خەلیل عەبدوڵڵا
گوڵاڵە نوری، شاعیرو چیرۆكنووس و رۆژنامەنووسێكی دیارە و بەرهەمەكانی بە زمانی عەرەبی بڵاودەكاتەوە، جێی بایەخی میدیای عەرەبی و خۆرئاواییە، میدیای كوردی بایەخی ئەوتۆی پێنەداوە و تیشكی نەخستۆتە سەر ژیان و بەرهەمەكانی.
گوڵاڵە نوری ئەحمەد، ناوی تەواوی ئەم كەسایەتییە كەلتورییەیە.
گوڵاڵە، ساڵی 1969 لە گەڕەكی ئیمام قاسمی شاری كەركوك لەدایكبووە.
قۆناغەكانی خوێندنی لە كەركوك و موسڵ و بەغدا تەواوكردووە.
ماوەیەك وەك مامۆستای كوردی بایەخی بە پرسی ژنان و مافی مرۆڤ داوە و لەگەڵ كۆمسیۆنی بوژانەوەی قەڵای هەولێر خزمەتی كردووە.
دواتر لەڕێی سوریاوە سەفەری كردووە بۆ ئەمریكا و لە ویلایەتی كالیفۆرنیا گیرساوەتەوە.
بڕوانامەی دیپلۆمی لە زمانی روسی بەدەستهێناوە. نامەی ماستەرەكەی بابەتێكی ئەدەبییە، بە ناونیشانی (روانینی شیعریی ئەمریكی و عیراقی بۆ جەنگی عیراق).
ئەم ماستەرنامەیە، شیكارێكی سایكۆلۆژیی ئەدەبی بەراوردكارییە، دیدو تێڕوانینی شاعیرانی ئەمریكا و عیراق سەبارەت بە جەنگی عیراق دەخاتەڕوو.
خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە وەرگێڕانی زمانی ئینگلیزی.
زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی و روسی بەباشی دەزانێت.
خاوەنی چەند دیوانی شیعرییە كە بە زمانی عەرەبی نووسیونی، بەشێك لە شیعرەكانی بۆ زمانە زیندووەكانی جیهان وەرگێڕدراون.
بەگشتی خاوەنی زیاتر لە 10 دیوان و كتێبە.
بەشداری چەندین فێستڤاڵی ئەدەبی لە وڵاتانی ( ئەمریكا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا پۆلۆنیا، توركیا، میسرو لوبنان) كردووە.
ساڵی 2011 خەڵاتی باشترین كتێبی لە پۆڵونیا وەرگرتووە، ئەوەش لە پای ئەو كتێبەی لەسەر ژیان و شیعرەكانی شاعیری ناوداری روسی (فلادیمێر فیسوتسكی) بە زمانی عەرەبی نووسیبووی، دواتر ئەو كتێبەی بۆ زمانی
كوردی وەرگێڕا.
كۆتایی 2016، لەلایەن (ئەنجومەنی خەڵاتی هۆمیرۆس بۆ شیعر و هونەری ئەوروپی) لە برۆكسل خەڵاتكراو شەرەفی ئەندامێتی ئەو ئەنجومەنەی پێبەخشرا، ئەوەش بۆ یەكەمجار بوو ژنێكی كورد و عیراقی و تەنانەت عەرەبیش ئەو خەڵاتە وەربگرێ.
لەسەر ئاستی میدیای عەرەبی و ئەوروپی بایەخی زۆر بەو خەڵاتكردنە درا، تەنانەت باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە ماڵپەڕی رەسمی خۆی هەواڵەكەی بڵاوكردەوە و پیرۆزبایی لێكرد.
گوڵاڵە نوری وەك رۆژنامەنووسیش خزمەتی كردووە و وتاری بۆ رۆژنامە و گۆڤارە عەرەبییەكان نووسیوە.
بایەخی بە رشتەیەكی دیكەی ئەدەبی داوە، ئەویش كورتەچیرۆكە و چەندین كورتەچیرۆكی بۆ زمانی ئینگلیزی وەرگێڕاوە و لە دووتوێی كتێبێكدا چاپی كردوون.
(بورهان محەمەد)ی شاعیر ژمارەیەك شیعری ئەم شاعیرەی لە زمانی عەرەبییەوە بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕاوە و ساڵی 2017 لە دووتوێی دیوانێكدا چاپ و بڵاویكردەوە. هیوای سەركەوتنی زیاترو بەرهەمی پترو بەردەوامی بۆ خاتوو (گوڵاڵە نوری) دەخوازم.