یادگار ساڵح
زۆرێك لەئەستێرەكانی تۆپی پێ لەگەڵ یانەكانیان بەرزترین ئاستیان پێشكەش كردووەو بوونەتە كلیكی بردنەوە و بەدەستهێنانی نازناو و سەركەوتنی یانەكانیان، بەڵام لە مۆندیالەكاندا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكانیان بەخت یاوەریان نەبووەو لەگەڵ ئەوەی تیپێكی بەهێزیشیان هەبووە، بەڵام لە بەرزكردنەوەی جامی مۆندیال بێبەش بوون.
یۆهان كرۆیف
دیارترین ئەستێرە یۆهان كرۆیف-ی ئەستێرەی هۆڵەندایە، ئەو ئەستێرەیە لەگەڵ هەردوو یانەی ئەیاكس ئەمستردام و بارسیلۆنای ئیسپانی بەرزترین ئاستی پێشكەش كردووە، لەساڵانی 1971 و 1973 و 1974 خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی پێدرا، بەڵام لە بەرزكردنەوەی جامی مۆندیال بێ بەش بووە.
كرۆیف لە مۆندیالی 1974 بەشدار بووەو توانیان بگەنە یاریی كۆتایی، بەڵام لەو یارییە بەرامبەر ئەڵمانیای رۆژئاوا بەئەنجامی 1-2 دووچاری شكستبوون و نازناوەكەیان لەدەستدا، هۆڵەندییەكان گەیشتنە دوا یاریی مۆندیالی 1978 یش بەڵام كرۆیف بەناچاری نەیتوانی لەگەڵ هۆڵەندا گەشتی ئەرجەنتین بكات و بێ بەشبوو.
مایكل ئۆین و بێكهام
ئینگلتەرا لە 16 مۆندیالدا بەشداریی كردووە، تەنیا یەك جار بۆتە پاڵەوان، ئەویش مۆندیالی – ئینگلتەرا بووە، بەهەمان شێوە یاریزانە دیارەكانیشی بێ چانس بوون، بەتایبەت مایكل ئۆین و دیڤید بێكهام.
ئەم دوو ئەستێریە لە سێ مۆندیالی یەك لەسەریەك (1998، 2002، 2006) بەشدار بوون، بەڵام بەدەست بەتاڵی ماڵئاوایان لەمۆندیال كردووە.
رائول گۆنزالێز
یەكێك لەیاریزانە ئاست بەرز و دیارەكانی ئیسپانیا رائول گۆنزالێز-ە، ئەم یاریزانە ساڵی 1996 بۆ ریزی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بانگهێشتكراوە و تا ساڵی 2006 لەگەڵ ئەو هەڵبژاردەیە بەردەوام بووە، لەو ماوەیەشدا لە سێ مۆندیالی یەك لەسەریەك(1998 و 2002 2006) بەشدار بووە، بەڵام چانس یاوەری نەبووەو نەیتوانیوە وەك ئەستێرەیەكی دیاری ئیسپانیا جامی مۆندیال بەرز بكاتەوە.
رۆبێرتۆ باجیۆ
رۆبێرتۆ باجیۆی ئەستێرەی درەوشاوەی ئاسمانی تۆپی پێی ئیتاڵیا و جیهان، لەنێوان ساڵانی 1998 تا 2004 لە ریزی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا یاری كردووە، باجیۆ لەمۆندیالی 1990 بۆ جاری یەكەم بەشداری لەمۆندیال كرد و لەقۆناغی پێش كۆتایی بەلێدانی یەكلاكەرەوە بەرامبەر ئەرجەنتین دۆڕان، باشترین ئاست و بەشداریكردنی ئەو یاریزانە لەمۆندیالی 0-2 دا بوو كاتێك گەیشتنە یاری كۆتایی، بەڵام كاتێك رووبەڕووی بەرازیل بوونەوە، بە پەنالتی یەكلاكەرەوە كرانە دەرەوە .
سێیەم بەشداریكردنی ئەو یاریزانە لە مۆندیالدا، ساڵی 1998 بوو، جیاواز لەدوو مۆندیالی رابردوو ئیتاڵیا لەقۆناغی 16 ماڵئاوایكرد و بووە سێیەم مۆندیالی یەک لەسەر یەك بە پەنالتی یەكلاكەرەوە دووچای شكست بوون و لەو مۆندیالەش كرانە دەرەوە.
لویس فیگۆ
لویس فیگۆش یاریی بۆ هەر یارنەیەك كردبێت سەروەری زۆری لەگەڵ تۆمار كردووە، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال هیچ ئەنجامێكی دیاری نەبووە.
لەمۆندیالی 2002 پورتوگال لەقۆناغی گروپەكان ماڵئاوایكردووە، بەهەمان شێوە لەمۆندیالی 2006 لەقۆناغی گروپەكان سەرجەم یارییەكانی بەبردنەوە كۆتایی پێهێنا، تاگەیشتە قۆناغی پێش كۆتایی، لەم قۆناغەدا كرایە دەرەوە.
پاتیستۆتا
گابرێل عومەر پاتیستۆتا لەنێوان ساڵانی 1991 تا 2001 لەریزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین یاری كردووە، لەدوا یارییەكانی هەر سێ مۆندیالی 1994 و 1998 و 2002 بەشداربووە، لەمۆندیالی 1994 ئەرجەنتین لەقۆناغی چارەكی كۆتاییدا ماڵئاوایی لەمۆندیال كرد، بەهەمان شێوە لەمۆندیالی 1998 نەیانتوانی سەركەوتوو بن و لەقۆناغی 16هەڵبژاردە كرانە دەرەوە.
پاتیستۆتا دوا مۆندیال كە بەشداریی تێدا كردووە، ساڵی 2002 بوو، لەو مۆندیالەشدا ئەرجەنتین نەیتوانی قۆناغی گروپەكان ببڕێت و ماڵئاوای لەمۆندیال كرد.
ئۆلیڤەركان
یەكێك لە یاریزانە دیارەكانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا كە خاوەن ئاستێكی بەرزو ناو و ناوبانگێكی باش بووە، ئۆلیڤەركان-ە، لەچوار مۆندیالدا بەشدار بووە.
لەمۆندیالی 1994 مانشافت لەقۆناغی چارەكی كۆتایی ماڵئاوایی لەمۆندیال كرد، لەمۆندیالی 1998 ئەلمانیا دووچاری شكستێكی قورس بووەو لەقۆناغی 16 بەرامبەر كرواتیا دۆراو ماڵئاویی كرد، مانشافت و كان لەمۆندیالی 2002 ئەلمانیا ئاستێكی بەرزی پێشكەش كردو گەیشتە یاری كۆتایی، كاتێك رووبەڕووی بەرازیل بووەوە، بەئەنجامی 0-2 گۆڵ بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە دۆرا.
ئەم گۆڵچییە ناودارە لەمۆندیالی 2006 -یشدا بەشدار بوو، كە ئەڵمانیا میوانداری ئەو مۆندیالەی كردبوو، بەڵام لەقۆناغی پێش كۆتایی 0-2 بە ئیتاڵیا دۆراو ئۆلیڤەركانیش لەگەڵ مانشافت پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
پاوڵۆ ماڵدینی
ماڵدینی لە دوا یارییەكانی چوار مۆندیالدا لەگەڵ ئیتاڵییەكان بەشدار بووە، لەمۆندیالی 1990 ئیتاڵیای رێكخەری مۆندیال لەقۆناغی پێش كۆتایی بەلێدانی یەكلاكەرەوە لەسەر دەستی ئەرجەنتین كراوەتە دەرەوە، لەمۆندیالی 1994 گەیشتونەتە یاریی كۆتایی، لەو یارییەشدا بەهەمان شێوە بەلێدانی یەكلاكەرەوە بەرامبەر بەرازیل دووچاری شكست هاتوون.
لەمۆندیالی 1998 ئیتاڵیا بۆ مۆندیالی سێیەم لەسەریەك ماڵئاوایكرد، دوا مۆندیالیش كە ماڵدینی تێیدا بەشدار بوو، مۆندیالی 2002 بوو، لەو مۆندیالە قۆناغی 16 و بەرامبەر هەڵبژاردەی كۆریای باشوور دۆرا.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ و میسی
دوو دیارترین یاریزان كە لەم مۆندیالەشدا بەشدارن و لە چەند مۆندیالی پێشووشدا بەشدارییان كردووە ، میسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆیە، ئەم دوو یاریزانە تائێستا بەخت یاوەریان نەبووە و جامی مۆندیالیان بەرز نەكردتەوە، ئیتر نازانرێت ئەم مۆندیالە كە دوا مۆندیالیانە بەشداریی تیادا دەكەن كامیان دەبێتە براوەی جامی مۆندیال، یان ئەمجارەش بەخت یاوەری هیچیان نابێت و ئەمانیش دەکرێنە دەرەوە.