ئاوی باران سەلامەتە؟

ئاسمان ژەهرەکانمان بۆ دەگەڕێنێتەوە

11:12 - 2022-11-27
دووتوێ
334 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی


ئاو یەکێکە لە پێکهاتە گرنگەکانی ژیان، چونکە مرۆڤ و هیچ بوونەوەرێکی دیکە ناتوانێت بەبێ ئاو بژی، لە کاتێکدا گۆڕانی ژینگە زەنگی مەترسی و ئاگادارکردنەوە لێدەدات بە دروستبوونی دنیایەکی نوێ و جیاواز دەپرسین ئایا ئاوی ئێستا سەلامەتە؟
ئاوی باران یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی ئاوی سەر رووی زەوی و گرنگە بۆ پڕبوونەوە و زیادبوونی ئاوی چەم و دەریاچەکان و ئاوی ژێر زەوی، بەڵام پێدەچێت پیسبوون و گۆڕانی ژینگە کاری لە ئاوی بارانیش کردبێت بەجۆرێک چیتر سەلامەت نەبێت و بەکەڵکی بەکارهێنان و خواردنەوە نەیەت، لە توێژینەوەیەکی نوێدا زانکۆی ستۆکهۆڵم لە سوید کردوێتی دەرکەوتووە ئاوی باران چیتر بەکەڵکی خواردنەوە نایەت «لە هەموو جێیەک لەسەر گۆی زەوی» چونکە ئەو ئاوی بارانەی دێتە خوارەوە بارگاوییە بە مادەی کیمیاوی مەترسیدار ئەو مادانەی پێیان دەوترێت «مادەی بارگاوی بە فلۆر یان مادەی فلۆری جۆراوجۆر» کە کورتکراوەکەی بریتییە لە «PFAS» ئەو توێژینەوەیە دەڵێت: لە ئێستادا قورسە هەموو ئەو کاریگەری و کارلێکە تەندروستییە درێژخایەنانەی ئەو ماددانە دروستی دەکەن لەسەر تەندروستی مرۆڤ دیاری بکەین، چونکە ئاوی باران چەندین پێکهاتەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت و دڵنیاین لەوەی زیان و مەترسی بۆسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە.

مەترسییەکان
پسپۆری ژینگە ڤیڤی کلاپ لە وتەیەکیدا بۆ سکای نیوز دەڵێت: ئەو ماددانە لە پیشەسازی و دروستکردنی زۆر کەرەستەدا بەکاردەهێنرێن وەکو پێچانەوە و لە قوتونانی مادە خۆراکییەکان و ئەلیکترۆنی و جوانکارییەکان، بۆیە دەچێتە هەواوە کاتێک گازەکەی لە کارگەکانەوە لەکاتی کرداری دروستکردندا دەردەچێت و دەچێتە بەرگە هەواوە پاشان دەگەڕێتەوە بۆ زەوی لە شێوەی ئەوەی پێیدەوترێت «بارانی ترش» و دەچێتە ژێرزەوی و ئاوی دەریا و زەریا و دەریاچەکان و دواجار ئاسمان ئەو ژەهرەی مرۆڤ بڵاویکردۆتەوە و پێیداوە لەشێوەی باراندا بۆ مرۆڤی دەگەڕێنێتەوە.
ڤیڤی کلاپ دەڵێت: ئەوەی لە توێژینەوەکەدا سامناکە ئەوەیە لێکۆڵەران بۆیان دەرکەوتووە ئەو ماددە کیمیاویانە بەهەموو بەرگەی هەوای گۆی زەویدا بڵاوبۆتەوە لە هەموو شوێنێک لەسەر رووی زەوی و هیچ جێیەک پارێزراو نییە، واتا تەنانەت ئەو جێیانەی وەکو جەمسەری باشور یان ئەنتاریکا کە بە پاک لە قەڵەمدەدران ژەهراوی بوون، چونکە ئەو ماددە ژەهراوییانە لە رێی هەورەکانەوە دەگوێزرێنەوە و دەچنە هەموو جێیەکی گۆی زەوی.
بە پێی رای ئەو پسپۆرە کاتێک باران ترش دەبێت ئەو کاتە ئیتر بەکەڵکی خواردنەوە نایەت، جگەلەوەی زیان بە زەوی دەگەیەنێت، هاوکاتیش باس لەوە دەکات تەنیا کارگەکان بەرپرس نین لەو ژەهراویبوونە، بەڵکو ئەو بەرپرسیارێتییە دەبێت مرۆڤ هەڵیبگرێت بەوەی دەرمان و خۆراکی کشتوکاڵی جۆری نێترۆجین و فۆسفۆر بەکاردێنێت و دەچنە نێو ئاوی ژێر زەوییەوە و ئاستی ترشیی ئاو بەرزدەکاتەوە.

وەک جاران سەلامەت نییە
لەلای خۆشییەوە بەدەوی رەهبان پسپۆری پاشماوەکانی گۆڕانی ژینگە و کارەساتە سروشتییەکان دەڵێت: ئەو توێژینەوەیەی زانکۆ ستۆکهۆڵم پێمان دەڵێت ئاوی باران وەکو جاران سەلامەت نییە و دەبێت کۆمەڵگەکان بجوڵێن تاوەکو هەوڵی رزگارکردنی دۆخەکە بدەن.
جگەلەوەی ئەو پسپۆرە باس لەوە دەکات چارەسەری ئەم کێشەیە بە تەنیا بە تاک ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە بڕیاری نێودەوڵەتی هەیە پێشئەوەی کار لەکاربترازێت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات دۆخەکە پێویستی بە نزیککردنەوە و ستراتیژی یەکانگیر هەیە بۆ پێداچوونەوە بە شێوازی کارکردنی کارگەکان بەوەی کار بە وزەی پاک و نوێکار بکەن.
بەدەوی رەهبان دەڵێت: بابەتی پیسبوونی ئاو لەگەڵ بابەتی پیسبوونی بەرگەی هەوای زەوی و باران بەستراون بە یەکەوە، چونکە کاتێک ئێمە بەرگەی هەوا لە گازی پیسی کارگەکان دەپارێزین ئەوکاتە ئاوی بارانیش لە پیسبوون دەپارێزین و دواجار خاک و ئاوی ژێر زەوی و دەریا و زەریاکانیش پارێزراو دەبن، بەوجۆرە وادەکەین سەرچاوە سروشتییەکانمان پاکتر بن و کۆمەڵگە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تێیدا پارێزراو بێت بەتایبەتی ئاو کە هەموو چالاکییەکانی مرۆڤ دەبوژێنێتەوە.

سەرچاوە: skynewsarabia.com  

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان