مۆندیال بە دۆڕاندنی قەتەر دەستیپێکرد

09:43 - 2022-11-20
وەرزش
447 جار خوێندراوەتەوە

سەعات 5 ی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 20/11/2022، یاریگای ئەلبەیت لە قەتەر، بە ئامادەبوونی زیاتر لە 60 هەزار کەس، بوو بە مەیدانی  ئاهەنگێکی شایستە و رەنگاوڕەنگی بۆ دەستپێکردنی مۆندیالی قەتەر- 2022.
 ئاهەنگەکە نیو سەعات زیاتری خایاند، سەرەتا وتاری جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا و پاشان وتاری تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئەمیری دەوڵەتی قەتەر پێشکەش کران، دواتر ئاهەنگی دەستپێکی مۆندیال دەستیپێکرد.
ئاهەنگەکە جوان و سەرنجڕاکێش بوو، تێکەڵەیەکی ناوازە و دەگمەن بوو لە شارستانییەت و نەریتی خۆرهەڵات و نوێگەری و داهێنانی خێرای خۆر ئاوا.
بۆ رازاندنەوەی ئاهەنگەکە، نوێترین تەکنەلۆجیای رووناکی و دەنگ و جووڵە بە تیشکی لەیزەر بەکار هاتبوو، هەموو ئەمانەش تێکەڵاو بە حەوت تابلۆی جۆراو جۆر کرابوون کە لە ناوەڕاستی یاریگای ئەلبەیت یەک لە دوای یەک پێشکەشکران.
پاش تەواوبوونی ئاهەنگی دەستپێکی مۆندیال، دانێللی ئۆراستۆی ناوبژیوانی ئیتالی فیکەی دەستپێکردنی یارییەکانی 22 –ە مین بۆ یاریی نێوان هەڵبژاردەی قەتەری وڵاتی میواندارییکەر و ئیکوادۆر لێداو بەوەش کاروانی یارییەکان کەوتەرێ.
وەک لە ئەنجامی یارییەکەوە بینرا، ئیکوادۆر هەر تایمی یەکەم ئەنجامی یاریی بە قازانجی خۆی یەکلایی کردەوە کاتێک ئینێر ڤالانسیای یاریزانی هەڵبژاردەی ئیکوادۆر و یانەی فەنار باخچەی تورکیا، بە دوو گۆڵی بێ وەڵام لە دەقیقەکانی 16 و 31 دا کردنی، یارییەکەی بۆ ئیکوادۆرییەکان یەکلا کردەوە و بوون بە یەکەم براوەی ئەم مۆندیالە و گروپی یەکەمیش.

بابەتە پەیوەندیدارەکان