تاتۆ لە نێوان شێواندن و جوانكاریدا

11:28 - 2022-11-27
دووتوێ
425 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: هێمن ئەحمەد


تاتۆ مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە بەپێی سەرچاوەكانی پێش مێژوو، ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە هونەری جوانكاری مرۆڤ بۆ خۆی و دەورووبەرەكەی بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵکی بە لای خۆیدا رابكێشێت ‌و وەكو مرۆڤێكی بەرچاو دیار بێت لەنێو كۆمەڵگەدا.
جاران لەكوردەواری خۆماندا بە تاتۆیان دەگوت خاڵ كوتان، كە كۆمەڵێك كەرەستەی سەرەتاییان بەركارهێناوە لە جوانكاریدا، بەڵام ئێستا كۆمەڵێك كەرەستەی مۆدرێرن‌ و رەنگی جۆراو جۆر بەكاردەهێنن كە لە هەندێكجاردا مرۆڤ پانتاییەكی گەورە دەنەخشێنێت لەسەر لەشی کە جۆرەها وێنە و هێمای سەرنجڕاكێشە، هەندێك لەو هێمایانە دەربڕینی كۆمەڵایەتی یان توندوتیژی دەخەنەڕوو هەندێكجاریش مانای دەرمارگیری نەتەوەیی دەبەخشن.

تاتۆكان هەمەڕەنگن
ئەحمەد عەلی گەنجێكی 25 ساڵەو چەند تاتۆیەكی لەسەر لەشی كوتاوە و دەڵێت: ماوەی سێ ساڵە تاتۆیەكم لەسەر لەشم كوتاوە جۆرەها هێمام بەكارهێناوە، بەڵام ئێستا زۆر پەشیمانم لەبەر هەندێك هۆكاری ئایینی و كۆمەڵایەتی و سیاسی، چونكە هێشتا كۆمەڵگە نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی لە چوارچێوەی ئەو ئازادییەوە سەیری مرۆڤ بكەن.

پەشیمانی داد نادات
محەمەد گەنجێكی ترەو چەند تاتۆیەكی لەسەر لەشی کوتاوە و دەڵێت: چەند تاتۆیەكم لەسەر قۆڵ و ملم كردووە و هەست بە پەشیمانی دەكەم، چونكە لەكاتی خۆیدا بیركردنەوەیەكی جیاوازم هەبوو، بەڵام ئێستا بیركردنەوەكانم گۆڕاون ‌و دەمەوێت گۆڕانكاری تێدا بكەم ‌و ناتوانم، چونكە شوێنەكەی دەشێوێندرێت، بۆیە لێرەوە رووی دەمم دەكەمە ئەو گەنجانەی بەنیازن تاتۆ بكەن دەبێت زۆر بە وردی بیر بكەنەوە ئەوسا تاتۆ بكەن، چونكە دواتر پەشیمانی دادت نادات.

زیانە تەندروستییەکانی
د. عەفان گەڵاڵی، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست لەسەر زیانەكانی تاتۆكردن، رایگەیاند: زۆر بەداخەوە لە وڵاتی ئێمەدا كاركردن لە تاتۆ پیشەیەكە تاوەكو ئێستا نەچۆتە چوارچێوەی ئەو بنەما زانستیانەی رێنماییە تەندروستیەكان جێبەجێبكەن، چونكە هەندێ لەو كەسانەی لەو بوارەدا كاردەكەن وەكو پیشەیەكی پزیشكی سەیری ناكەن‌ و وڵاتیش نەیتوانیووە چاودێری ئەو كەرەستەو ئامێرانە بكات كە بۆ تاتۆكردن بەكاریدەهێنن.
وتیشی: پێستی مرۆڤ زۆر هەستیارە و ناتوانێت خۆی لەگەڵیدا بگونجێنێت، بۆیە پێویستە لەكاتی تاتۆكردندا هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت‌ و پشكنینی نەخۆشیەكانی بۆ بكرێت بەتایبەتی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و شەكرە.

لە یاسادا جێی نەكراوەتەوە
حەسەن عەبدوڵڵا، كە بە حەسەن تاتۆ ناسراوە لەناو بازاڕی ئازادی كەركوك، رایگەیاند: بۆ نزیكەی شەش ساڵ دەچێت لەبواری تاتۆكردندا كاردەكەم و خەڵێكی زۆر لەهەموو رەگەزەكان سەردانم دەكەن تەمەنیان لە نێوان 18ـ25 ساڵە، هەندێکجاریش وا رێكدەكەوێت تەمەنی گەورەش دێن، بەڵام زۆر بەدەگمەن روودەدات و تاوەكو ئێستا دوو حاڵەتی لەو جۆرە سەردانیان كردووم كە لەلام زۆر سەیر بووە.

لە نرخدا جۆراو جۆرن 
وتیشی: تەندروستی كەركوك وەكو پێویست سەردانمان ناكەن، بەڵام جار جار رێنماییمان دەكەن و پیشەكە دەكەنە ئەستۆی خۆمان كە دڵسۆزبین لە كارەكەی خۆماندا.
بەڵام تا ئێستا لەیاسادا بڕگەیەك جێی نەكراوەتەوە كەتایبەت بێت بە رێنماییەكانی تاتۆكردن و جێبەجێكردنی، بۆیە پێویستە لەچوار چێوەی یاسادا رێكبخرێت.
باسی لەوەشكرد قەبارەی تاتۆكان جۆراو جۆرن ئەویش بەپێی توانای ماددی خەڵكەكە دەگۆڕێت هەندێكیان پانتایی گەورە داوا دەكەن، هەندێكی تریشیان تەنیا هێمایەكی دیاریكراو یان وشەیەك بەكاردێنن.
نرخی تاتۆكانیش لە نێوان 10 هەزار بۆ 600 دۆلارە، كە هەندێكجار جۆری رەنگەكانیش نرخەكان دیاری دەكات، زۆری ئەو ئامێرانەی بەكاریدەهێنین بۆ تاتۆكردن ئامێری ئەڵمانین.

تەمەنی تاتۆكەران هەمە چەشنە
ئەو تاتۆكەرە باسی لەوەشكرد: هەر دوو رەگەزەكە سەردانی دەكەن، بەڵام تەمەن گەورەكان باوەڕیان بەم جۆرە تاتۆیانە نییە، چونكە ئەوان لە جاراندا خاڵ كوتانیان بەكارهێناوە.
وتیشی: لەهەر دوو رەگەزەكەدا مامەڵەكردن لەگەڵ پێست زۆر تایبەتە، چونكە پێستی ژن ناسكەو پێویستی بەكاتی زیاتر هەیە، لەبەر ئەوە دەبێت بە هەستیاری و ورد بینییەوە كاری تێدا بكەیت، كچەكان زیاتر ئەو جۆرە تاتۆیانە بەكاردێنن كە لەسروشتدا جوانكاری خۆی هەیە وەكو گوڵ و باڵندە و درەخت، بەڵام كوڕەكان زیاتر تاتۆی توند داوا دەكەن.

سڕینەوەی تاتۆش كێشەیەكی ترە
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد زۆرێك لەو كەسانەی پێشووتر تاتۆیان كردووە دوای ماوەیەك پەشیمان دەبنەوە، بەڵام من لەسڕینەوەی تاتۆدا كار ناكەم، هەندێ كەس هەن لا بەلا و لەشوێنی تایبەت كاری سڕینەوە دەكەن ئەویش بە تێزاب، یان بەلەیزەر، ئەویش چەند قۆناغێكی دەوێت و پارەیەكی زۆری تێدەچێت، بەڵام من هەندێجار دەتوانم گۆڕانكاری لەشێوەی تاتۆكەدا بكەم بۆ ئەوەی بیرو بۆچونی تازەی پێبدەم.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان