سەرۆك كۆمار: یەكلاكردنەوەی دۆسێی ئاوارەكان

09:35 - 2022-11-30
عیراق
624 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا پێشوازیكرد لە مارك برایسۆن ریچاردسۆن باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و جەختیكردەوە لە «پێویستیی یەكلاكردنەوەی دۆسێی ئاوارەكان و زامنكردنی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان».
سەرۆك كۆمار گرنگیی هاریكاری دووپاتكردەوە لە بەگژداچوونەوەی توندڕەوی و تیرۆر لەسەر ئاستی ئەمنی و فكری، لەوبارەیەشەوە رۆڵی بەریتانیای بەرزنرخاند.
داواشیكرد هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی كۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسێی ئاوارەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان، «بۆ ئەوەش چەندین كۆبوونەوەم لەگەڵ سەركردە سیاسی و ئەمنییەكان كردووە، نیگەرانییان دەربڕیوە لە كێشەكانی بەردەم دۆسێی ئاوارەكان، كە ئێستا زیاتر لە 600 هەزار كەس ئاوارەن و پێویستە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان.
لای خۆیەوە، باڵیۆزی بەریتانیا، دووپاتیكردەوە كە وڵاتەكەی لە هەموو ئاستەكاندا پاڵپشتی هەر هەنگاوێك دەكات كە چارەسەری ریشەیی بێت بۆ دۆسێی ئاوارەكان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.
لە دیدارێكی دیكەدا، سەرۆك كۆمار و خالید بەتل نەجم وەزیری پیشەسازی و كانزاكان، تاوتوێی گرنگیی كەرتی پیشەسازییان كرد لە پەرەپێدانی ئابووریی وڵاتدا. جەختیشكرایەوە لەسەر پێویستیی بوژاندنەوە و پەرەپێدان و باشتركردنی.
سەرۆك كۆمار، تەئكیدیكردەوە لەسەر دەركردنی قانوونەكانی پەیوەست بە كۆنترۆڵكردنی دەروازە نایاساییەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئاماژەشیكرد بە پێویستیی پشتگیریكردنی پیشەسازیی ناوخۆ و پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەكان.

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان