تەماشای تەلەفزیۆن دەکەن؟

10:55 - 2022-11-27
دووتوێ
403 جار خوێندراوەتەوە

ئا: مانی دڵشاد 


لەگەڵ هاتن و بڵاوبوونەوەی سۆشیال میدیا و مۆبایلی زیرەک بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا دەبینین وردە وردە کاریگەری تەلەفزیۆن کەمبۆتەوە و خەڵکی کەمتر تەماشای دەکەن مەگەر بۆ هەندێ رووداو بۆنەی گرنگ نەبێت خێزان هەمووی لەدەوری کۆببنەوە و لە کاتی ئاساییدا خەڵکی ئەوەندەی تەماشای شاشەی مۆبایلەکانیان دەکەن وەکو جاران تەماشای تەلەفزیۆن ناکەن، بەڵام ئایا دەتوانین بڵێین سەردەمی تەلەفزیۆن تەواوبووە و مۆبایل دەتوانێت بەتەواوەتی جێی بگرێتەوە؟ بێگومان نەخێر.

وەکو جاران کۆیان ناکاتەوە
راستە وەکو جاران هەر لە سەعاتەکانی سەرەتای رۆژەوە تیڤییەکان ناکرێنەوە و خێزانەکان لە دەوری کۆنابنەوە، بەڵام وەکو هەر شتێکی دیکە تەلەفزیۆنیش ئامانج لە تەماشاکردنی گۆڕاوە و هەر کەسە بە مەبەستێک و لەکاتێکی دیاریکراوی رۆژدا تەماشای دەکات و کاتەکانی دیکە بۆ کار یان مۆبایل تەرخان دەکات، واتا ئەندامانی خێزان دابەشبوون و ئەوەی بۆ هەواڵەکان دەیەوێت تەنیا لەو کاتەدا تەماشای دەکات و کاتێکی دیکە کەسێکی دیکە لە خێزان بۆ مەبەستێکی تر تەماشای تەلەفزیۆن دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لەم سەردەمەدا کەسانێک هەن بەهیچ جۆرێک تەماشای تەلەفزیۆن ناکەن، هەروەها کەسانی بە تەمەن و ئەوانەی زۆربەی کات لە ماڵەوەن زیاتر تەماشای تەلەفزیۆن دەکەن، بێگومان ئەوەش زیانی خۆی هەیە بەتایبەتی بۆ کەسانی بەتەمەن بەپێی پێگەی دەیلی مەیللی بەریتانی بێت لە توێژینەوەیەکدا لە زانکۆی کۆلدج-ی لەندەن ساڵی 2019 لەسەر 3600 کەسی بەتەمەن کراوە، دەرکەوتووە ئەوانەی زۆر بەچڕوپڕی تەماشای تەلەفزیۆنیان کردووە 10 ٪ ئاستی توانای بیرهاتنەوەی وشەکانیان دابەزیووە، چونکە سەرنج وردکردنەوە لەسەر تەلەفزیۆن توانای درک پێکردن و زانین لای مرۆڤ لاواز دەکات و دواجار دەبێتە هۆی لەدەستدانی بیرەوەری. لەلایەکی دیکە لەبەرئەوەی سروشتی تەلەفزیۆن بەجۆرێکە دەبێت کاتی بەتاڵت هەبێت بۆئەوەی بتوانیت بەدیارییەوە دابنیشیت، بۆیە زیاتر کەسانی بەتەمەن تەماشای دەکەن.

تەلەفزیۆنە سمارتەکان 
هاتنی تەلەفزیۆنە سمارتەکان و بەستنەوەیان بە ئینتەرنێتەوە وایکردووە بەشێک لە بینەران مەبەستیان لە تەلەفزیۆن تەماشاکردنی کەناڵەکان نەبێت، بەڵکو بۆ تەماشاکردنی ئەو پێگە ئەلیکترۆنیانەیە لە هەر کاتێکدا بێت دەتوانن ئەو بەرنامە یان دراما و فیلمەی دەیانەوێت بیبینن، بێئەوەی ناچار بن پابەند بن بە کاتێکی دیاریکراوەوە، هەروەها ژیانی سەردەم وایکردووە کاتەکانی تەماشاکردنی تەلەفزیۆن پێکەوە کەمبێتەوە و تاک لە جیاتی ئەوەی بە تەنیا بەدیار تەلەفزیۆنێکەوە دابنیشێت تەماشای مۆبایلەکەی دەکات و جاران تەلەفزیۆنێک خێزانێکی کۆدەکردەوە ئێستا مۆبایل جیامان دەکاتەوە. دواجار ئەو پرسیارە جێی خۆیەتی ئایا تەلەفزیۆن دەتوانێ جێگەی کتێب بگرێتەوە؟ بێگومان نەخێر لەبەرئەوەی زانیارییەکانی تەلەفزیۆن هەموویان رووکەشن و قووڵ نین، دەشێ ئەم قسەیە لەوەوە سەرچاوە بگرێت کە دەڵێ دەوڵەمەندەکان کتێب دەخوێننەوە و هەژارەکان تەماشای تەلەفزیۆن دەکەن.  

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان