سەرەڕای زیانەکانی، منداڵبوون بە نەشتەرگەری لە زیادبووندایە

09:50 - 2022-11-30
ڕاپۆرت
1180 جار خوێندراوەتەوە
منداڵبوون بە نەشتەرگەری

ئەسرین محەمەد

لارا عومەر تەمەنی 35 ساڵە، دوای دوو کوڕ بووەتە خاوەنی کچێك و هەرسێ منداڵەکەی بە خواستی خۆی و لە نەخۆشخانەی ئەهلی بە نەشتەرگەری لەدایکبوون.
لارا دەڵێت، هەرچەندە جێگەی نەشتەرگەرییەکان لەسەر سکی دیارە و بەهۆیەوە ورگیشی پەیدا کردووە، بەڵام  لەبەر ترس لە ئازاری لەدایکبوون نەیهێشتووە هیچکام لە منداڵەکانی بە سروشتی لەدایک ببن.
ئەمە نموونەیەکە لەو سەدان ژنەی سەرەڕای بوونی مەترسی لەسەر دایک و منداڵەکە لەکاتی نەشتەرگەری منداڵبوون، بەشێک لە دایکان سوورن لەسەر منداڵبوون بە نەشتەرگەری.
نەشتەرگەری منداڵبوون بە ویستی دایکەکە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەکرێت لە نەخۆشخانە حکومییەکان رێگە بە دایکەکە نادرێت خۆی هەڵبژاردن بکات، بەڵکو بەپێی پێویستی و بەبڕیاری لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆی دەکرێت بۆیە دایکان زیاتر روو لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکەن تا سەرپشک بن لە بڕیاردان.

نەشتەرگەری منداڵبوون بووە بە چاولێکەری
ئیسرا ئیسماعیل پزیشکی پسپۆڕی ژنان و مناڵبوون دەڵێت، هەرچەندە پزیشکەکان دایکان ئاشنا دەکەن بە زیانەکانی نەشتەرگەری منداڵبوون، بەڵام وەک چاولێکەری لێهاتووە و هەندێک لە دایکان هەر سوورن لەسەر ئەوەی بە نەشتەرگەری منداڵیان ببێت.
وتیشی، بەشێک لە بیانوی ژنەکان ترسە و بەشێکی تریشیان دەیانەوێت جەستەیان تێکنەچێت لەڕێی منداڵبوونی سروشتییەوە بۆیە داوا دەکەن بە نەشتەرگەری منداڵیان ببێت، ئەم بیرکردنەوەیە هەڵەیە، چونکە ژنان ئاگاداری ئەوە نین لەوکاتەی منداڵ بە نەشتەرگەری دەبێت رێگرە لە دابەزاندنی کێش.
بەگشتی زانستی پزیشكی جەخت لەوە دەكاتەوە منداڵبوون بەڕێگەی نەشتەرگەری زیانەكانی زۆرترە لە سوودەكانی، چونكە دەبێتە هۆكاری ئەوەی چیتر ژنان نەتوانن بەڕێگەی سروشتی منداڵیان ببێت، لەكاتێكدا ئافرەتان بەگشتی دەتوانن بە سروشتی منداڵیان ببێت، بێجگە لە هەندێك حاڵەتی تایبەت نەبێت، تێیدا پزیشكان بڕیاردەدەن بۆ سەلامەتی كۆرپەلە و دایك بەشێوازی نەشتەرگەری منداڵەكە لەدایك ببێت. 

لەدایکبوونی سروشتی زیانی کەمترە
ئەسما عەبدوڵا ژنێكی تەمەن 18 ساڵە ماوەی چوار مانگە لە یەكێك لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان بەڕێگای نەشتەرگەری منداڵی بووە و دەڵێت، دوای منداڵ بوون سێ جار چووەتەوە لای دکتۆر لەبەر ئازاری سكی و شوێنی نەشتەرگەریەكەی و خۆزگە دەخوازێت بڕیاری نەشتەرگەری نەدایە و بە سروشتی منداڵەکەی لەدایک ببوایە.
منداڵبوون بە نەشتەرگەری برینی گەورە لەسەر سك دروست دەكات و ئاسەواری بۆ هەمیشە 
دەمێنێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی منداڵبوونی سروشتی ئازاربەخشترە بۆ دایكان، بەڵام بەگشتی دایكەكە كەمتر لە نەخۆشخانە دەمێنێتـەوە و ماوەی چاكبوونەوەی تەواویشی كورتترە بە بەراورد بە نەشتەرگەری هەروەها بەدوور دەبێت لە زیانە لاوەكییەكانی نەشتەرگەری.
ناسک رەحیم ژنێکی تەمەن 45 ساڵە خاوەنی شەش منداڵە و دەڵێت، هەر شەش منداڵەکەم لە نەخۆشخانە بە سروشتی لەدایک بوون و خۆم و منداڵەکانیشم هیچ گرفتێکمان نەبووە، راستە کاتی لەدایکبوون ئازاری زۆرە، بەڵام ئەوەی گرنگە دوای لەدایکبوون لەو کێشانە بەدوور دەبیت کە نەشتەرگەری دروستی دەکات.

رێژەی نەشتەرگەری منداڵبوون نزیکەی %60
لەپێناو هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی منداڵبوون بە نەشتەرگەری ساڵی 2019 لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێركاری لە سلێمانی ژووری منداڵبوونی بێ ئازار کرایەوە، خزمەتگوزارییە نوێیەکە بریتیە لەغازی ئەنتۆنۆكس تێكەڵەیەكە لە غازی ئەنترۆئۆكساید لەگەڵ ئۆكسجین و لەوڵاتاندا زۆر بەكاردێت و بەكارهێنانی غازەکە کاریگەریی دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی ئازار بۆ لەدایك بوونی منداڵ بەشێوەی سروشتی و ئەم جۆرە غازە تاقیكراوەتەوە هیچ جۆرە زیانێكی نابێت لەسەر دایكەكە و مناڵەكەی.
بەپێی ئاماری تەندروستی رێژەی نەشتەرگەری منداڵبوون لە کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی %60 لە کاتێکدا رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت: پێویستە رێژەکە لە نێوان %10  بۆ %15  بێت.
بەپێی سەرچاوە تەندروستییەکان دیارترین زیانەکانی منداڵبوون بە نەشتەرگەری بۆ دایک و کۆرپە ئەمانەن، هەوکردنی شوێنی نەشتەرگەری و منداڵدان، خوێنبەربوون ، قەبزی، دڕاندنی منداڵادان، لکانی وێڵاش بە ناوچەی تەقەڵەکانەوە، سەرئێشە، بەهۆش نەهاتنەوە، گیانلەدەستدان و درەنگ چاکبوونەوە ئەمە جگە لەوەی منداڵبوون بە نەشتەرگەری زیانی بۆ کۆرپەش هەیە، ئەو منداڵانەی بە نەشتەرگەری لەدایک دەبن ئەگەری کێشەی کۆئەندامی هەناسەیان هەیە، لەگەڵ مەترسی شکانی دەست و قاچ یان هەر ئێسکێکی تر لەکاتی دەرهێناندا، کەمخوێنی، تووشبوون بە شەکرە و ئەگەری مردنی منداڵەکە زیاترە بەراورد بە منداڵبوونی سروشتی. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان