یەكێتی، ئارامیی ناوچە كوردستانییەكان دەخاتە دۆسێی چارەسەرەوە

10:11 - 2022-11-24
ڕاپۆرت
383 جار خوێندراوەتەوە

هەوڵەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پتەوكردن و دروستكردنی هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق لەپێناوی سەقامگیری و ئاسایش و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، بەردەوامە.
لە سەردانی ئەم جارەی بۆ بەغدا، سەرۆكی یەكێتی لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆی عیراق كۆبۆوەو تێیدا پرسی «روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و بۆشایی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكان و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق» تاوتوێكران و تەوەری جێبایەخبوون.

هەماهەنگیی سەربازی، پێویستییەكی گەورەیە
تیرۆریستانی داعش سوود لەو بۆشاییانە وەردەگرن كە لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراقدا بوونی هەیە و هەوڵی كەمكردنەوەی ئەو بۆشاییە دەدرێت.
لەوبارەیەوە، كەریم شكور پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەPUKMEDIAی راگەیاندووە: هەماهەنگی و هاریكاریی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق هەنگاوێكی گرنگە بۆ پڕ‌كردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دروستبووە، وتیشی: لە چەند شەوی رابردوودا هێرشێكی تیرۆریستی كراوەتەسەر سوپای عیراق لە سنوورەكانی پارێزگای كەركوك، ئەوەش پێویستیی هەماهەنگی و هاریكاریی زیاترمان لێدەخوازێت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە، كە ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ هاریكاریی ئەمنی و سەربازی بۆ پڕ‌كردنەوەی ئەو بۆشاییانەی دروستبوون.

یەكێتی، پاراستنی هاووڵاتییانی دەوێت
پێشمەرگە و سوپای عیراق دوو لیوای هاوبەش بۆ ئارامیی زیاتری ناوچە كوردستانییەكان پێكدەهێنن، ئەمەش وادەكات هەماهەنگی و هاریكاری لەنێوان هەردوولادا زیاتربێت.
سەبارەت بەوە كەریم شكور، دەڵێت: «هەوڵەكان بەردەوامە بۆ پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپا لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، كە پێكهێنانی ئەو یەكە سەربازییانە رۆڵی ئەرێنییان دەبێت لە دەستەبەركردنی ئاسایش و سەقامگیریدا». ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر هاووڵاتییان، كاردەكات بۆ پتەوكردنی هەماهەنگی و هاریكاری لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراقدا.
ئەوەش دەخاتەڕوو كە «هاووڵاتییانمان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە كەركوك و خانەقین و خورماتوو و دوبز لەسەر هێڵی گەرمی ناسەقامگیریدان و پێویستە پارێزگارییان لێبكرێت، بەتایبەتی لە مەترسییەكانی تیرۆردا».

هەنگاوێكی گرنگ بۆ سەقامگیریی
تەئكید لە هەماهەنگی زیاتری هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق لەپێناوی ئارامی زیاتر دەكرێتەوە.
محەمەد سەیهود پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەPUKMEDIAی وت: «هەماهەنگی و هاریكاریی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپاری عیراقدا كارێكی پێویستە و بەبێ هەماهەنگی سیستمی ئەمنی و بەرگریی كارەكانی سەركەوتوونابێت لە روبەڕ‌وبوونەوەی پاشماوەكانی تیرۆریستانی داعشدا». وتیشی» هەماهەنگی و هاریكاریی لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراقدا كارێكی پێویستە نەك تەنها لەبواری ئاسایش و سەربازییدا، بەڵكو پێویستە لەهەموو بوارەكاندا هەماهەنگی هەبێت تا بگەینە تەواوكاریی ئەمنی و ئابووری و پێویستە هەنگاوەكان بەپێكهێنانی لیوای هاوبەش و سەركردایەتیی یەكگرتوو، هەروەها هەماهەنگی راستەقینە لەنێوان هەموو لایەنەكاندا هەبێت».

«هەنگاوەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەماهەنگی زیاتری هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق بەردەوامیی هەیە و ئێستا لیژنەیەكی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عیراق ژووری هاوبەش و لێكتێگەیشتن و هەماهەنگیان هەیە، بڕیار‌یشدراوە هێزێكی هاوبەش لە پێشمەرگە و سوپای عیراق بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی لە دەوروبەری كەركوك، دوبز و شنگال پێكبهێنرێت»

پێشمەرگە وەك سیستمی بەرگریی عیراق
لیژنەیەكی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عیراق و ژووری هاوبەش بۆ لێكتێگەیشتن و هەماهەنگی زیاتر پێكدەهێنرێت.
لیوا ئەحمەد لەتیف بەڕ‌ێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە فەرماندەیی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە بەPUKMEDIAی وتووە: «سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، بەردەوام جەخت لە گرنگیی هەماهەنگی و هاریكاریی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق دەكاتەوە، هێزی پێشمەرگە بەپێی دەستوور بەشێكە لە سیستمی بەرگریی عیراق». وتیشی: لەوچوارچێوەیەدا زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی سوپای عیراق ئەنجامدراوە بەمەبەستی دەستەبەركردنی ئاسایش و سەقامگیریی لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە و بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
هەنگاوەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەماهەنگی زیاتری هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق بەردەوامیی هەیە و ئێستا لیژنەیەكی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عیراق ژووری هاوبەش و لێكتێگەیشتن و هەماهەنگیان هەیە، بڕیار‌یشدراوە هێزێكی هاوبەش لە پێشمەرگە و سوپای عیراق بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی لە دەوروبەری كەركوك و قەزای دوبز و شنگال پێكبهێنرێت.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان