته‌كه‌ به‌ توندی بگرێت و پڕۆسه‌كه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی برێنت بۆ گرێبه‌سته‌ به‌په‌له‌كان 27 سه‌نت دابه‌زێت كه‌ به‌ رێژه‌ ده‌كاته‌ 0,3% و نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی برێنت بۆ گرێبه‌سته‌ دواخراوه‌كان 50 سه‌نت دابه‌زی.

ئاژانسه‌كان

# چین #نەوت

بابەتە پەیوەندیدارەکان