راگەیەندراوی رۆژنامەوانی کۆبوونەوەی لووتکەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان

07:08 - 2022-11-24
کوردستان
434 جار خوێندراوەتەوە

‏‎‏‎ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2022 لەسەر بانگهێشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھاوینەھەواری دوکان لە ماڵی مام، کۆبوونەوەی لووتکەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دیالۆگی نیشتمانی بە ئامانجی یەکڕیزیی و چارەسەری کێشەکان لە عیراق و ھەرێم بەڕێوەچوو.

‏‎تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی ھاوینەھەواری دوکان  گفتوگۆکردن بوو لەسەر دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ھەرێم و عیراق و ناوچەکە.

‏‎کۆبوونەوەکە جەختی لە توندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە کوردییەکان کردەوە و بە پێویست زانرا ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت. ھەروەک ھاوڕابوون لەسەر زەمینەخۆشکردن بۆ فراوانکردن و بەردەوامی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و یەکخستنی ھێز و تواناکان دوور لە تێڕوانینی حزبی بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی واقیعی ھەرێم و عیراق بوونەتەوە، ئەم ئامانجەش لەپێناوی زاڵبوون بەسەر تەحەدییەکاندا.

‏‎لە بەشێکی تری کۆبوونەوەی ھاوینەھەواری دوکاندا، كۆی لایەنەکان جەختیانکردەوە لە بەردەوامی دیالۆگی لایەنە سیاسییەکان بە ئامانجی گەیشتن بە پڕۆژەیەکی ھاوبەشی کوردستانیی یەکڕیزیی نیشتمانی.

‏‎كۆبوونەوەكە هەڵوەستەی جددی لەسەر خراپی و نالەباری ژیان و گوزەرانی خەڵک كرد و روونکرایەوە، ژیان و دۆخی خەڵک گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ھەموو لایەنە سیاسییەکان ھەنگاوبنێن و ھاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و باشترکردنی ژیانی ھاووڵاتییان و ھەرێمی کوردستان لە رووی ئابووری، سیاسی و ئەمنییەوە. کار بکرێت بۆ دروستکردنی ئەنجومەنێکی باڵا لە ھەرێم بە بەشداری ھەموو لایەنەکان بۆ بڕیاردان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی کێشەکان و ئەو پرسانەی رەھەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان ھەیە. ئەم ھەنگاوەش بە فاکتەری پاراستنی یەکڕیزی، پارێزگاریکردن لە ئەزموونی ھەرێم، بەدیھێنانی خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵک، بەھێزکردن و پارێزگاریکردن لە قەوارەی ھەرێم لە قەڵەمدرا.

‏‎کۆبوونەوەكە پێداگری لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ئاسایش، سەروەری یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتداری و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی، رووبەڕووبوونەوەی بەھەدەردانی سامانی گشتی و سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی راستەقینە کردەوە.
‏‎بڕیاریش درا ئەم کۆبوونەوانە لەپێناوی تەبایی، یەکھەڵوێستی و یەکڕیزیی کوردستانی بەردەوامی ھەبێت.




#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان