دۆسێ

سیاسەت و رەفتاری ئەفسەرانی ئینگلیز

10:53 - 2022-11-16
دووتوێ
804 جار خوێندراوەتەوە
بەردەرکی سەرای سلێمانی - 6 ی ئەیلولی 1930 دیمەنی سەرەتای کۆبوونەوەی هاووڵاتیان بۆ خۆپیشاندانەکە

مێجه‌ر سۆن  لە سلێمانی بە نموونە

ئەم دۆسێیە ئەگەرچی بەشێکە لە کتێبێکی چاپنەکراوی مامۆستا فوئاد بەرزنجی، بەڵام خۆی پێی باش بوو کە ئەم بەشەی لە کوردستانی نوێ-دا بەرلە لەچاپدانی بڵاوبکاتەوە، بەتایبەتی کە بڵاوکردنەوەکەی ئێستا گونجاوە، چونکە تەنها دوو رۆژ تێپەڕیووە بەسەر یادی بنیاتنانی سلێمانیدا.
بابەتەکە ئەگەرچی باسکردنە لە قۆناغێکی ژیانی عیراق لە سەردەمی داگیرکاریی ئینگلیزەکاندا لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهاندا، بەڵام بەشی زۆری لەسەر رەفتاری ئەفسەران و کاربەدەستانی ئینگلیزە لە عیراق و بەتایبەتیش مێجەر سۆن کە حاکمی سەربازیی بووە لە سلێمانی و بەریەککەوتنی زۆری هەبووە لەگەڵ مەلیک مەحمود و عەشایرە کوردەکانی ئەو سەردەمە و تەنانەت توێژی خوێندەوارانیش.
نووسەر بە هێنانەوەی چەندین بەڵگەنامە و سەرچاوەی مێژوویی بارودۆخی ئەوکاتە و ململانێ و دژایەتییەکانی مێجەر سۆن بەرامبەر کورد و مەلیک مەحمود و هەوڵەکانی پەرتەوازەکردنی ریزەکانی گەلی کورد لە کوردستانی جنوبیدا دەخاتەڕوو.

دۆسێ

شێخ فوئاد به‌رزنجی 

بارودۆخی سلێمانی لە سەردەمی مێجەرسۆندا گەیشتبووە ئەوەی کە ئیتر لە حەوسەڵەدا نەمابوو بڕسکی لە مەلیک مەحمود بڕیبوو. وەک دەیڤد مەکداول لە کتێبی (مێژووی هاوچەرخی کورد)(1) دا دەڵێت:   ئەمە دیدو بۆ چوونی میجەرسۆن بوو کە پیاوێکی بەد بینەو لە پێش جەنگەوە ناوچەکەی بە باشی دەناسی و شارەزابوو. 
مێجەرسۆن لەم رق لێبوونەوەیەدا، تەنیا نەبوو، لە تەواوی ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانیدا  شێخ مەحمود لەناو هۆزەکانی جاف و باجەلان و بەتایبەتی لەناو شێخەکانی دیکەدا بەگشتی وەک  شێخەکانی تاڵەبانی کەرکوک. هەروەها شێخە نەقشبەندییەکانی بیارە و تەوێڵە. نەیاری خۆی هەبوو. لەبەر ئەو ناڕەزاییانە بوو کە خەڵکی شار و هۆزەکانی کەرکوک و کفری نەکەوتبوونە ناو قەڵەمڕەویی حوکمڕانیی شێخ مەحمودەوە، ئەمەش شتێکە کە خۆی «واتە شێخ مەحمود» پێی رازی بوو. 

پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی  مەلیک مەحمود
شێخ مەحمود روانگەیەکی تەواو جیای بۆ ئەم دانانە سیاسییانە هەبوو، ئەو چاوەڕوان نەبوو قەڵەمڕەویی حکومەتەکەی تەنیا نێوان زێی گچکە و سیروان یان دەرئەنجامی حوکم و نفوزی بەریتانیا بێت. بە پێچەوانەوە، بەو شێوەیەی ئەو دەیبینی دانانی بە حوکمدار بە حوکمی ئەو نفوزە بوو کە لەناو کورددا هەیبوو، لەناو ئەم پێناسەیەدا، ئەو بە خۆشبینییەوە کوردانی ویلایەتی دەخستە ناو ئەو چوارچێوەیە و ئەو گریمانەیەش قابیلی تێگەیشتن بوو، چونکە ئەو شەست سەرۆک هۆزەی کە لەگەڵ ویڵس دانیشتبوون، ئیدیعای نوێنەرایەتی هەموو کوردەکانی ویلایەتیان دەکرد. زۆری پێ نەچوو ئەم تێگەیشتنانە ئاشکرا بوون، شێخ مەحمود ئەو یارمەتییە داراییانەی کە ئینگلیزەکان بۆ دابینکردنی مووچەی کارمەندان و چاککردنەوەی وێرانییەکانی جەنگ پێشکەشیان کردبوو، بەمەبەستی پتەوکردنی پێگەکانی دەسەڵات و کڕینی بەیعەتی سەرۆک هۆزەکان بەکاری هێنا. سۆن روانگەیەکی دوژمنکارانەی لەم بارەیەوە هەیە و دەڵێت: «بەبێ لەبەرچاوگرتنی توانا و شەخسیەت. هەموو کاروبارەکانی بە خزم و کەسانی خۆی سپارد و هەموو ئەوانەشی لەسەر کار لادا کە بە ملکەچی خۆی نەدەزانین. هەر کارێکی گرنگ، هەر لە شارەوانییەوە تا دەگاتە قازیی دادگای شەرعی سلێمانی، بەدەستی خزمەکانی یان ئەو ماستاوچیانەوە بوو کە مەدحیان دەکرد. داوا لە کارمەندە ئیدارییەکان و هەتا ئەو چەکدارە کوردانەش دەکرا کە لەژێر چاودێریی و پسپۆڕیی ئینگلیزەکاندا پەروەردە دەکران، سوێندی وەفاداری بۆ بخۆن» (2).

بە مووچەخۆرکردنی کۆمەڵگە
لە هەمان کتێب و لە لاپەڕە 25 دا دەڵێت: «مێجەرسۆن، لەیەکەم رۆژی فەرمانڕەواییەوە دەستی کرد بە پیلانگێڕی بۆ کزکردنی دەسەڵاتی شێخ مەحمود. سلێمانی پڕکرد لە مووچە خۆر و نۆکەری عەجەم و ئەفغانی و عەرەب و هیند و گاور و ئەرمەنی».
هەروەک د.کەمال مەزهەر: لە کتێبی «چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی گەلی کورد» (3)دا دەڵێت: گەلێک لە ئینگلیزە ئەوروپاییە پێشکەوتووەکان کە هاتنە عیراق «میسۆپۆتامیا» ویستیان بێ ئەوەی گوێ بدەنە داب و نەریتی ئاینی و نەتەوەیی و تەنانەت هۆزایەتی ناوچەکە، وەک لای خۆیان رەفتار بکەن، ئەو کارە بووە هۆی تەقینەوەی ناڕەزاییەکی بێ ئەندازە لە دەروونی ساکارانی وڵاتدا. ئەو مێژوونووسانەی باسی شۆڕشی بیستیان کردووە، بۆ ئەمانە دەتوانن سەیری (الثورة العراقیة الكبری) (4)، یان (لمحات اجتماعية من تاریخ العراق الحدیث) (5)  یاخود (الثورة العراقية الكبری، سنة 1920) (6) بكەن. لەو بارەیەوە گەلێک نموونە و بەڵگە دەربارەی ناوەند و باشووری عیراق دەهێننەوە. 
ئینگلیزەکان لە شارەکانی کوردستاندا بە ئاشکرا رێگەیان بە زۆر کەس دا نەک تەنها «مەی»، بەڵکو تەنانەت «بەنگ»یش بفرۆشن. شاری واش هەبوو نەک تەنیا تیاترۆخانەیان تێدا دادەنا، بەڵکو کارخانەشیان تێدا دەکردەوە. تیاترۆخانەکەی هەولێر شەڕی قورسی بەخۆیەوە بینی کە لە (صدی الاحرار)دا باسکراوە (7). 
ئەنوەر مائی لە کتێبی (الاكراد في بهدینان) (8) دا دەڵێت: هاتنی ئینگلیزەکان کاری کردە سەر رەوشتی بەشێک لە بادینییەکان.

حاکمی بەعقوبە و سەگەکەی
د. کەمال مەزهەریش لە سەرچاوەی پێشوودا لە لاپەڕەی 185-188 دا دەڵێت: ئەو ئینگلیزانەی لە وڵاتی خۆیاندا نموونەی نەرم و نیانی و رەوشتن، زۆرجار کە دەبنە کاربەدەستی وڵاتە ژێردەستەکانیان، بە لوتبەرزی و دڵڕەقی لەگەڵ دانیشتوانیاندا دەجووڵێنەوە. 
زۆربەی ئەو نووسەرانەی باسی بیستەکانیان کردووە، چەند نموونەیەکیان لەو بارەیەوە هێناوەتەوە. یەکێکیان لە یاداشتەکانیدا باسی ئەوە دەکات چۆن جارێکیان شێخێکی باقوبە لای حاکمی سیاسی شار دەبێت، لەوکاتەدا سەگەکەی جەنابی حاکم توخنی دەکەوێ و ئەویش بەلایەوە گڵاوە، کەمێک خۆی لێ دووردەخاتەوە. حاکم لە پیرە شێخ دەخوڕێ و بەمۆنییەوە پێی دەڵێت: یاشێخ سەگەکەم زۆر لە تۆ خاوێنترە (9). 
ئەفسەرانی ئینگلیز بەهەمان دەستوور لەگەڵ دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکاندا رەفتاریان دەکرد. مێجەرسۆن کەی بهاتایەتە ناوبازاڕ، دەبوو هەموان بەرزەپێ لەبەری هەڵسن. راستە ئەو وەک گرینهاوسی ئەفسەری نەجەف قامچی بەکاردەهێنا، مەرایی کەران خۆیان ملیان بۆ دەدا و بە شانو باهویاندا هەڵدەدا، بەڵام خۆشی ئەوەی دەویست.

پڕیشکی رەفتارەکان  زۆربەی پیاوماقوڵانی گرتەوە
 مێجەرسۆن پیاوەکانیشی بەردابووە گیانی خەڵکی شار، عەزیرخان کە یەکێک بوو لە پیاوەکانی، کابرایەکی نەخوێندەواری چاوچنۆک و دڵڕەق بوو (10).
 پریشکی رەفتاری نا هەمواری ئەفسەرانی ئینگلیز گەلێک لە پیاوماقوڵانی کوردستانی گرتەوە کە یەکێکیان شێخی بەردە قارەمانی نەمر بوو. مەحمود جەودەتی نیشتیمان پەروەری بەناوبانگ لەتاو سۆن ناچاربوو سەری خۆی هەڵگرێ(11). گروپێک لە رۆشنبیرانی عەرەب هەبوون ئەو سەردەمە بەناوی (عەهدئەلشام). لقی موسڵی عەهد یەکێک بوو لە لقە هەرە چالاک و دڵسۆزەکانی کە زۆربەی ئەندامانی تاسەر بەخاوێنی مانەوە، ئەو گرووپە لەڕێی چەند بەڵگەنامەیەکەوە گەلێک راستی بایەخداری لەو بارەیەوە بۆ پاراستووین، بەتایبەتی ئەوانەیان کە پەیوەندییان بە رەفتاری ناشیرینی ئەفسەرانی ئینگلیزەوە هەیە لەگەڵ شێخانی بادیناندا. 

کۆپییەک لە رۆژنامەی پێشکەوتن-ی سەردەمی حکومداریی مێجەر سۆن

رۆژی چواردەی مانگی ئابی ساڵی 1919 لقی موسڵی کۆمەڵەی عەهد نامەیەکی نارد بۆ بارەگای سەرەکی کۆمەڵەکە لە شام دەربارەی ئازاردانی نەقشبەندییەکان. رابەرانی لقی موسڵ لە نامەکەیاندا دەڵێن: (ئێمە تەواو دڵتەنگین بەهۆی ئەو شێخانەوە، ئینگلیزەکان بێ پەروا دەیانەوێت سەر بە هەموو سەربەرزێک شۆڕبکەن، ئازاری هەموو سەردارێک بدەن ئەگەر کوێرانە دوویان نەکەون، یان وەک دەیانەوێت مل بە فەرمانەکانیان نەدەن. 
هەمان کات ئەوان چاویان بەرایی نایەت کەسێکی خاوەن دەسەڵاتی وەک جەنابی شێخ بەهادین ئەفەندی نەقشبەندی ببینن ئەگەر نەتوانن بیکەنە داردەستی خۆیان)(12). 

کۆمەڵەی عەهد  زانیارییەکانی بڵاودەکردەوە
«هەموو بەسەریەکەوە دوو هەفتەی نەخایەند کاتێک لقی موسڵی کۆمەڵەی عەهد نامەیەکی تایبەتی تری ناردە شام و ئەم هەواڵەی خوارەوەی بە بارەگای سەرەکیی کۆمەڵەکە راگەیاند « بەرلە چەند رۆژێک ئینگلیزەکان لە هەولێر سەعید ئاغا و کوڕەکەی و ژمارەیەک لە هاوڕێیانیان بە تۆمەتی کوشتنی چاوەشێکی ئینگلیز و بریندارکردنی دوو پۆلیس و دوو جەندرمە گرت. یەکێک لە پۆلیسەکانیش ئینگلیز و ئەوی تریان عیراقیە. هەروەها ژمارەیەک لە پیاوەکانی سەعید ئاغاش برینداربوون. ئەو هەرایە لەسەر ئەوە بوو کە رۆژێک لەوەوپێش چاوەشەکە لە تیاترۆخانە لە کوڕی سەعید ئاغای داوە و گەلێک جنێوی ناشرینی پێداوە» (13). 
زەبرو زۆری ئینگلیز بێ جیاوازی چین و دەستە هەموانی گرتەوە لقی موسڵی «کۆمەڵەی عەهد» لە نامەیەکی تریدا نوسیویەتی: «داگیرکەران هیچ زۆردارییەک لە باریاندا نەماوە لەگەڵ خەڵکیدا بەکاری نەهێنن. کەمترین هەڵەی هەرکەسێک دەبێتە هۆی دارکاری کردنی بەڕووتو قوتی و زۆر جار تەنی ئەو کەسە دەهێننە خۆێن و جێ قامچیەکانیان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ دەبێتە دوومەڵ و هەر بە لەشیەوە. خەڵکی وایان لێهاتووە سزای پارە بۆتە گەورەترین داهاتی داگیرکەر، بە نیعمەتی دابنێن لە عاستی لێدان و دارکاری و پێکردنی کاری نزمدا. خۆزگە ئەوانەی ئینگلیز بەتاوانباریان دادەنێن وابونایە! گەلێک کەس ئاخنراونەتە زیندانەکانەوە بێ ئەوەی تاوانێکیان لەسەر کرابێتە ماڵ، یا دادگەیەک بڕیاری گرتنیانی دابێ. بەنمونە 18 گۆیانیان گرتووە بێ ئەوەی هیچ پەیوەندیەکیان بەو روداوانەوە هەبێ کە لە ناوچەکاندا قەوماون. ئەوانە دەمێکە لە موسڵ بە حەمماڵی دەژین. ئەو گۆیانییانە تاوەکو کۆنۆنێڵ لێچمەن نەگوێزرایەوە دلێم و کاپتەن بیل نەهاتە جێگەی بەرنەدران»(14). 

دانپێدانانی خودی ئینگلیز
ئینگلیزەکان چەند جارێک دانیان بەوەدا ناوە کە جۆری رەفتاری بەشێک لە ئەفسەرانیان بۆتە هۆی دروستبوونی رقێکی زۆر لەناخ و دەروونی زۆرینەی دانیشتوانی عیراقدا، خاتوو بیڵی بەناوبانگ بە میس بیڵ کە کاربەدەستێکی گەورەی ئینگلیز بوو لە عیراق. جاروبار بە « شاژنی بێ تاج» ناو دەبرێ. هەرچەندە گەلێک پەنجەی بۆ ئەو راستییە راکێشاوە. لەوەش گرنگتر رای جەنەڕاڵ هالیدەینە کە بۆ خۆی فەرماندەی ئەو لەشکرە بوو کە دامرکاندنەوەی شۆڕشی بیستی کەوتە ئەستۆ هالدین رەفتاری ناهەمواری ئەفسەرانی ئینگلیز بە یەکێک لە هۆ سەرەکییەکانی شۆڕش دادەنێ (15) . هەمان راستی لە بەڵگەکانی شۆڕشیشدا بەدی دەکرێت. 
رۆژنامەی «الفرات»ی داخ لەدڵ وای لێهاتووە ئۆباڵی هەموو خراپەکاری و زەوت کردنێکی کۆن و نوێ لە مێژوودا بخاتە ئەستۆی ئینگلیزەکانەوە. وای لێهاتووە سڵاوی رێز بنێرێ بۆ تاریکستانی سەدە ناوەنجییەکان و فیرعەونەکان و جەنگیزخان و تەیموری لەنگ و هۆزە خوێن ڕێژەکانی ئەوروپا، چونکە وەک دەڵێ»خوایە خۆت ئاگاداری ئەوان هەستیان ناسکتر و دڵیان چاکتر بوو لە ئینگلیزە زۆردارە بەربەرەکان (16). 

بەرگریکردن لە مێجەر سۆن
ئەمە وێنەی رەفتاری ئینگلیزەکان بوو لە ناوچەکە و لە کوردستاندا کە چۆن زۆربەی فەرمانبەر و پلەدارەکانیان بەرببوونە گیانی خەڵکی و رمانی کەلتوری جوانی کوردەواری و کردنەوەی تیاترۆخانە و هێنانی سەدان رەوشتی ناشرینی رۆژئاوا، دیارە ئەو نووسەر و یاداشتانەی کە بەرگریی لە مێجەرسۆن و هاوڕێکانی دەکەن، بەشێک بوون لە ئاواتخوازانی ئەو گۆڕانکاری و رەوشتە ئەوروپیانەی ئەوان هۆکاری بوون. جگە لەوەی کە رێزی بنەماکانی کۆمەڵگەی کوردەواری ئاینیشیان نەگرتووە، رێزی پیاوانی سەرکردە و خاوەن رێزو بەڕەوشتیشیان نەگرتووە (17).

میس بیڵ: رەفتاری ئەفسەرە ئینگلیزەکان لە سەرەتای داگیرکردنی عیراقەوە بووە مایەی هەڵگیرسانی شۆڕشی ساڵی 1920 

عیراقییەکان بە عەرەب و کوردیانەوە پێیان وابو لەگەڵ نەمانی دەسەڵاتی عوسمانی و هاتنی ئینگلیزدا تیشکی ژیاری نیعمەتی خوێندەواری دەگاتە هەموو قوژبنێکی وڵات. بێگومان هەرچۆن بێ و لەبەر گەلێک هۆی ئاشکرا ژێر دەستەیی ئینگلیز خەڵکی لە ژیانی شارستانیەتی نزیکتر دەخاتەوە وەک لە ژێر دەستەیی عوسمانی. بەڵام بە هۆی ئەو بارە یەکجار گرانەوە کە شەڕی یەکەمی جیهانی خستییە ئەستۆی هەموانەوە قۆرت کەوتە رێگەی ئەو دیاردەیە و ئینگلیزەکان دەستوبرد شتێکی ئەوتۆیان بۆ نەکرا. خەڵکیش پەلەیان بوو. لەبەر گەلێک هۆی تێهەڵکێش باری خوێندەواری وڵات لە ساڵانی یەکەمی دوای شەڕدا دایە دواوە. هەموو ئەو پارەیەی ئینگلیزەکان ساڵی 1919 - 1920 بۆ کاروباری خوێندنیان دانا، بریتی بوو لە حەفتا هەزار لیرەی عوسمانی. واتە دوو هێندەی ئەو پارەیەش نەدەبوو عوسمانییەکان ساڵی 1911 - 1912 تەنها بۆ ولایەتی بەغدادیان دانا. لەبەر ئەوە هیچ سەیر نییە ژمارەی قوتابخانەکانی هەموو عیراق هاتە سەر نیوەی ژمارەیان لە ساڵی 1914دا. کار گەیشت بەوەی ئینگلیزەکان لە شارێکی وەک موسڵدا ژمارەیەک قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و فێرگەیی ئامادە کردنی مامۆستایان دابخەن (18).

پاشەکشەی خوێندن  بەراورد بە پیشتر
کاروباری خوێندن لە ناوچە کوردییەکاندا لەوەش خراپتر بوو. میجەرسۆن کە پتر لە 3 ملیۆن روپێ داهاتی ناوچەی سلێمانی لەبەردەست بوو، خۆی تەنها 63 هەزار روپێی بۆ کاروباری خۆێندن تەرخان کرد. واتە نزیکەی2 ٪ داهاتی ناوچەکە 20 هێندەی ئەو پارەیە کەمتر کە بۆ پۆلیس و پاسەوانە تایبەتەکانی خەرج کرد. ئەمە بەپێی ئەو ژمارانە لێکدراونەتەوە کە مێجەرسۆن لەم لە رۆژنامەی پێشکەوتندا بڵاوی کردۆتەوە (19).

ئەفسەر و سەربازانی ئینگلیز رەچاوی دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکانیان نەدەکرد

 ئەمین زەکی بەگ دەڵێت: ئەو جۆرە هەڵوێستە کارێکی ئەوتۆی کرد لە سەرەتای فەرمانڕەوایی ئینگلیزەکاندا خوێندنی کوردی بە پێچەوانەی ئەوەوە کە چاوەڕوان دەکرا، بداتە دواوە. دوای تەواو بوونی شەڕ ئینگلیزەکان تەنها قوتابخانەیەکی سەرەتاییان لە سلێمانی کردەوە. لە کاتێکدا بەر لەشەڕ لە هەمان شار دوو قوتابخانەی سەرەتایی و یەکێکی ناوەندی و فێرگەیەکی سەربازی هەبوو کە ژمارەی قوتابیانیان بەسەر یەکەوە 330 کەس و ژمارەی مامۆستایانیان 20 کەس بوو. لە کۆتایی بیستەکاندا دیسان 10 قوتابی ناوەندی هەبوون، واتە 16 جار کەمتر بوون لە ژمارەی ساڵی 1914. هەر ئەو دەوروبەرە ژمارەی شاگردانی قوتابخانە کوردیەکانی سەرانسەری کوردستانی عێراق 1545 کەس بوو، بەرامبەر 6300 کەس کە لە قوتابخانە گاورەکان و 8400 کەس لە قوتابخانە جوەکان دەیانخوێند (20).

ئەوانەی دڵیان بەهاتنی ئینگلیز خۆشبوو
د. کەمال مەزهەر دەڵێت: راستە ئەوانەی حسابێکی ئەوتۆیان بۆ ئەم لایەنەی ژیانی رۆشنبیری ئەوساکە دەکرد کەم بوون، بەڵام ئەوانەی بایەخیان پێ ئەدا، واتە ڕوناکبیران یا ئینتلیگێنسیا»ئینتلیجێنسیا»، دەستەیەکی کاریگەری کۆمەڵیان پێک دەهێنا کە هی وایان تێدا بوو سەرەتا بەدڵ هاتنی ئینگلیزیان پێ خۆش بوو. هۆکانی کۆبوونەوەی ناڕەزایی لەناخی دەرونی عەرەب و کوردی عێراقدا لەوانە زیاترن کە تاکو ئیستە باسمان کردن. لە ناو ئەو هۆیانە دا شوێنی هەستی ئایینی یەکجار گەورە و دیارە، بەڕادەیەک مێژوو نووسی عێراقی ئەوتۆ هەیە دەیکاتە هۆی یەکەمی بەرپابوونی «شۆڕشی بیست» زۆر کەس بەچاوی کافرو زەندیق سەیری ئینگلیزیان دەکرد، تەنانەت ئەوانەشیان کە بە دەورو خولیاندا دەهاتن دوای خۆیان قاپەکانیان بسمیل دەکردن. گەلێکی ئەوتۆش هەبوون هێشتا مەیلی سوڵتان رەشادی «خەلیفەی موسڵمانان» دەیبزواندن. لەوەدا دەوری جۆری ڕەفتاری ئینگلیزەکان خۆیان کەم نەبوو. ئەوان تا عوسمانیەکان لە بەغداد بوون بەرگی یەکە پشتیوانی موسوڵمانەتییان پۆشی بوو. بۆ ئەم بابەتە ژمارەکانی «العرب» و تێگەیشتنی ڕاستی پڕن لە نمونە بۆ سەلماندنی ئەمانە»، کەچی هەر ئەوەندە شەڕ تەواو بوو بە مەرامی خۆیان گەیشتن کەوتنەوە خاچ پەرستیەکەی جارانیان، گەلێک گاور و جویان لە خۆیان نزیک خستەوە. راستە گاور و جوی ئەوسای عیراق، لەبەر گەلێک هۆ لە موسڵمان خوێندەوارتر بوون. بەڵام ئەوە تاکە هۆ نەبوو کە زۆربەی ئەفسەرانی ئینگلیزی هاندەدا پشت تەنها بەوان ببەستن. وێڕای ئەو کارەی بۆ پیاوی ژیر پاکانەی بۆ نییە ئینجا زۆربەی کاربەدەستانی ئینگلیز نەیان دەزانی چۆن رەفتاری شێخ و مەلا بکەن، دەستی ژمارەیەکیان گەیشتە داهاتی ئەوانیش. ئەفسەری خوێن گەرمی ئەوتۆ هەبوو ئاشکرا گاورچێتی دەکرد. هی واش هەبوو وەک لۆنگریک «کە یەکێک بوو لە ئەفسەرە سیاسییەکانی کەرکوک، چەند ساڵێک کەرکوکی بەدەستەوە بوو لە نووسینەکانیدا بە ئاسانی هەست بەو جۆرە بیرکردنەوە رەگەز پەرستییە دەکرێ بەتایبەتی لەو کتێبەدا کە ناوی عیراق لە ساڵی 1900وە تاکو ساڵی 1950»  ئەو پێی وابوو ئەو هەڵگری «ئاڵای ژیاری ئەوروپایە» (21).

گاڵتە بە مافی ئازادیی و  ئیدیعای شارستانی
لەم بارەیەوە رۆژنامەی «الفرات»دەڵێت: پێیان بڵێن کام دەوڵەتی ئازاد بەر لە ئینگلتەرا بەربەستی مەولوی کردووە. کام کاربەدەستی کارگێڕی یاسایی یا سەربازی بەرلە راپەڕینی ئینگلیز زاتی کردووە دەست وەربداتە ناو کاری ئەم رێبازە چەسپاوەوە. با بڵێین پیاوێکی سیاسی یا کارگێڕی یا سەربازی دڕندەی ئەوتۆ هەیە کە حەز دەکات گاڵتە بە مافی ئازادی گشتی بکات، بەڵام ئاخۆ بێ ئابڕویی نییە لەگەڵ ئەوەشدا ئیدعای شارستانیەتی بکات؟ (22).
رۆژنامەی پێشکەوتن هەروەها دەڵێت: «بڕوا ناکەم ڕاو فەرمانەکانی پیاوە ئایینیەکانی باشوور دەنگێکی ئەوتۆیان لای خۆمان دابێتەوە، بەڵام بڕواش ناکەم فەقێ و مەلای کوردستان  هاتن و فەرمان ڕەوایی گاورانیان بەدڵ بووبێ. کەواتە پێویستە لێرەدا ئەو پرسیارە بکەین ئایا هۆی چی بوو شێخ مەحمود هەمیشە هەڵۆێستەی کردووە لەسەر چەمکی ئایین لە دەسەڵاتداریدا. بێگومان چونکە گەلی کورد هەڵگرێکی راستەقینەی ئاینی و پیرۆزی ئاینە. وە بڕوای بە حەزرەتی ابراهیم هەبوو لەم ناوچەیەدا. وەک ئایین. بۆیە نەدەکرا دژایەتی پیاوانی ئاینی و بیری ئیسلام گەرایی بکات (23). 
د.کەمال مەزهەر دەڵێت: جارو بار ڕۆژنامەی پێشکەوتن هەڕەشەو گوڕەشەی کاربەدەستانی ئینگلیز و بڕیارەکانی دەربارەی قەدەغەکردنی کۆبونەوەو مەولوی ناو مزگەوتەکانی بەغدای بڵاو دەکردەوە. لە یەکێک لە ژمارەکانیدا ویڵسن لە بەغداد زوو زوو دوپاتی دەکردەوە هەواڵی خنکاندنی چوار «مفسید»یشی چاپ کردووە (24).

دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان  خوێندەوار و نەخوێندەوارەکان
م.ڕ.هاوار دەڵێت: لەبەر ئەوە کە مێجەرسۆن کەوتە شەڕ فرۆشتن بە شێخ مەحمود و ویستی سەری پێ بنەوێنێت، شێخ توانی بە گورجی بێتە دەست و شۆڕشێک بنێتەوە(25). بۆ زانیاریی زیاتر رەفیق حیلمی لە یاداشتەکانیدا بەرگی یەکەم لە لاپەڕەی 108-109 دا باسی ئەو بابەتە دەکات.
م.ڕ هاوار هەر لەو لاپەڕەیەی کتێبەکەیدا دەڵێت: بەو جۆرە بۆمان دەرکەوت کە ئینگلیزەکان دوای ئەوەی مێجەرسۆنیان ناردە سلێمانی و دەستی کرد بە حوکمی قەرەقوش هەر رۆژە بیانویەکی بە شێخ مەحمود دەگرت مووچەکەی لە 15هەزار ڕوپیەوە کرد بە 10هەزار ڕوپیە، حەرەسەکانی لێ کێشایەوە، هەڕەشەی لە خەڵک و لە ئەفسەرە کوردەکان ئەکرد کە لە شێخ مەحمود دوور بکەونەوە. ئەمە زیاتر هۆکار بوو بۆ ئەوەی دوو گروپ دروست ببێت، عەشایرەکانی دەوروبەری شێخ مەحمود کە گومانیان دروست دەکرد لای شێخ مەحمود، چونکە ئاگادار بوون سۆن هەڕەشە لە ئەفسەرەکان دەکات کە خوێنەوار و پلەداری سەربازی بوون کە لە شێخ مەحمود دووربکەونەوە، ببوو بەهۆی ئەوە متمانە لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا نەمێنێ، واتە خوێندەوار و عەشایرەکان. بێگومان سۆن بۆ لێدانی نفوزی شێخ مەحمود ئەوەی دەکرد و بۆ ئەوەی لاوازی بکات لە کاتی هەر بەرهەڵستییەکدا کە رووبدات.

پەراوێزەکان:
(1)
وەرگێڕانی ئەبو بەکر خۆشناو، چاپخانەی روون، سلێمانی 2002، لاپەڕەی 229.
(2)ئەحمەد تەقی، سەرچاوەی پێشوو.
(3)بەشی یەکەم. چاپخانەی «الادیب البغدادیة». 1985. لەلاپەڕەی 185.
(4)(عبدالرزاق الحسنی: الطبعة الثالثة الموسعة، بیروت-صیدا، 1972.
(5)الجزء الخامس، القسم الاول ، بغداد 1977.
(6)الطبعة الثانیة، بغداد، 1974.
(7)«جریدة»، الموصل 20 شباط 1953.
(8)الموصل 1960، ص184-185.
(9)(طالب مشتاق: اوراق ایامي، الجزء الاول، بیروت، 1968، ص91).
(10)«پێشکەوتن» 6ی مایسی 1920.
(11)بەڵگەکانی لقی موسڵی «کۆمەڵەی عهد» «جمعیة العهد» یەکێک بوو لەو کۆمەڵە سیاسییانەی رووناکبیرانی عەرەب دایانمەزراند.
(12)«صدی الاحرار:13 شباط 1953.
(13)صدی الاحرار 20 شباط 1953.
(14)«گۆیانی نیشتەجێی باکووری زاخۆ کە یەکەم هۆز بوو لە عیراقدا چەکی دژی ئینگلیز هەڵگرتووە.
(15).A.L.hldane, The Lsurrection Mesoptamia 1922. 20-21..
(16)الفرات: العدد الرابع، 13 ذي الحجة 1338.
(17)العرب: 13 آیار 1919.
(18)صدی الاحرار: 3 نیسان 1953.
(19)پێشکەوتن: 23کانونی یەکەمی 1920. 
(20)امین زكي، تاریخ السلیمانیة، ترجمة محمد جمیل روژبندی «الروژبیانی»، بغداد 1951، لاپەڕە 210.
(21)چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی کورد، سەرچاوەی پێشوو، لە لاپەڕە 190.
(22)العدد الرابع، ذي الحجة 1338.
(23)19 ئابی 1920.
(24)چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی گەلی کورد، بەرگی یەکەم، سەرچاوەی پێشوو.
(25)شێخ مەحمودی قارەمان و دەوڵەتەکەی خوارووی کوردستان، بەرگی یەکەم، لاپەڕە 483.

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان