پەیامی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان

09:58 - 2022-11-24
کوردستان
751 جار خوێندراوەتەوە

ھەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەنگاوێکی گرنگە بۆ رێزگرتنی خەباتی ژنان و هەوڵەکانیان لەپێناوی پاراستنی مافەکانی ژنان، یەکسانیی جێندەری و نەهێشتنی چەوساندنەوە و جیاکاری کۆمەڵایەتی.

دەمەوێت لەم بۆنەیەدا نیگەرانییەکانم لەبەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانتان و ئەو توندوتیژیانە دەرببڕم کە بەرامبەرتان دەکرێت. بەبێ هیچ پاساوێک سنوورە کەسییەکانتان دەبەزێنرێت و ئازادییەکانتان بەرتەسک دەکرێتەوە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەمان دیدگای ئازادیخواز و سەردەمیانەی سەرۆک مام جەلال بەرامبەر ژنان بەردەوام دەبێت و پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین. هەربۆیە هەموو ئۆرگان و دەسەڵاتە رێکخراوەییەکانمان دەخەینە خزمەت ئەم ئامانجە باڵایە و بڕیار دەدەین:

1-پێویستە تەواوی ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوکار و هەماهەنگبن لەپێناوی بەدیهێنانی مافەکانی ژنان و رەخساندنی یەکسانیی جێندەری لە گشت دامەزراوەکاندا.

2- ژنان هێزی بەردەوام و لەبن نەهاتووی یەکێتین و پێشڕەوی خەباتی مەدەنی و دیموکراسین، بۆیە بڕیارماندا لەمەودوا دەرفەتی زیاتر بە کچان و ژنان بدرێت لە کاری رێکخراوەیی، سەرکردایەتی و هەموو ئۆرگەکانی تری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەشدارییەکی چالاکانەتریان هەبێت.

3- هەموو ئۆرگانەکانی یەکێتی پابەندی یاسا بەرکارەکان و راسپاردەی دیداری یەکێتی تایبەت بە پرسی یەکسانی جێندەری دەبن و هاوکار و پشتیوانی بێمەرج دەبن لەپێناوی بەرقەراربوونی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەکۆمەڵگەی کوردیدا. رووبەڕووی هەموو بەربەستەکانی بەردەم بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایەش دەبنەوە.

4- هەر هەڤاڵ، کادر و ئەندامێکی یەکێتی لە هەر پلە و بەرپرسیارێتییەکدا بێت، توندوتیژی بەرامبەر کچان و ژنانی کۆمەڵگەکەمان  بکات و دەست بۆ ماف و ئازادییە کەسییەکانیان ببات، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و لێپێچینەوەی توندی حزبی لەگەڵدا دەکرێت.

ئێوەی ژنان و کچانی ئازا و ئازادیخواز بەرەو ئامانجە باڵاکانتان هەنگاوبنێن و ئێمەش لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانتان دەبین. رووبەڕووی هەموو ئەو جیاکاری و بیرکردنەوانەش دەوەستینەوە کە دەبنە بەربەست لەبەردەم ئەم خەباتە مەدەنی و دیموکراسییەدا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان